زمانی کوردی، گیان و ڕۆحی نەتەوەیەک و کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی کوردە لە مێژوود، کە یەکێکە لە کۆنترین و دەوڵەمەندترین زمانەکانی جیھان و ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی لەناو مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە.
زمانی کوردی بە هەموو دیالێکت و شێوەزارەکانیەوە، گوزارشت لە شارستانیەتێک دەکات کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر مێژووی ناوچەکە و جیھان هەبووە و وەک ناسنامەیەکی زیندوو لە دڵ و دەروونی هەموو کوردێکدا ماوەتەوە.
بە درێژایی مێژوو، نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە «زمانی کوردی» تێکبشکێنن و قەدەغەی بکەن.
ئەوان باش دەزانن کە زمان، سنوورە ڕاستەقینەکەی هەر نەتەوەیەکە؛ ئەگەر زمانێک نەما، ئەو نەتەوەیەش بەرەو توانەوە دەچێت.
لە هەر چوار پارچەی کوردستان، زمانی کوردی ڕووبەڕووی هەوڵی سڕینەوە بووەتەوە، بەڵام ئەم زمانە بەهۆی دڵسۆزیی خەڵکی کوردستان و قوربانییانی ڕێگەی ئازادت کوردستان، وەک قەڵایەکی بەهێز لە بەرانبەر هەوڵەکانی "تورکاندن"، "عەرەباندن" و "فارساندن" وەستاوەتەوە.
لەڕاستیدا پاراستنی زمانی کوردی تەنها ئەرکێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو خەباتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ پاراستنی بوون و شکۆی کورد و بەردەوامیدان بە پرسی کورد تا گەیشتن بە هەموو ئامانجە نەتەوەییەکان.
ئێستا ئەرکی هەر تاکێکی کوردە، لە هەر
شوێنێکی ئەم جیھانە بێت، بە گرنگییەوە لە زمانی دایکی بڕوانێت.
گرنگە و پێویستە زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن، زانکۆ و پەیمانگاکان بکرێتە زمانی زانست و لێکۆڵینەوە. هەروەها، زۆر گرنگە کە نەوەی تازە و منداڵان بە زمانێکی پاراو و ڕەسەن پەروەردە بکرێن، چونکە منداڵان پارێزەری داهاتووی ئەم زمانەن.
لە جیهانی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە خێراکاندا، پێویستە هەوڵ بدرێت زمانی کوردی لە بواری دیجیتاڵی و نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و لێکۆڵینەوەی زانستی و بەرهەمی ئەدەبیی زیاتری پێ بڵاو بکرێتەوە.
زانای گەورەی ڕۆژنامەگەری کوردی، میر جەلادەت بەدرخان، دەربارەی گرنگیی زمان دەڵێت:
"زمان ناسنامەی نەتەوەیە، نەتەوەیەک زمانی خۆی ون بکات، خۆی ون دەکات. گەلی بێزمان وەک داری بێبەرهەم وایە، یان وەک خانوویەکی بێبناغە کە زوو دەڕووخێت."
لە کۆتاییدا، زمانی کوردی ناسنامەی ڕەسەن و پارێزەری مێژوو و فەرهەنگی کوردستانە. تا زمانی کوردی بەهێز و زیندوو بێت، مێژوومان دەپارێزرێت و هەنگاوەکانمان بەرەو سەربەخۆیی و یەکگرتوویی بڕیارتر دەبن.
(با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم زمانە ببێتە زمانێکی جیهانی و هەمیشە بە گەشی بمێنێتەوە).