مانگێک لەمەوبەر، لەکەناڵ هەشتەوە باسی کۆنگرەی داهاتوی بریکسمان کرد. وا سبەینێ لە ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوە دەچێت، کە بەو بۆنەیەشەوە پشووی گشتییان ڕاگەیاندوە. هەر ئەمڕۆش و ڕۆژێک بەر لە لووتکەکە، سەرۆکی زانکۆکانی وڵاتانی ئەندامی بریکس کە فۆرومێکیان پێکهێناوە، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ، سەرقاڵی باسی زیرەکیی دەستکرد و کۆمەڵە کەیسێکی گرنگی تر دەبن. ڕەنگە ئەمە یەکێک لەهەرە کۆنگرە سەیر و گرنگ و پڕگرفتەکانی بێت. هاوکاتیش مەبەستێکی سەرەکی شەڕە گەورەکەیە لەگەڵ ئەمریکا و سیاسەتەکانی باج و گومرگ و دارایی دۆناڵد ترامپە.
سەرەتا بریکس ساڵی ٢٠٠٩، بەناوی بریک (BRIC)وە دامەزرا و دوو ساڵ دواتر باشووری ئەفریقاش بوو بە ئەندام و ناوە تازەکەی لێنرا. ساڵانی دواتر زیاتر لە ٤٠ دەوڵاەت داوای ئەندامەتییان کرد. ڕێکخراوەکە فراوانتر بوو بە ئەندامێتیی هەریەک لە (ئێران، ئەسیووپیا، ئیمارات، سعوودیە، میسر و ئەندۆنیزیا) و شەراکەتی ١٠ دەوڵەتێک، کە بریتین لە: ڤێتنام، ئۆزبەکستان، بیلارووسیا، کازاخستان، ئۆگەندا، نایجیریا، کووبا، مالیزیا، تایلەند و بۆلیڤیا. ئەمە وای کرد سەرۆکی چین بە (بریکسی گەورە)، یان خێزانی (١١+١٠) ناوی ببات. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە هەر ئەمڕۆ ڕۆژنامەی (گەل)ی چینیی ئۆنلاین وتارێکی تایبەتی لەو بارەیەوە بڵاو کردۆتەوە، ئەگەر توانیم لەدەرفەتی تردا هەوڵ دەدەم باسی ناوەرۆکەکەی بکەم.
یەکەمین کۆنگرەی ٢٠٠٩ لە ڕووسیا ، و دوایینیشیان واتا شازدەهەمین کۆنگرەی لوتکە هەر لە ڕووسیا و لەقازانی پایتەختی کۆماری تەتارستان بەڕێوە چوو. بڕیاریشە کۆنگرەی دواتری ساڵی داهاتوو لە هیند ببەسترێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکە کێشە و گرفتی زۆری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، تا ئەو ئاستەی میدیای پاکستانی مانگی ڕابردوو باسیان لەوە کرد کە ڕووسیا لەگەڵ چین و بەرازیلدا سەریان کردۆتە یەک، بەو مەبەستەی ئەندامێتیی هیند هەڵپەسێرن، یان بە یەکجارەکیی دەری بکەن. زانیارییەکی گرنگیش لێرەدا کە نابێت لەبیری بکەین ئەوەیە کە پاکستان داوای بۆ ئەندامێتیی پێشکەش کردوە، بەڵام هیند بڕیاری داوە لە کۆبونەوەکەدا ڤیتۆ بخاتە سەر داواکەی پاکستان و جەزائیر، هەڵبەتە هیند وەک هەر یەکێک لە ئەندامەکانی تر مافی ڤیتۆی هەیە، دیارە بۆچی ڤیتۆی داواکەی پاکستان دەکات، بەڵام ئەوەی جەزائیر لەڕواڵەتدا فەرەنسا داوای کردوە، لێ بەدووری نازانم داواکە لە بنەڕەتدا هی ئیسرائیل بێت، بەتایبەتیش کە پاش ئەوەی ڕووسیا لە فرۆشتنی فرۆکە سوخۆی ٣٥ کەی بە میسر و ئێران پەشیمان بویەوە و فرۆشتنی بە وڵاتی جەزائیر.
گرفتەکانی ئەم ڕێکخراوە پاش فراوانبوونەکەی زۆر زیادیان کرد. بە ئاستێک کە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەیان لە کۆتایی نیسانی ڕابردوو، نەیتوانی تەنانەت بەیانێکی هاوبەشیش دەر بکات، بۆیە بەرازیل وەکو سەرۆکی ئەم خولەی ڕێکخراوەکە بەیانەکەی بڵاو کردەوە. ئەم ڕووداوە نیشاندەری زۆریی گرفتەکانی ترە، کە ئاماژەکەی لەوەدا دەردەکەوێت بەشێکی سەرۆکی وڵاتانی ئەندام ئەسڵەن ئامادە نابن و نوێنەریان دەڕوات. پووتن بەهۆی فەرمانی گرتنەکەی لەلایەن دادگا نێو دەوڵەتییەکەوە، لاڤرۆڤ دەنێرێت، هاوکاتیش سەرۆکی میسر و ئێران و لەوانیش گرنگتر بۆ یەکەمین جارە سەرۆکی چین، بەشەخسیی ئامادە نابن.
ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی ئەوە دەدات لە دواییدا ببێت بە بلۆکێکی جیهانی (سیاسی و دارایی و ئابووریی و سەربازیی) گەورە و بەڵانسی هێزی جیهانیی بەجۆرێک بگۆڕێت کە سیستەمی جیهان بەجۆرێک دابمەزرێتەوە کە هەژموونی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لاواز بکات. نەک هەر ئەوە بگرە پلانەکەی ئەوەیە ببێتە ئەڵتەرناتیڤیشی لە ڕابەرایەتیکردنی جیهان و سیستەمە تازەکەشی، بۆ ئەم مەبەستەش هەر لەسەرەتاوە، سندووقێکی هاوبەشیان دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی بانقی دەولیی و سندووقی نەختینەی نێو دەڵەوتیی، کە تێکڕای دەنگی ئەندامەکانی بریکس پێکەوە کەمترە لە دەنگی ئەمریکا کە دەگاتە ١٧% و گرووپی (G7) کە خۆی دەدات لە ٤٥%. ئەو سندووقەی وڵاتانی بریکس سەرەتا بە نرخی ٢٠٠ ملیار دۆلار دامەزرا و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوە بوو کە دراوێکی نوێی بەهێزیش بێنێتە کایەوە کە پاڵپشتی زێڕ و و کانزا گرانبەهاکانی هەبێت و ببێتە ئەڵتەرناتیڤی دۆلار. ئەم دراوە خاڵێکی سەرەکیی ئەجیندای کۆنگرەکە بوو، هەر بۆیە ترامپ هەڕەشەی توندی کرد و هاوکاتیش لەگەڵ هەندێک وڵاتان، لەوانەش چین، چوە دانوستاندنی دوو قۆڵییەوە، سەبارەت بە سیاسەتی دارایی و بازرگانیی و ڕێژەی باج و گومرگەوە.
ئاماژەکان وا نیشان دەدەن کە بەیانی کۆتایی کۆنگرەکە زۆر توند نابێت بەرامبەر بە ترامپ و سیاسەتەکانی، بەڵام هاوکاتیش نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانیی ناوخۆیی وڵاتانی بریکس یەک ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە، ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی گەورە بۆ هەژموونی دۆلاری دەخوڵقێنێت. لەبەرامبەر ئەمەدا ئەمریکا چەندین ڕێوشوێنی جیاجیای گرتۆتە بەر. یەکێکیان ئەوەیە کە هیند بە ئاشکرا و پێشوەخت هەڵوێستی پێچەوانەی ئەندامەکانی دیکە سەبارەت بە دۆلار گرتۆتە بەر و ئەم سیاسەتەشی ڕاگەیاندوە. جگە لەمەش، ئەمریکا چەندین پلانی دیکەی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم زلهێزە جیهانییە تازەیە کە هەوڵ دەدات ببێتە بلۆکێکی جیهانیی نوێی دژ بەبلۆکی ڕۆژئاوا، ئەمەش لەکاتێکدایەکە بەهۆی سیاسەتەکانی ترامپەوە بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان وەک بلۆکێکی سەقامگیر و پتەو نەماون و گرفتی زۆر گەورەیان هەیە. یەکێکی دیکە لە پلانەکانی ئەمریکا زیندووکردنەوەی ڕێکخراوی (IBSA) کە ساڵی ١٩٩٣ هەر یەک لە هیند و بەرازیل و باشووری ئەفریقیا دایانمەزراندبوو.
