جوڵاندنی کارتی خێڵەکان لە پەلاماردانی سوەیداو دروزەکاندا، هێندەی تردیمەنە سیاسی و سەربازییەکەی سووریای تێکەڵ وپێکەڵتر کرد.
بەش بەحاڵی خۆم پێم وابوو ئەگەر ئەم هەنگاوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە عەقڵی هەواڵگیری هەندێ دەوڵەتی هەرێمایەتی لەپشتەوە بوو، کە دەیویست بەسوود وەرگرتن لە فەزای گفتوگۆکانی دەسەڵاتی نوێی سوریا لەگەڵ ئیسرائیل لە باکۆ و ولێدوانە نا ئاساییەکانی نێردەی واشنتۆن بۆ لوبنان وسووریا بە قازانجی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، دیفاکتۆیەکی نوێ لە سوەیدا بچەسپێنێت، بۆئەوەی جگە لەوەی بەشێکی تری سووریا بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع و بەوەش پێگەی بەهێزتر بێت، کارتێکی گرنگیش لە دەست ئیسرائیل وهەندێ ناوەندی تریش بستێنێتەوە، کە دەخوازن پرسی دورزییەکان بکەنە پاساوی دەستێوەردان و ڕێگریکردن لە هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێزی ئاراستەی ئایندە نەزانراو بە پاشخانێکی ئایدۆلۆژی مشت و ماڵکراوی پراگماتیەوە.
ئەو عەقڵەش بە حوکمی ئەزموونی نەتەوەسازی خوێناوی خۆی و زۆر شتی تر ستراتیژی تایبەت بە خۆی لەگەڵ پێکهاتەکان و ئەوهێز و ناوچانەدا هەیە، کە ئامادەنین بێ ملە جیرە بچنە ژێر خواستی دەسەڵاتی نوێ و هاوپەیمانەکانیان. بە سەرنجدان لە ڕووداوی کەناراوی عەلەوییەکان و دواتریش درووزەکان ستراتیژەکە لەسەر چەند پایەیەك وەستاوە لەوانەش، زەبرلێدانێکی کوێرانە و خوێناوی جەرگبری چاوترسێنەر، بۆئەوەی ترس وتۆقینێکی وا بخاتە دڵیانەوە جارێکی تر بیر لە یاخیبوون وبەرگری نەکەنەوە. کەئەوە هەمان تاکتیکی ئیسرائیلییەکانیشە.
لەڕوویەکیترەوە ئەنجامدانی تاوانەکان بە کەس و گروپ گەلێك دواتر خۆیان بە لەیاسا دەرچوو وەسفیان بکەن و لێپرسراوێتی قانونی و سیاسی وئەخلاقی ئەوەی ڕوودەدات ڕاستەوخۆ هەڵنەگرن وهێزەکانی شەرع و خۆشیان وەکو هێزی ناوبژیکەر و ئاشتیپارێز و پارێزەری هەمووان وەك یەك بخەنەڕوو.
بەڵام ئەگەر لە مەسەلەی عەلەوییەکاندا کارەکەیان زۆر قورس نەبووبێت لەبەردۆخی تایبەتی پێکهاتەکە و ڕەنگدانەوەی دۆخی پێش و پاش ڕووخانی ڕژێم بەسەریدا، ئەوا لەسوەیدا مەسەلەکە بەو جۆرە نییە، چونکە سنووری ناوچەکە بە سنووری ئیسرائیلەوەیە، دروزەکان لانی کەم بەشێك لەوان پەیوەندییان لەگەڵ جوولەکەکان وئیسرائیل کۆنە، ئیسرائیل بە فەرمی خاوەندارێتیان لێدەکات و دەتوانێت بەهێزیش ئەوەی دەیڵێت و دەیخوازێت بیهێنێت. لەوانەش سنووردارکردنی جووڵەی هێزەکانی سووریا لەو ناوچەنو ناوزەدکردنی بە ناوچەی لە چەك داماڵراو.
بۆیە بۆ پێچ لێدان بە دەوری ئەم واقیعەدا بیر لە بەکارهێنانی کارتی خێڵەکان کرایەوە. ئەم کارتەش لە ڕووی سیاسییەوە لەیەک کاتدا بە قازانجی دەسەڵات و درووزەکانیش بوو. بەڵام رەنگە عەقڵە هەواڵگیرییەکە لە پێشبینییەکانیدا لەو ڕووەوە شکستی خواردبێت، هەر بۆیە ئەوەی کردی لانی کەم تا ئێستا چووە خزمەت هجری و ئیسرائیلەوە. پەنا بردنە بەر کارتی خێڵ کە بە بدووەکان دەستی پێکرد و دوواتر پەرەی سەند بۆ خێڵەکانیتر وا دەبینین چەندین ئامانجی لەپشتەوە بوو لەوانەش:
. درووستکردنی سەرەتای ئاژاوە و کێشەکە
. جەزرەبەدانێکی تووندی دوورزییەکان لەڕێی کەسانێکەوە دەست لە سەر و ماڵیان نەپارێزن
. بەشداری هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق بە جل و بەرگ و لەژێر ناوی ئەواندا
. بیانوو درووستکردن بۆ چوونە ناوشارەکە بەناوی سنووردانان بۆ پێکدانانەکان
. داوای چەکدانانی هێزە دورزییەکان لە بەرامبەر چەکدانان و چوونە دەرەوەی بە دوو خێڵەکان.
. وێناکردنی ململانێکە وەك پرسێکی جەماوەری وخێڵەکی و تایەفی سوونیگەرایی گەورەتر لە شەرع وحکومەتەکەی.
. لێپرسراوێتی لە ئەستۆ نەگرتنی یاسایی ئەوەی ئەنجام دەدرێت.
. پیشاندانی دۆخی بێ دەوڵەتی لەشارەکەدا و ئەو باجەی کە ناوچەیەك و دانیشتووانەکەی لەو ڕووەوە دەیدەن.
. نیشاندانی ئەم هێزە وەك جێگرەوەی دۆخی حکومەتەکەی شەرع ئەگەر کەسانێك بیر لە گۆڕینی بکەنەوە
کارتی خێڵەکان و کورد و هەسەدە
وا دەبینم ئامانجی کۆتایی و گەورەی پشت جووڵە پێکردن بە کارتی خێڵەکان، جگە لەو شتانەی ووتمان، هەروەها دەستکاریکردنی مۆرك و مەودا و قەبارەی ململانێکە لە ئاستی سووریادا، وە نیشاندانی ئەوەی دۆخی نوێ هی سووننەی عەرەبە و لە ژێر هیچ دۆخێکدا دەستبەرداری نابن و ئەم پرسە پەیوەندی بە ناونیشان و هێزێکی دیاریکراوەوە نییە و لە ناودڵی تەقلید و ڕەگەزە پێکهێنەرە قووڵەکانی ئەو شووناس و پێکهاتەوە سەرچاوە دەگرێت، ئامانجی گەورە و کۆتایی کورد و هێزەکانی هەسەدەیە.
بە حوکمی ئەوەی هێزی بنەڕەتی ڕێکخراو و مەشق پێکراو و گەورە و خاوەن ئەزموون وپەیوەندی وئایدۆلۆژیا و مەسەلە، لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی ئێستادا کورد و هەسەدەیە.
سوەیدا گرنگییە زۆرەکەی ئێستای لەڕووی سەربازی وئەمنییەوە لە خودی خۆیدا نییە بەڵکو پەیوەستە بە تێکەڵ بوونی ئەم پرسە بە ستراتیژی ئیسرائیل بۆ بەرێوەبردنی ململانێکانی لەگەڵ دیمەشق و دوای ئەویش ئەنقەرە.
لەکاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات جگە لە ڕەوایەتی ئەزموونی جەنگی داعش و ئەو ئەزموونە زۆر و زەبەندەی لەو بوارەدا بە دەستی هێناوە،
پانتاییەکی جوگرافی گەورەی لەبەردەستدایە. خودان دام ودەزگای حوکمرانی خۆبەرێوەبەرییە. هەموو ئەوەش پێگەکەی بەهێز کردووە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەویش خاوەن خاڵی لاوازی خۆیەتی، یاخود دەخوازرێت هەندێ ڕووی ئەزموونەکەی وەك خاڵی لاواز نیشان بدرێت، بشکرێتە دەلاقەی چوونە ژوورەوەیەکی پیلانگێڕانە بۆ هەڵتەکاندنی بەشێ لەئەزموونەکە لە ناوەوە یاخوود لانی کەم لاواز کردنی.
یەکێ لەو خاڵانەش ناوچە عەرەبییەکەی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەسەدەیە، ئەم ناوچانە گەرچی بەڕێژەیش بن ڕەمزی سەرکەوتنی ئەزموونی خۆسەرین لە لەخۆگرتنی ئەویدی نەتەوەیی وپێکهێنانی ئەزموونی هاوبەش، بەڵام لەهەمان کاتدا خاڵی لاوازی خۆبەرێوەبەرییەکەش پێکدەهێنن، هەڵبەت پێشترهەوڵی ئەوە دراوە لەڕێی خێڵەکانی ناوچەکەوە ئەزموونی خۆسەری لەناوەوە بتەقێنرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان کە شەڕ و پێکدادانیشی لێکەوتەوە سەرکەوتوو نەبوون.
ئێستاش ڕەنگە خواستێکی لەو جۆرە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی بەرفراوانتردا لەئارادا بێت، ئەوەی لەسوەیداش ڕوویدا مەشق پێکردن و زەمینە سازی و خۆئامادەکردن بووبێت.
ئەگەر ئەم ئەگەرە بێتە دی، کە پەیوەستە بەوەی کێشەکان لە نێوانی دیمەشق وهەسەدە بە گفتوگۆ چارەسەر دەبن یاخود سەردەکێشن بۆ جەنگ، هەوڵدەدرێت بەشێك لە خێڵەکانی ژێر سایەی دەسەڵاتی هەسەدە یاخی بوونی چەکداری ڕاگەیەنن وهەندێ ڕووداوی درووستکراو لەم ڕووەوە دروست بکرێت. خێڵەکانی تریش گوایە بە هانایانەوە بچن لە ژێر پەردەی ئەوانیشدا هەرهێزێکی تر بیانەوێت بینێرن. لەوەش زیاتر بیر لەوە بکرێتەوە بەشێک لە درێژکراوەی خێڵە عەرەبییەکان لە ناوچە سوونییەکانیش وەك بەشێک لە هەوڵی ئابڵۆ قەدان و سنووردارکردنی توانای مانۆڕ بەکاربهێنن؟
ئەمەی ووتمان ئەگەرە و دەبێت ستراتیژستی سەربازی و سیاسی کورد لە ڕۆژئاوا و تەنانەت لە باشووریشدا ڕەچاووی بکات
چونکە ڕەنگە بیرۆکەی سووپای پاسدارانی عەرەبی سووننە لە سووریا و عێراقدا لەبیرکردنەوەی هەندێ بریار بە دەستی پایتەختە هەرێمییەکان ئامادەبێت؟