ساڵ بە ساڵ قەیران و کێشەکان زیاتر لە ناو عێراقدا کەلەکە دەبن ، ئەو دۆخەى لە رابردوو و ئێستاشدا بە سەر عێراقى قۆرخکراوى ملیشیا وەلائییەکان ئەستەمە بتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و چاوەروان دەکرێت ، لە ناوخۆدا تەقینەوەى گەورە لەڕووى سیاسى و ئەمنى ڕووبدات ، لەو نێوەدا هەرێمى کوردستان هەمیشە هەوڵى داوە بە ڕێگەى ئاشتیانە و لۆژیک و گفتوگۆ کێشەکانى لەگەڵ عێراق چارەسەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا زیانى گەورەى بەهۆى ئەو قۆرخکارى و تاڵانکارییەى ئەو گروپ ولایەنە وەلائییانەى عێراقیان داگیرکردووە بەرکەوتووە ، بەدڵنییاییەوە ، ئەو حکوومڕانییەى ئێستەى عێراق نە دیموکراسى، نە فیدڕاڵى و لە سەسەر بنەماى بەشداریکردنى ڕاستەقینەى گشت پێکهاتەکان و مافەرەواکانیانە
سەرکردایەتی سیاسى هەرێمى کوردستان ، چەندین ساڵە لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەوڵى داوە ، بیانگەڕێنێتەوە سەر ڕێرەوى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى ، پێیان بڵێت ، گەڕانەوە بۆ تاکڕەوى و ناوەندگەڕایی زۆرینەى تایفى و مەزهەبى لە ژێر هەژموونى دەرەکى زیان بە پرۆسەى سیاسى و متمانە و هەموو عێراق دەگەێنێت ، بەڵام لەگەڵ ئەو ستەمکارى و زۆردارى و پێشێڵکارییانەشدا ، هەرێمى کوردستان هەمیشە بەپشوودرێژى و دانى بەخۆیدا گڕتووە و ویستوێتى لۆژیکانە پرسەکان چارەسەر بکرێن ، لە ماوەى چەندین ساڵى رابردوودا ، عێراق هەرگیز ڕێزى لە ئیرادە و مافە دەستوورییەکانى خەڵکى کوردستان نەگڕتووە ، هاوسەنگى و سازان و هاوبەشى ڕەتکردۆتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جارى بیانوو و پاساوى بێ بنەماى دروستکردووە و کێشەى نادەستوورى و نایاسایی بۆ هەرێمى کوردستان و خەڵکى کوردستان ومافەرەواکانى خولقاندووە و هەرگیز ئامادە نەبووە بە شێوەیەکى ڕیشەیی و یاسایی و دەستوورى کێشەکان چارەسەر بکات ، بەڵام بە پێچەوانەوە هەمیشە هەرێمى کوردستان ڕێزى لە دەستوور و ڕێککەوتننامە و پابەندییەکانى گڕتووە .
دەسەڵاتدارانى عێراق هەرکاتێک دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسابێت ، بەردەوام پەلامارى کوردستانیان داوە و پێشێڵى یاسا و دەستووریان کردووە ، هەمیشە کارتى فشاریان چ بە شێوەى ئاگر و ئاسن و یانیش کارتى دارایی وئابوورى بە بڕینى ماف و شایستەداراییەکان دژى خەڵکى کوردستان بەکارهێناوە ، بەدڵنییاییەوە هەرێمى کوردستان ڕەچاوى ئەو گۆرانکارى و ناسەقامگیرى و پێشهاتەکانى ناوچەکەدا و نایەوێت عێراقیش تووشى شەڕ و ئاژاوە و ئاواربوونى بە لێشاو بێت ، ئەگینا عێراق باش درکى بەو راستییە کردووە ، لە ئەگەر هەڵوێست وەرگرتنى کوردستان ، چ کارەسات و کاریگەرییەک لە هەموو ڕوویەکەوە لە ناوچەکە دروست دەبێت ، چونکە پێشێڵکارى و ستەمکارى دژى خەڵکى کوردستان لەلایەن عێراقەوە سنوورێکى هەیە و خەڵکى خۆڕاگرى کوردستانیش هەر بەم شێوەیە دەستەوەستان ناوەستن
گرنگە بۆ هەموو لایەن روون و ئاشکرا بێت ، خەڵکى کوردستان لە پێناو ئەم ئازادى و قەوارەی کوردستانەدا ، دەریاییەک خوێنى ڕشتووە ، تاکو بە سەربڵندى بژین و ملیش بۆ هیچ دوژمن و نەیارێک دانەنەوێنێت لە سەر ئاستى مافەرواکانى و هەرگیزیش بێدەنگ و بێ هەوڵوێست نابێت.ئەوانەى پێیان وایە ، بە چەکى ئابوورى و دارایی و شەڕى ئیرادە دەتوانێت مافەرەوا و ئامانجە گەورەکەى گەلى کوردستان پاشگوێ و لەبیرى بەرنەوە ، دەبێت لەو راستییە تێبگەن ، ئیتر سەردەمى پاشگوێ خستنى کوردوکوردستان بەسەر چووە و ئێستا دۆخێکى گونجاو و مێژوویی بۆ کوردستان هاتۆتە پێشەوە ، حیسابى گەورە بۆ کوردوکوردستان دەکرێت ، ئەو کارتە داراییەش سووتاوە و خەڵکى کوردستان بەخۆڕاگرى و ئیرادەیەکى پۆڵایینەوە بەرەو ئامانجى گەورەتر هەنگاو ناوە .