هەندێک لێدوانی نەرمی ئەندامانی بریکس سەبارەت بەوەی نایانەوێت دراوێکی نوێ وەک ئەڵتەرناتیڤی دۆلار بخەنە بازاڕەوە، مەترسییەکانی سەر عەرشی دۆلار کەم ناکەنەوە. بەتایبەتیش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا قەبارەی بازرگانی نێوخۆیی ئەندامەکانی بریکس یەک تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە و هەندێکیشیان لەوە ڕووسیا و چین زیاتر لە ٩٠% ئەم ئالۆگۆڕەیان، لە دۆلارەوە کردوە بە دراوی ناوخۆیی. ئەم مەترسییانە زیاتر لەوەدا خۆیان بەرجەستە دەکەن کە بریکس پلانی ئەوەی هەیە کە سیستەمێکی تازە وەک ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی جیهانیی (سۆیفت) دابمەزرێنن. عیراق و کوردستانیش ئەگەرچی دوورنزیک لەناو قسەوباسی ئەم کێشمەکێشانەدا نیە، بەڵام ڕاستەوخۆ دەکەوینە ناو کاریگەریی ئەم پێشهاتانەوە کە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ململانێی دارایی و ئابووریی هەولێر – بەغداشی لێوە بەدوور نابێت.
١٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی هێشتا فەیسبووکم هەبوو، بەزمانێکی گاڵتەئامێزەوە پۆستێکم بەناوە (بژی پەرلەمانی کوردستان) کرد، تێیدا گوتم: لە کاتێکدا کە پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی ململانێی جیهانیی گەورەیە و دەیەوێ کۆتایی بە هەژمووی دۆلار و بانقی دەولیی و ئەمریکا بەسەر سیستەمی جیهاندا بهێنێت. وڵاتانی بریکس هێندە دەست بەتاڵ و بێ ئیشن، خۆیان دەرگیری کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم کردوە و ئەم کورسیەیان لێ بوە بە سەنتەری کەون.
ئەو دەمە جیهان بەخێرایی دەگۆڕا، هاوکێشەکان تێک دەچوون، کوردستان دوو پارچەی ڕزگار کرابوو، لەبەردەم مەترسیی گەورە و دەرفەتی مەزندا بووین. ئێمە هاوارمان بۆ چارەسەری گونجاو و یەکڕیزیی کورد دەکرد تا ئاستی بەرەیەکی کوردستانیی چوارپارچەیی، تاکو بتوانین، بەر لە تەواوبوونی یارییە گەورەکان، دەرفەتەکە بۆ نەتەوەکەمان بقۆزینەوە. کەچی لەو کاتەدا پەرلەمانی لۆکاڵ – سەلەفی کوردستان، و بەشێکی زۆری میدیا و ڕۆشنبیر و سیاسییەکانی کوردستان، وەکو ئێستا دوورونزیک ئاگایان لە بریکس و کۆنگرەکانی و سەرلەبەری ململانێ و هاوکێشە جیهانییەکانی نەبوو، لە کاتێکدا کە هەموو شتێک لەناو ئەو ململانێ و یاریی و هاوکێشانەدا یەکلا دەکرێتەوە.
خودایە، لەم غەفڵەت و لۆکاڵیی و بێئگاییە دەرمان بێنە
ئامین