(بە بۆنەی دووی رەشەمە رۆژی زمانی کوردی)
هەموو زاراوە کوردییەکان میرات و کەلەپووری فەرهەنگی و مەعنەویی کوردن کە لە سەردەمی ئێمەدا بۆ مانەوە و زیندووراگرتنی، پێویستە بە شێوەی سەردەمیانە و دیموکراتیک لە گەلییدا مامەڵە بکرێت. ئێمەی کورد وەک گەلێکی گەورە و زیندوو سەرەڕای ئەوەیکە خاوەن هیچ مافێکی نەتەوەیی و فەرهەنگی نین بەڵام پێویستە لە ئاست زمانی کوردی و خەبات بۆ مانەوەی، سیاسەتێکی تۆکمە و مۆدێرن دابرێژین و بگرینەبەر. خوێندنەوەی نوێ بۆ دارشتنی پلان و سیاسەتی زمانی پێوەندی راستەوخۆی بە چوارچێوەی سیاسەتی گشتییەوە هەیە. لە وڵاتانی دیموکراتیک و فرە چەشن و فرە کلتووردا هەموو میرات و پاشماوە مێژوویی و دێرینەکان بە بایەخەوە مامەڵەی لە گەلدا دەکرێت و بۆ هەر هەموویان لە بەستێن و چوارچێوەگەلی زانستیدا وەکوو مۆزەخانەگەلی تایبەت، نۆژەنکردنەوەی ئاسەوارەکان، گەشەپێدانی زمان و کلتوورە کەمینەکان و،،،هەوڵی پاراستنیان دەدرێت. لە ئەمریکادا سیاسەتی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی زمان و کلتووری کۆلۆنی و هۆزە ناشارژیارییەکان ــ کە رێژەیان ناچێتە هەزار کەس ــ بەدی ئەکرێت و هەتا زمانەکەیان بڕ بکات خوێندن و خوێندەواری بەشێکە لە پرۆسەی ژیانی رۆشنبیری. لە کوردستان چەندین زاراوەی گەورە و بچووک هەیە کە بە تێکرای هەموویان جەستە و پەیکەرەی زمانی کوردی پێک دێنن. زاراوەکان، زمانی دایکی ئاخێوەرەکانن، بەڵام زمانی نەتەوەیی، زمانی کوردییە و لە ئاستی سەرەوە و ئاستی نێودەوڵەتییدا وەک یەک زمان دەناسرێین. ئێمەی کورد وەک لایەن و رێخراوەکان و تەنانەت وەک تاکەکەس، پێویستە سەبارەت بە زمانی دایکی و شێوازی گەشەپێدانی، سیاسەت و رێچکەیەکی سەردەمیانە و دیموکراتیک بگرینە پێش. سیاسەتی دیموکراتیک یانێ پلورالیزمی فەرهەنگی و گرتنە بەری سیاسەتی بوژانەوەی هەموو پێکهاتە زمانی، کلتووری و ئاینییەکان بە بێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک. ئەگەر دەرحەق بە زاراوەیەکی کوردی کەمتەرخەمی و نادادپەروەری بکرێت لە راستییدا وەکوو ئەوە وایە ئەندامێکی لەشی ئەو زمانە گشتییە جەڵدە لێی بدات یا بە ئەنقەست ئیفلیج بکرێت.
لە ئاست زاراوەکانی زمانی کوردیدا پێویستە لایەن و رێخراو و قەڵەم بەدەستان رەچاوی ئەو خاڵانە بکەن.
ــ هەموو زاراوەیەک پێویستە لە بوارەکانی نووسیاری و فەرهەنگییەوە خاوەنی دەزگای پەروەردە و راهێنانی تایبەت بە خۆیان بن و خۆیان بریار لە سەر شێوازی راهێنانی خۆیان بکەن.
ــ هەتا هەر ئاستێکی باڵا لە خوێندندا کە زاراوەکان هێز و کێشمان و دەرەتانیان هەیە پرۆسەی خوێندەواری ئازاد و پێویستە.
ــ زاراوە کوردییەکان بۆ لێکهەڵپێکران و لێک نزیک بوونەوە لە یەکتر، دەتوانن هاوتەریب و هاوکات لە گەل خوێندنی زمانی دایکییدا زاراوە و تەنانەت زمانەکانی دیکەش بخوێنن.
ــ دەزگای راگەیاندن و چاپەمەنی بۆ هەموو زاراوەکان رەچاو بکرێت و هەروەها سەبارەت بە ئارشیڤ، ئەنستیتۆ، مۆزەخانەی کلتووری و کردنەوەی فەرهەنگستان، سەربەخۆ و ئازاد بن.
ــ نووسەران، رۆشنبیران، سترانبێژان و ،،، پارێزەر و گەشەپێدەری زاراوە و زمانی دایکی خۆیانن و بە شێوەی تاکەکەس و بەکۆمەڵ دەبێت بەردەوام لە چالاکیدا بن.
زمانی کوردی کاتێک دەبێتە زمانێکی ستاندارد و پێوەر کە هەموو رەنگاورەنگییەکانی نێو قەوارە و جوغرافیای فەرهەنگی کوردستان، وەکوو یەک دەرەتانی گەشە و نەشەیان پێبدرێت. درووستکردنی زمانی پێوەر ئەوە نیە کە زاراوەیەکی سەرەکی هەڵبژێریت و لە کاناڵی دەزگای راهێنان و بارهێنانەوە بە سەر هەموو زاراوەکانی دیکەیدا بسەپێنیت و سیاسەتی سرینەوە و هەڵووشینی هەموو جیاوازییەکان بگریتە پێش. لە ئێراندا زاراوەی تارانی بێجگە لەوەیکە سیاسەتی سرینەوەی زمانە جیاوازەکانی ئێرانی گرتۆتە بەر، بەڵکوو سەبارەت بە زاراوەکانی دیکەی زمانی فارسی ئەو سیاسەتە رەچاو دەکات بۆ نموونە کەسێکی ئیسفەهانی دەبێت زەخت و پاڵەپەستوو بخاتە سەر خۆی هەتا وەک تارانییەک قسە بکات ئەگینا دەکەوێتە بەر توانج و سەرنجی دەورووبەر. سیاسەتی کوردی نابێت سیاسەتی سرینەوەی رەنگاورەنگییەکان بێت بەڵکوو گرتنەبەری سیاسەتی چەپکە گوڵ دەرحەق بە زاراوە و پێکهاتە جیاوازەکان باشترین و زانستیترین هەڵوێستە. سیاسەتی چەپکە گوڵ یانێ هەر گوڵێک بە پاراستنی رەنگ و بەرامە و جوانییە تایبەتەکانی خۆی، شکۆ و جوانی بداتە چەپکە گوڵ و هەمووان پێکەوە تابلۆیەکی جوان لە رەنگەکان لە نێو چەپکە گوڵدا بنەخشێنن. کاتێک سیاسەتی چەپکەگوڵ پێرەو بکرێت ئاخێوەری زاراوەکان لە کاتی قسەکردندا نەک هەست بە سووکایەتی، شەرم و ترس ناکەن بەڵکوو بە بێ ئەوەیکە بۆ فێربوونی زاراوەیەکیتر هیچ زەختێک بخەنە سەر خۆیان، بە شانازییەوە هەستە دەروونی و زمانەوانییەکانی خۆیان دەرئەبرن. سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە پێش دەسپێکی هەر چالاکی و پرۆژەیەک پێشوەختە پێویستە بە تیوەر و بیرۆکە، رێچکەی چالاکییەکان دیاری بکرێت و بە زانستەوە مامەڵە لە گەل کاروبارەکان بکرێت. سیاسەتی زمانی یەکێک لەو سیاسەتانەیە کە بێجگە لە پاراستنی زمان دەبێتە کۆڵەکەیەک بۆ سەقامگیری
و گەشەی دیموکراسی .