ئێمە چەند سەت مەترێک لەلالەزارەوە دوورین ، هێشتا زرمەی تۆپ و گولەی ئاڕبیجی و بیکەسی براکان لە گوێما ئەزرنگێتەوە ، هێشتا دیمەنی لەخەو هەستانی کتوپڕی مناڵەکانم ، قوڕگی گرتووم و دەستی خستۆتە بینە قاقەمەوە، هێشتا قیژەو گریانی ئەو شەوە لە کەللەی سەرمایە، شەڕە خوێناوییەکەی لالەزار، بیرەوەرییە تاڵەکانی شەڕی ناوخۆی بیرهێنامەوە ، شەڕی کۆڵانەو کۆڵانی هەڵەبجەو شەڕی شکاندنی ئێسکی براکان لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ، قیژەو هاواری دایک و خوشکەکانمی بیرهێنامەوە کە لەکونجی ژوورێکی چکۆلەی ئەوسای هەڵبجەدا، تێکەڵاوی زرمەی تۆپ و گوللەو شەستیری کۆڵانەکانی بوبوو ، گریانی بە کوڵی دایکمی بیرهێنامەوە کە بۆ لەدەستدانی هاووسەرو براکانی لە شەڕی نێوخۆدا لەدەستی دابوون!!
هێرشبەرو بەرگریکارەکانی لالەزار ، کە هێشتا ڕوون نییە ژمارەیان چەندە ، هاووزمان و هاووشاری و هاوونیشتمانی یەکترن ،ئەو گەنجە خێر لەخۆنەدیوانەی کە شەوی رابردوو لە باوەشی سەرچناردا کوژران ، کورد بوون ، بەیەک زمان و بەیەک شێوەزار قسەیان دەکرد ،یەکجۆر جل و بەرگیان دەپۆشی ، یەک خەون و ئاواتیان هەبوو ، هەموویان کوڕی نازداری خێزانەکانیان بوون ، هەموویان لە مناڵدانی ئەم نیشتیمانە بریندارەوە هاتوونەتە دەرێ ،هەموو کووژراوەکان لەسەرەتای تەمەنیاندا بوون ، هەیانبوو تازە چووبوە کەژاوەی هاووسەرگیریییەووە ، هەندێکیان مناڵی یەک ساڵان و دوو ساڵانیان هەبوو ، دنیایەک خەون و ئاواتی ڕەنگاڵەییان هەبوو ، پلانیان بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ دانابوو
لەو شەوە شوومەدا ، جەستەی هەموویان لاربووەوە ، هەموویان خەڵتانی خوێن کران ،خەونەکانیان هەڵوەری و بردیانە نێوگۆڕی تارەوە ،رۆح لە جەستەی ناسکیان چووە دەرێ، بە کۆڵێك خەم و ئازارەوە مناڵ و هاووسەرەکانیان بەجێهێشت ، جەرگی باوک و دایکیان سووتا ، بۆ هەمیشە بێبەشبوون لە پیاسەی ئێوارانی سەهۆڵەکە ، ئیتر گۆرانی بۆ ژیان ناچڕن، ئیتر جارێکیتر دایک و باوک و هاووسەرو مناڵەکانیان نایەنەوە بەر دەرگا بۆ پێشوازی لێیان ،ئیتر گوێیان لە هاواری بابە ،بابەی مناڵەکانیان نابێتەوە!!
من مناڵی نێو زەمەنی جەنگەکانم ، جەنگی ئێران_عێراق، جەنگی خوێناوی نێو خۆی براکان ، جەنگی دەستەو یەخەی هۆزو تیرەکان ، من مناڵی نێو کۆڵانە خوێناوییەکانی هەڵەبجەم ، هێشتا کەللەی سەرم پرە لە دەنگی فیشەکەکانی مناڵی ،هێشتا چاوم سیخناخە لە دیمەنی کوردە کووژراوەکانی شەڕی ناوخۆ ، هێشتا لووتم پڕە لە بۆنی بارووت ، لەوەتەی چاوم هەڵهێناوە هەر دیمەنی خوێن و مەرگ و جەستەی بێ گیانی گەنج و لاوی کورد دەبینم ،لەوەتەی هەم هەر گوێم لە قیژەو هاواری دایک و خوشکەکانی ئەم نیشتیمانەیە، بۆ لە دەستدانی کوڕەکانیان ، بەردەوام دیمەنی پشتشکانی باوکە جەرگسوتاوەکان دەبینم ، نازانم هەتا کەی دیمەنی سنگ کوتان و قژڕنینی کچ و ژنەکان بۆ ساتێکیش لەپێش چاوم ون نابێت؟!!!