دواین هەواڵ

بەشداری لە هەڵبژاردنى عێراق واتا کوتانى ئاسنى سارد و چەند بارەبوونەوە هەڵەیە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەگەڵ ئەوەى گەلى کورد ، پێش ڕووخان و دواى کۆتایی هێنانى ڕژێمى دیکتاتۆرى بەعس هیوایەکى زۆرى لە سەر عێراقى نوێ هەڵچنیبوو و بەشدارى نووسینەوەى دەستوور و هەنگاوى زۆرى نا تا عێراق لە ڕێرەوى دیکتاتۆرى و تاکڕەوى وفاشیزمى بگۆڕیتە سەڕ ڕێگەى دیموکراسى و فیدڕاڵى و فڕەیی ، بەڵام دواى ماوەیەکى زۆر کورت نەک هەر عێراق گەڕایەوە سەر ڕێچگەى دیکتاتۆرى بەڵکو چەندین دیکتاتۆرى و گروپى میلیشیایی و تایفى و مەزهەبى وەلائیی رەوشێکى وەهایان خولقاندووە نەک هیچ متمانە  و هیوایەکى نەهێشتۆتەوە  بەڵکو عێراقى بەرەو  تونێڵێکى تاریک و ئاقارێکى نادیار بردووە و ستەمکارى و دڕندایەتى دەسەڵاتدارانى بەغداى بەرامبەر بە گەلى کورد وەک دووەم گەورە نەتەوە لە عێراق گەیاندۆتە لووتکە .
لەگەڵ ئەوەى گەلى کورد و سەرکردایەتی سیاسى کوردستان ، چەندین جار هەوڵى یان داوە بەڕێگەى بەشداریکردنەوە لە هەڵبژاردن و پشتیوانیکردن لە پرۆسەى سیاسى عێراق و دەستوور و فیدڕاڵى بە هەموو دونیا بڵێن ئەوەى دژى دیموکراسى و پێکەوەژیانە و کارى بۆ گەڕانەوەى دیکتاتۆرى و تاکڕەوى دەکات و دژى هەموو بنەماکانى فیدڕاڵى و هاوبەشییە دەسەڵاتدارانى عێراقن و لەگەڵ ئەوەشدا زێهنیەتى فاشیزمەکانى بەغدا  هەوڵى زۆر دەدەن تاکە قەوارەى فیدڕاڵى و دەستوورى بە چەندین پیلان وسیناریۆى قێزەوەن و پێشتر ئامادە کراو نەهێڵن و لاواز بکەن و تەنها ماف و شایستەکانىیشى پێشێڵ و پاشگوێ بخەن ، چونکە بە زێهنیەتێکى زۆرینەى تایفى و مەزهەبى و فاشیزمى مامەڵە دەکەن و دیموکراسى و هاوبەشى و هەڵبژاردن هیچ واتایەکى نییە .
بۆیە ، کاتى ئەوە هاتووە و ناکرێت چیتر فێڵ لە خۆمان بکەین ، جارێکى بانگەشەى ئەوە بکەین بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى عێراق بکەن و فڕیاى دەسەڵاـتێکى فاشیزمى و مەزهەبى و تاکڕەوی بکەوین بە هەموو توانایەکەوە هەوڵى لەناوبردن و سووکایەتیکردن و لاوازکردنى گەلى کورد و سزادانى بەکۆمەڵى بدات ، ڕاستە گەلى کورد گەلێکى دیموکراسیخواز و ئازادیخوازە بە پێچەوانەى عێراق کە لە هیچ قۆناغێکدا بۆنى دیموکراسى و پێکەوەژیان و ئازادى جگە لە خۆسەپاندن و سڕینەوەى بەرامبەرەکەى باوەرى بەهیچ شتێکى تر نییە ، لە رابردوو سەرکردایەتى سیاسى کورد و لایەنەکوردییەکان بۆ ئەوە بەشداریان لە پرۆسەى هەڵبژاردن دەکرد تا دیموکراسى لە عێراق بەهێز و جێگر بێت و کار بە دەستوور و هاوبەشى بکرێت ، ڕووى راستەقینەشیان پیشانى هەموو  جیهان دا ، بەڵام  دەسەڵاتى فاشیزمى عێراق نەیتوانى هەرسى فڕەیی و پێکەوەژیان و دیموکراسى بکات و  رۆژ بە رۆژیش عێراق زیاتر سیماى دیکتاتۆرى دەردەکەوێت . 
