دواین هەواڵ

کاتێک دین و نەتەوایەتی لەئەخلاق و مرۆڤ دۆستی جیادەکرێنەوە

‌ئەبوبەكر كاروانی

3 رۆژ پێش ئێستا

ئەمڕۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا وتی، دۆخی برسێتی وجەزرەبەچەشتوویی دانیشتووانی غەززە،   تەنها قەیرانێکی مرۆیی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئەخلاقیشە. واتە ئاڵنگارییەکی ئەخلاقیشە لەبەردەم تێکرای مرۆڤایەتیدا.بەڵام سەیر لەوەدایە، لەکوردستان  کەسانێك هەن بەناوی خودی دینەوە داوای داڕزانی ویژدان و هەست مردوویی ئەخلاقی لەخەڵك بکەن و دژ بەکاری کەس ودەزگا خێرخوازەکان بن، کەدەیانەوێت کۆمەکی خەڵکی موسوڵمان ومرۆڤدۆستی کوردستان بەومرۆڤ وموسوڵمانانە بگەیەنن کە ئاتاجی  پاروەنانێكن!!

لەبەرامبەرەوە کەسانێکی تر لەژێر پەردەی ساختەی نەتەوەییدا، کەپێم وانییە هیچ پاشخانێکی مەعریفیی نەتەوەیی ئەوتۆیان هەبێت، هەمان هەڵوێست دووپات دەکەنەوەو کوردبوون و نەتەوایەتی کوردی وئەخلاق و هاوسۆزی ئینسانی لەیەك دادەبرن! لەکاتێکدا ئەرکیانە لەوجۆرە دەرفەتانەدا، کوردبوون بکەنە روویەکی تری ئینسانیبوون وبەوجۆرە خۆیان نەخەنە ژێپرسیاری ئەخلاقیی قورسەوە. ئەوهەڤاڵانە ئەگەر دەتوانن و راست دەکەن، بانەتەوەیی کوردیی شەکەتکراو بەناکۆکی دەیان ساڵەو گەندەڵی و دەمارگیری حیزبیی، بەگژ هەستی دینی وئینسانی وئەخلاقی مرۆڤی کوردا نەکەن، بەڵکو دۆخی دابەشبوو نادامەزراوەیی هێزەکان و نەبوونی دەستوورو ستراتیژی هاوبەشی نەتەوەیی وخراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەهەرێمدا بکەنە مەیدانی وەگەڕخستی هەست بەلێپرسراوێتی وپەرۆشی نەتەوەییان. 

ئەوان واچاکە لەوراستیە تێبگەن، کە  کۆمەکی ناسیاسی وخێرخوازانەو مرۆڤدۆستانەی  خەڵکی کوردستان، جگەلە واتا دینی وئینسانی وئەخلاقییەکەی کارێکی نەتەوەییانەیە بەئامرازی نەرم وناسیاسی و دەتوانرێت ئەگەر سیاسەتمەدارمان هەبێت بەزیاد لەشێوەیەك بیخاتە خزمەت ئایندەی پرسە نەتەوەییەکەمانەوە. بۆیە واچاکە تۆزێ لەو گرژی دەروونی وهەست بەبچووکییە بێنە دەرێ و بیرخۆیان بێننەوە، سەردەمانێ غەززەو کۆی شام بەشێك بوون لەقەڵەمرەوی ئیمپراتۆرییەتی کوردە ئەیوبییەکانی باب وباپیریان.  بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستیش لانی کەم٣٠/  دانیشتوانی کەرتی غەززە، واتە زیاتر لەحەوسەد هەزار زیاتریان بەرەچەڵەك کوردن. بۆیە بەش بەحاڵی خۆم سووپاسی خوادەکەم و هەست گەورەیی دەکەم ئێمەی کورد بەتایبەتی کوردی باشوور لەدۆخێکداین، دەتوانین بەهانای ئەوانی ترەوە بچین، ئەوانیش ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرزبکەنەوەو  درووشم بەگیانی کوردو کوردستانەوە بڵێن،.

لەقەناعەتی دڵیشمەوە دەیڵێم ووتووشمەو دووپاتی دەکەمەوە، ئەگەر لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەوڵەتی کوردستان دابمەزرایە، کارەساتی لەوجۆرەی غەززە لەم ناوچە رووی نەدەداو سیماو هێزو توانای خۆرهەڵاتی ناوەراست بەجۆرێکی تر دەبوو، هەربۆیە وەك لەوتاری پێشووشدا وتم هەڵسانەوەی کورد لەخۆرهەڵاتی ناوەراستدا لەدەرەوەی بازنەکوردییەکەشدا بەدەستکەوتێکی ئیسلامی وژیاری گەورە بۆ تێکرای ناوچەکە دێتە هەژمار چوونکە کوردی باڵا لەروویەکەوە  رێز لەجیاوازییەکان دەگرێت ولەخۆیان دەگرێت، لەروویەکی ترەوە لەپێگەی هێزەوە خۆی بە مەرجەعی کۆکردنەوەی عەدالەتخوازەکان دەبینێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP