نەک هەر مێژوویی 100 ساڵەی دروستکردنی دەوڵەتی عێراق و دواتر ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی هەر لە سیستمی پاشایەتی تا کۆماڕی و قەومی و بەعسییەکان و بە ئێستای بەناوی عێراقی نوێی و سێبەری وەلائیی تایفی ومەزهەبی ، بۆ ماوەی 20 ساڵە نەک هەر داروبەردەکەیان بە تاڵان و فیڕۆدا ، لە هەمانکاتیشدا دوژمنایەتییەکی سەرسەختی گەلی کوردوقەوارەی هەرێمی کوردستانن.
مەبەست لە دەوڵەتی سێبەر و خودی عێراقی سێبەریش ئەوەیە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە لە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی وڵاتانی زڵهێز و ناوچەکە ، ئیتر هەموو دەسەڵاتەکانی دادوەری و حکوومڕانی و جومگەکانی تریش لەلایەن گروپ و لایەنێکی دەرەکی بەڕێوە دەبرێت ، بەتایبەتی ئەگەر ئاماژە بەدەوڵەتێکی وەک عێراق و لە ژێر هەژموونی وڵاتێکی دراوسێ بێت و هەروەها ئەگەر لە ژێر پاڵنەرێکی مەزهەبی و تایفی و وەلائیی بێت ئەوا عێراق ئەو دەوڵەتە سێبەرە قێزەوەنەیە ، نەک هەر کێشە وگرفتە بۆ ناوخۆ بەڵو ئاستەنگی گەورەشە لە بەردەم کوردستان و مافەرەواکانی و دیموکراسی و فیدڕاڵی و دەستوور.
هەر چەندە عێراق ، لە دوو نەتەوەی سەڕەکی کورد وعەرەب پێکهاتووە ، بەڵکو لە چەندین پێکهاتەی سەڕەکی و ئایین و مەزهەبی و تایفەی دیکە پێکهاتوو و لە خۆگڕتووە ، عێراقێک بە دیرۆکێکی پڕ خوێن و کوشتن و ئاگر دوای دەیان ساڵ نەیتوانیووە سنوورێکی تایفەگەڕی و جەنگەلستان تێپەڕنێت و دیموکراسی و یاسا وحکومڕانی شارستانی هەرس بکات ، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە .
ئەو پاشاگەردانی و دەوڵەتە سێبەرەی عێراق ، بووەتە هۆی خوڵقاندنی دەیان دەزگەی سیخور و تیرۆر و میلیشیایی نایاسایی و تێکدەر و دەستەبەرسەردانگرتنی جومگەکانی حکوومرانی و یاسایی و دارایی و نەوت و ئەوەش لە کۆمەڵێک باندی قاچاغچێتی و مافیایی مەترسیدار هەر لە فرۆشتنی و بازرگانی ماددەی هۆشبەر بگرە تا نەوتی قاچاغی وڵاتانی دراوسێ و دەست بەسەرداگرتنی بیری نەوت و خاڵی گومڕگییەکان ، وایانکردووە هیچ کەسێک جگە لەو دەوڵەتە سێبەرە وەڵاییە مافیاییە بڕیاردەر نەبێت و حکوومەتی عێراق تەنها وەک بوکەلەیەک رۆڵ بگیڕێت ، لە ڕووی سەربازی و دامەزراوە ئەمنییەکانیشەوە ، عێراق لە ژێر هەژموونی گروپ و میلیشیا وەلایی و لە یاسا دەرچووەکاندا یە و سوپای عێراق بچووکترین ڕۆڵی نییە ، بۆیە بریارە گرنگ و ستراتیژەکان لەدەستی حکوومەتی عێراق نییە ، شتێک بەناوی دەوڵەتی عێراق بوونی نییە ، ئامانج تەنها بەدیهێنانی ئامانج و بیری مەزهەبی و تایفییە و هەموو جومگەکانی حکوومەتی بەغدای خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە .
ئەمڕۆ میلیشیا کانی حەشد و سەرکردەکانیان ئەو دەسەڵاتە سێبەرەن حکوومڕانی عێراق بەڕێوە دەبن و گشت بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان خۆیان دەیسەپێنن و بوونەتە سێبەرێکی ڕەش بە سەر هەموو عێراقیەوە ، ئەم تاقم و گروپانە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو و بە ئێستاوە هۆکاری تاڵانکاری و کوشتن و تیرۆر و ناسەقامگیری عێراق و ناوچەکە ئینجا پێشێڵکردنی یاسا و دەستوور و مافە رەواکانی هەرێمی کوردستانن و 16ی ئۆکتۆبەریش باشترین بەڵگەی داگیرکاری و تاڵانکاری ئەو حکوومڕانە سێبەرە و میلیشیاییە تایفی و مەزهەبی و ولائییەیە .ئەوەش وایکردووە ، ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی رۆژ بەرۆژ زیاتر هەست بە بی ئومێدی بەرامبەر بە عێراق بکەن .
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو ، ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەرفەتی زۆریان دایە عێراق خۆی لە هەژموونی ئێران و ئەو دەوڵەتە سێبەرە مەز هەبی و تایفی و وەلائییەکان رزگار بکات ، بەڵام ئێستا رۆژ بەرۆژ رووخساری ڕەشی سپیکردنەوەی پارە و بازرگانی مادەی هۆشبەر و فرۆشتنی نەوتی قاچاغ بۆ وڵاتانی دراوسێ و تاڵانکاری و گەندەڵی و تیرۆری ئەو دەوڵەتە سێبەرەی عیراق زیاتر ئاشکرا دەبێت و بەتایبەتی فاشیزمەکانی ئەو دەوڵەتە سێبەر چەند ساڵە چۆن شەڕی ئیرادە لەگەڵ کوردستان دەکەن ، بەڵام بەدڵنییاییەوە چارەنووسی لەگەڵ ڕژێمەکانی پێش خۆیان باشتر نابێ .