گرنگە ئەو راستییە بزانین ، جارێک و دووجار و سێ جار بەشداری هەڵبژاردنى عێراقمان کرد و زیانى گەورەمان پێگەیاندین ، کاتى ئەوە هاتووە بە ئاگا بێنیەوە ،عێراقێک هەمیشە دڕندە ئاسا مامەڵەى کۆیلە و پاشکۆ لەگەڵ گەلێکى ستەملێکراو بکات ، عێراقێک دوێنى بەچەکى کیمیایی و ئەنفال و تیرۆر و ناپاڵم هەوڵى قڕکردنمان بدات و ئەمڕۆش بە چەکى میلیشیایی تیرۆریستى و وەلائیی و چەکى ئابوورى و درۆن و مووشەک پەڵامارى کوردوکوردستان بدات ، عێراقێک بە چاوى هاووڵاتى پلە چوار و  بن دەست مامەڵەت لەگەڵ بکات و هەر رۆژەوە پاساو  بیانوویەکت بۆ بێنێتەوە و شەڕى ئیرادە و دەروونێت لەگەڵ بکات و بە جۆرها جاشى دڕندە هێرشت بکاتە سەر ، نازانم هۆکار چییە و لە پێناو چى بۆ کێ لە کاتێکدا ئەوەى تۆزقاڵێک کوردبوونى لە ناو خوێن و ناخ دابێت ، باوەرى بەبەشداریکردن لە هەڵبژاردن و گەڕانەوە نییە بۆ ناوى عێراقێکى فاشیزمى .
ماوەى 22 ساڵە بوونى سەرۆککۆمارێک و جێگرى سەرۆکوەزیرانێک و دەیان پەرلەمانتارى کورد ، نەک هەر حیسابى بۆ ناکرێت ، بەڵکو بوونەتە گاڵتەجارى دەستى شۆڤێنییەکان  و  ئەوەى خۆیان حەزیان لێ بێت بە سەر کوردستانى  دەسەپێنن ، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، پەرلەمانتارانى کورد لە عێراق لەماوەى رابردوو چ دەستکەوتێکیان بۆ  کورد هەبووە ؟ ئەگەر شتێک بوو بێت ئەوا  فاشیزمەکان دوو قات و چوار قات لە بەرژوەندى خۆیان بەکاریان هێناوە ، هەتا ئەگەر بەڕێگەى سازانیشەوە بێت ، لەکاتێکدا عێراق تا ئێستا ئامادە نەبووە هیچ ڕێککەوتن و بڕگەیەکى دەستوورى کە تایبەت بێت بەرژوەندییە باڵاکانى کوردوکوردستانەوە جێبەجێ بکات ، بۆیە ، گاڵتەجارییە کاتێک باسى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى عێراق بکەین ،چونکە دەوڵەتێک نقووم بووبێت لە تیرۆر و گەندەڵى و تاڵانکارى و دەیان گروپى میلیشیایی  کە توانایی دابینکردنى ئاو  وکارەبایی نەبێت بۆ خەڵکى خۆى دەبێت چ سوودێکى بۆ  کوردستان هەبێ ؟ 
زۆر گرنگە هێزولایەنە نیشتیمانپەوەرەکان بە یەک دەنگ و یەکهەڵوێست کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى خۆیان ڕێک و ئامادە بکەن بۆ قۆناغەکانى داهاتوو و لە پێناو بەژوەندییە باڵاکانى کوردوکوردستان و خۆیان بە عێراقەوە سەرقاڵ نەکەن ، چونکە عێراقى فاشیزمى شەو و رۆژ خەونى سووکایەتیکردن و لەناوبردنى کوردوکوردستان دەبینێت و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن واتە کوتانى ئاسنى سارد و چەند بارەبوونەوەى هەڵەیە لە پێناو بەژوەندى کەسانێک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP