بەدڵی خۆتان خەسارناسی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم بکەن و ڕەخنەی جددی وزانستیانە لەکاتبەندیی، میکانیزم و شێوازی ئیدارەدانی بگرن، بەڵام سەربەخۆخوازانە و لەو پێناوەشدا ئەوە بکەن. هەر خەسارناسی و ڕەخنەگرتنێك لەم دیدەوە ئەنجام بدرێت و بخرێتە ڕوو، ئەنجامدانی ئەرکێکی نیشتیمانییە، ئەوەی لەم نێوەندەدا کارەساتە وجێگەی بەزەییە بەکارهێنانی ئەم ڕەخنەیە وەك کەرەسەی ململانێی حیزبیی وئایدۆلۆژی لەسەر حسابی خەم و مەسەلە نیشتیمانییە گەورەکان .
کەسانێك هەن دەڵێن، ئێمە سەربەخۆ خوازین ،بەڵام لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوکات و هەل ومەرجەدا نەبووین. ئەگەر وابێت ئەوەمافێکی خۆیانە. بەڵام هەموو ئیددیعاو لافلێدانێك بۆئەوەی بڕوای پێبکرێت، دەبێت بەبەڵگەو رواڵەت و نیشانەی پێویست پشتڕاستبکرێتەوە. بەڵگەش لەسەرئەم ئیدیعایە بۆ برواپێکردنی لەوەدایە، ئەوکەسانە لەبەزیندوویی ڕاگرتنی بیرۆکەو گیانی سەربەخۆخوازی لەناو ویژدانی میللەت و واقیعی کۆمەڵگەدا بەشداربن، ئەوگووتارەی هەڵگرینی لەئاستە جۆراوجۆرەکاندا، بچێتە خزمەت ئەم قەناعەتەوە، بەوکاتەشەوە رەخنە لەپارتە دەسەڵاتدارەکان دەگرن..
چونکە ئەم پرسە پرسێکی لاوەکی نییە بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئێمە نەتەوەین یاخود نا؟ ناسیۆنالیزممان هەیە یاخود نیمانە. بەجۆرێكیش قسەنەکەن، هەست بەگووناهکردن بۆ کوردستانیانی بەشدار لەڕاپرسیدا درووست بکەن، واتە وێنایەك لەدۆخەکە نەخەنەڕوو، وەك ئەوەی کوردی باشوورو گەلی کوردستان گوناهیان کردبێت باسیان لە سەربەخۆیی کردووە و هەنگاوێکی سەرەتاییان بەو ئاقارەدا ناوە، چونکە ئەوە ئەوشتەیە هەندێ لەدەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە کاری بەرنامە بۆ داڕێژراوی لەسەر دەکەن و هیچ بەڕێزێك نابێت بەهەرهۆیەكەوە بێت، بەشداری تێدا بکات… هتد