دواین هەواڵ

لەبارەی ناکۆکی هەرێم و بەغدا

‌زوبێر ڕەسووڵ

29/05/2025

خۆیی ئێمە هەڵەین کە پرسی ناکۆکی بەغدا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت پرسی موچەو شایستە داراییەکان تەنیا بە پرسی کێشەی پارتی یان یەکێتی لەگەڵ بەغدا ببەستینەوە، ئەم پرسە بۆ هەر دەسەلاتێکی تریش، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی ئێستاش بێت، هەمان کێشە وەک خۆی دەمێنێتەوە. کێشەکە لەسەر پرسی بوونی هەرێمێکە کە وەک ئەوەی هەیە لە دستوری عێراق بە تایبەت ئەو چوارچیوە فیدرالیەی کە بۆی دانراو ئێستا قبوڵکراو نییە! بە تایبەت کە هەرێم، نوێنەرایەتی پرسێکی گەورەی هەرێمیش دەکات کە پرسی کوردە، ئەمە وایکردووە  نەک رەهەندی ناوەخۆی، رەهەندی هەرێمیشی تێکەڵ بەو پرسە بێت و ئێران و تورکیاش لەو پرسە پاڵپشتی عێراق بن. ئەمە پەیوەستە "بە هاوکێشەی هێز" زیاتر، نەک رەهەندە دستوری و یاساییەکان. دوای ریفراندۆم قناعەتێک بۆ عێراق و ئێران و تورکیاش دروستبووە کە دەکرێت هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدرێت و بچووکبکرێتەوە بۆ جۆرێک لە لامەرکەزی ئیداری. دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە یان پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا (ئەگەر سەربگرێت) دەکرێت ئەم روانگەیە قوڵتریش ببێتەوە. گوتاری گشتی ئەوەیە کە "تەنیا بژاردەی هەرێم رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا"، بەس ئەم رێکەوتنە ناکرێت و ئاسان نییە بەو فۆڕمەی بەغدا و بەشێک لە هێزە هەرێمیەکان و نوخبەی سیاسی عێراقیش دەیەوێت.

مەسەلەی هێلکە نەخستن ناو سەبەتەی ئەمریکا بۆ هەرێم بژاردەیەک نییە، بەڵکو تەنیا رێگایە کە هەرێمی کوردستانی هێشتۆتەوە. بۆیە ئەم پرسە دەبێت لەسەروی پرسی کێشەی پارتی و بەغدا سەیر بکرێت. عێراق گەر بەو سەنگە حساب بۆ پارتی و یەکێتی نەکات، ئەوە دڵنیا بن بۆ لایەنی تری هەر ناکات. لە روانگەی بەغدا و نوخبەی سیاسی عەرەب، بە شیعەو سوننە، هەرێمی و کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردەکان هەموو یەک مەعدەنن. ئەم دۆخەی ئێستا دوور نییە پاڵنەری گەورەتریشی لەپشت بێت... ئەمریکا قەت بەو روونییە لایەنگری هەرێمی کوردستانی نەکردووە، ئەمە مەرج نییە گەرەنتی بێت، بەڵام دەشکرێت ئاماژە بێت بۆ دۆخێکی تری فروانتر لە ناوچەکە. دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردییەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن لەسەر ئەو جۆرە مامەڵەیەی بەغدا. چونکە ئەم دۆخە نە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتییە نە لەبەرژەوەندی لایەنە کوردییەکانی ترو نە لەبەرژەوەندی خەلکیشە. ئەم دۆخە ناشتوانێت پارتی و یەکێتی و بروخینێت و تەواوی ئەو سیستمە سیاسییە بگورێت، وەک هەندێک کەس بە تاکە چارەسەری دەبینێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP