دواین هەواڵ

ڕۆڵ و دەسەڵاتی شاراوەی دەزگای (CIA)ی لە گۆڕینی ڕژێم، داڕشتنەوەی سیستەم و سیاسەتی ڤەنزوێلا.

‌بەھرۆز عزەت

پێش 3 هەفتە

لە گێڕانەوە فەرمیەکان دا زۆرجار گۆڕانی ڕژێم وەک دەرئەنجامی شۆڕشە جەماوەریەکان، جەنگەکان، کودەتاکان یا داڕمانی ئابووری دەخرێتەڕوو؛ بەڵام لە پشت دەرگا  شاراوەکانی سیاسەتدا، ئەکتەرگەلێک هەن کە بە بێدەنگی کاردەکەن، ڕەوتی وڵاتان و  چارەنووسی گەلان دەگۆڕن  بە چەند بڕیارێک کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەدرێت.دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA) یەکێک لە کاریگەرترین  ئەو ئەکتەرانەیە.

وا حساب کرابوو بە پێی ستاندارەکان ڤەنزوێلا خاوەنی سیستەمیکی سەربازیی بەهێزە لە ناوچەکەدا.سامانی نەوتی خۆی بەکارهێنابوو بۆ کڕینی چەک و فڕۆکەی ڕووسی، چینی، سیستەمی مووشەکی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسی .هەروەها چین پشتگیری ڤەنزوێلای کردووە بە تەکنەلۆژیای ڕادار، مانگی دەستکرد. جیا لەوەی کە مادورۆ پشتیوانی هەواڵگری، سەربازی و تەکنەلۆژی چین، ڕووسیا، ئێران و کوبای هەبووە.هەروەها بە ووتەی وزیری بەرگری کە لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە مادورۆ فەرمانی داوە هێزیکی سەربازیی نزیکەی ٢٠٠ هەزار" سەربازی ئامادەکردوە بۆ هەر هێرشیک جیا لە هێزە خۆبەخشەکان.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دوای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولەوە دەستی بە ئامادەکاری سەربازی کرد لە کاریبیدا، مادورۆ ئاسایشی کەسیی خۆی زۆر توند کرد.زیاتر پشتی بە دژە هەواڵگری و هێزە کوباییەکان بەستبوو، کە تەنانەت ڕێگەیان پێنەدەدرا مۆبایل بەکاربهێنن. زۆربەی پاسەوانەکانی مادورۆ کوبایی بوون.دەوترێت مادورۆ بە بەردەوامی شوێنی مانەوە و خەوتنەکەی دەگۆڕی.چەند شوێنیکی بەکاردەهێنا.دواین جار شوێنی مادۆرۆ لە فۆرتێ تیونا جێگیرکرا، کە بنکەیەکی سەربازی سەرەکییە لە کاراکاس.هەروەها چەند مانگێک پێشتر مادورۆ شانازی بەوە دەکرد کە چین مۆبایلێکی پێداوە کە ئەمریکییەکان ناتوانن هاکی بکەن. بێ ئاگا لەوەی کە CIA لەهەموو کەس نزیکتر بووە لە مادورۆ.

لەگەل هەموو ئەمانەدا ئۆپەراسیۆنەکە لە ٣ی ئەم مانگ  ئەنجام درا، بەڵام چەند مانگێک بوو زۆر بە وردی پلانی بۆ داڕێژرابوو و پرۆڤەی بۆ دەکرا. وەک سەرۆک ئەرکانی ئەمریکا باسی دەکات، بۆ ئەوەی "تێبگەین کە مادورۆ چۆن دەجووڵێت، لە کوێ دەژی، بۆ کوێ گەشت دەکات، چی دەخوات، چی لەبەر دەکات، ئاژەڵە ماڵیەکانی چین".چاودیری هەموو ئەمانەمان دەکرد.هەروەها دەوترێت کە کۆپییەکی بنکەی فۆرتێ تیونا کۆمەڵگەی مادۆرۆ لە ئەمریکا دروستکرابوو ڕاهێنانیان لەسەر دەکرد.کەواتە ئۆپەراسیۆنەکە خۆی ئەرکێکی گەورە بوو، زیاتر لە ١٥٠ فڕۆکە و چەندین کەشتی جەنگی کە لە دەریاوە جێگیر بوون و ژمارەیەکی نادیار هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، لەوانە هێزی تایبەتی دێڵتا کە ئەرکی ڕفاندنی مادورۆیان پێسپێردرابوو. لەگەل فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو، فڕۆکەی جەنگی، هەواڵگری، کە لە ٢٠ بنکەی جیاوازی وشکانی و دەریاییەوە هەڵدرابوون. بەڵام هەمووی لەژێر چاودیری و بەسەرپەرشتی هەواڵگریی بوو.

دوای چەند مانگێک لە پلاندانان، ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێ کرد بە دوو کاتژمێر و نیو بەسەرکەوتووی کۆتایی هات. ئەو ئۆپەراسیۆنە چەند مانگێک پێشتر پلانی بۆ دانرابوو و زانیاری وردی هەواڵگریی کۆکرابووە، هەتا پێدەچێت سیا(CIA) تیمێکی نهێنی ناردبێتە ناو ڤەنزوێلا، بەهاوبەشی لەگەڵ هەواڵگری تەکنیکی وەک نەخشەسازی و وێنەی مانگی دەستکرد. بگرە لەوەش زیاتر سەرچاوەیەکی گرنگی لەناو حکومەتی ڤەنزوێلا هەبووە.کە زۆر لە مادورۆە نزیک بووە.چونکە زانیارییەکان زۆر دەقیق و وورد بوون.قەبارە، خێرایی و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە بێ وێنە بوو. هیچ وڵاتێکی دیکەی جیهان، جگە لە ئەگەری ئیسرائیل، نەیدەتوانی ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات. دەیڤید فیتزجێراڵد، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی CIA بۆ ئەمریکای لاتین دەڵێت "ئەوە تاکتیکی سەربازی نەبوو کە ئۆپەراسیۆنەکەی بردە پێشەوە، بەڵکو هەواڵگریی"بوو.

جیا لە هێرشکردن و بۆردومان کردنی چەندین ناوەند و بنکەی سەربازیی ڤەنزوێلا و ناوەندەکانی پەیوەندییەکردن، ئەگەرچی هێشتا چەندین  نهێنی شاراوەی هەواڵگریی تر هەن کە لەوەیە ساڵانی داهاتووە ئاشکرا بن یان لەوەیە هەر بە نهێنی بمێننەوە . وەک ئەوەی کە ئەمریکا چۆن کارەبای کاراکاسی کوژاندەوە بۆ ئەوەی هێزە تایبەتەکان بتوانن ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدەن. لەم بارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، "گڵۆپەکانی کاراکاس کوژانەوە بەهۆی شارەزاییەکی دیاریکراوەوە کە هەمانە” .کەواتە هاکەرە سەربازییەکانی ئەمریکا پێشوەختە چوونە ناو تۆڕەکانی ڤەنزوێلا بۆ ئەوەی تۆڕەکە لە ساتێکی گونجاودا دابخەن بەڵام هەموو وردەکارییەکان سنووردارن.ئەگەرچی  ئەگەری ئەوەش هەیە کە هۆکارەکە هێرشە سەربازییەکان بووبن کە بۆنتە هۆکاری کوژانەوەی کارەبا، نەک هێرشێکی نهێنی یان ئەلیکترۆنی.هەروەها شکەستی بەرگری ئاسمانی بووەتە هۆی ئەوەی کە باس لەوە بکرێت کە چ جۆرە تەکنەلۆژیایەک یا هێرشیکی ئەلیکترۆنی لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام درابێت بۆ وەستاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڤەنزۆیڵا بۆ یارمەتیدانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە. 

هەروەها لێردا دەیان نیشانەی پرسیار دورست دەبن لەسەر شکەستی هەواڵگری ڤەنزوێلا، چونکە پشتیوانی هەواڵگری، سەربازی و تەکنەلۆژی چین، ڕووسیا، ئێران و کوبای هەبووە، تەنانەت کوبا دانی بەوەدانا کە سی و دوو ئەندامی هێزە چەکدارەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراون، جیا لەوەش لە دانپێدانانێکی دەگمەندا، دوو پسپۆڕی کاروباری سەربازی چینی تیشکیان خستووتەسەر چەند لێهاتوویی ئەمریکا، لەوانە تێپەربوون و خۆدزینەوە لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڤەنزوێلا کە لەلایەن ڕووسیا دابینکراوە،

-ڕۆڵی سیستەمی هەواڵگریی ئەمریکا بەتایبەتی دەزگای (CIA) لە سەقامگیرکردن،  داڕشتنەوەی سیستەم و سیاسەتی دوای مادورۆ.

وەک کلاوزڤیتز باسی دەکات” ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ خۆی ئامانج نییە ئامرازێکە بۆ ئامانجێکی سیاسی”.ئەمە کۆتایی قەیرانی ڤەنزوێلا نییە بەڵکو ناوەڕاستە. ئاشکرایە سەرۆک ترامپ پێش هەموو شتێک بەدوای نەوتەوەیە. بەڵام سەقامگیری مەرجی پێشوەختەیە. ئەو پرۆسەیەش دەکرێت ساڵانێک بخایەنێت.بۆیە پێدەچیت ئامادەکاری زۆر بکرێت لەلایەن ئیدارەی ترەمپ بۆ گۆڕینی ڤەنزوێلایک کە زیاتر ئامادەبێت بۆ کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا وە هەر گۆڕانکاریکی ئەگەری لە ڤەنزوێلا. بیگومان ئەمە ئاسان نابێت. بۆیە هەر لە دوای ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا “ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبات". 

چۆنکە ئاشکرایە هەمووان لە ئێستادا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە ئەو بۆشاییە بقۆزنەوە کە لەدوای مادورۆە دروست بووە. زۆرێک لە چاودێران لە ئێستاوە پێشبینی ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزی لە ڤەنزوێلا دەکەن ئەمە لەلایەک ،لەلایەکی تر ئەگەرچی چاوەڕوانی بەرفراوان پێش هەڵمەتەکە ئەوە بوو کە لە دوای مادورۆ . ئەوا ئەولەویەت بۆ  ئۆپۆزسیۆن دەبێت . کە پشتیوانی ئەمریکای هەبوو. بەڵام سەرۆک ترامپ وتی پەیوەندی نەبووە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا هیچ ئاماژەیکی ئەوتۆی پێ نەدان، هەربۆیەش ئیدارەی ترەمپ پێشنیاری ئەوەی کرد کە لەڕێگەی بەرپرسانی پێشوو کاربکرێت نەک لەڕێگەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلاوە. بۆیە دوای مادورۆ دێلسی ڕۆدریگێز کە جیگریی مادورۆ بوو وەک سەرۆکی کاتی شوێنی مادورۆی گرتەوە. تاوەکو دەگوازرێتەوە بۆ حکومەتێکی نوێ. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنێکی خێرا بکرێت، پێدەچێت ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت.

بۆیە لەدوای مادورۆ سیستەمی هەواڵگریی ئەمریکا بەتایبەتی دەزگای CIA ی ئەکتەرەیکی سەرەکی دەبێت لە ڤەنزوێلا. لەسەرەتادا ڕژێم  و حکومەتی پێشوو پێویستی بە پاککردنەوە دەبێت بەتایبەت ژێرخانی حکومەت و دەزگا هەواڵگریی و ئەمنی، سەربازییەکان  کە دەوڵەتە بیانییەکان لە ڤەنزوێلادا جێگیریان کردووە. یا هاوشێوەی داماڵینی عێراق لە دوای ڕژێمی بەعس .کەواتە وەک ڕێکارێکی سەرەتایی، سیستەمی هەواڵگریی ئەمریکا فشار دەخاتە سەر حکومەتی کاتی ڤەنزوێلا بۆ دەرکردنی هەموو ئەو سەرچاوە و ئەفسەرە هەواڵگریانەی کە گومانیان لێدەکرێت لە چین، ڕووسیا، کوبا و ئێران نزیک بن .

یاخۆد سیستەمی هەواڵگریی ئەمریکا بەرپەرچی هەر  هەوڵیکی ئەگەری کێبڕکێکارەکانی ئەمریکا دەداتەوە کە بۆ درێژکردنەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر حکومەتی نوێی ڤەنزوێلا. بەگشتی تێکدانی هەر هەول، پەیوەندیی و هەژمونی ئەکتەرە بیانییە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی نەیاری ئەمریکا لە ڤەنزوێلا. چۆنکە ڤەنزوێلا گرنگییەکی جیۆپۆلەتیکی بەرزی هەیە، کە بریتین لە تێکەڵەیەک لە هۆکارە جوگرافی، ئابووری،سیاسی و وزە. دەکەوێتە ناوچەی کاریبی و لە نێوان سێ وڵاتی بەرازیل، کۆڵۆمبیا و گویانا. ڤەنزوێلا بە نزیکی خاوەنی ٣٠٠ ملیار بەرمیل نەوتە کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە کە نزیکەی دوو ئەوەندەی یەدەگی ئێرانە. 

ئەکتەرەیکی گرنگی ئاسایشی وزەی جیهانە، تەنانەت کاریگەری لەسەر نرخی نەوتی جیهانی هەیە. هەروەها کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێز لە ئەمریکای لاتین هەیە. هەرچەندە ڤەنزوێلا تا ناوەڕاستی نەوەدەکان حکومەتێکی لایەنگری ئەمریکای هەبوو، بەڵام بەتایبەت لە سەردەمی هوگۆ چاڤێزدا بوو بە هێمای بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا، چین، کوبا و ئێران دا هەیە، ڤەنزوێلا بووەتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا، چین و ڕووسیا.ئەمەش وایکردووە لە ڕووی سیاسیی و جیۆپۆلەتیکییەوە زۆر هەستیار بێت بۆ واشنتۆن. کەواتە ڤەنزوێلایەکی ئاوا کە هاوپەیمانی ئەمریکا بێت لە سەردەمی هاوچەرخی ململانێ و کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکدا دەبێتە سەرمایەیەکی گەورە و هاوپەیمانێکی گەورە بۆ ئەمریکا. بۆیە دەوترێت ڤەنزوێلا  ئەوەندە گرنگە کە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دژی ڤەنزوێلا لە یەک کاتدا چەندین ئامانجی ستراتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە ئاستی ناوچەیی، جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP