بەگشتیی هەموو ئیمپراتۆریی و دەوڵەتە داگیرکەرەکان، هەوڵی کەرتکەرتکردن، بەگەردیلەییکردن (ئەتۆمیزەیشن)ی نەتەوە داگیرکراوەکانیان داوە و چەندین تاکتیک و ڕێچکە و ستراتیژیشیان گرتووەتە بەر، لە ئەنترۆپۆلۆژیا و دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانەوە بۆ دەزگای سەرکوتکار. هەندێک جار ئەم کارە لەلایەن بزووتنەوەی سەر بەو نەتەوەیە خۆشییەوە ئەنجام دەدرێت. لێرەدا کورد بە نموونە وەردەگرین:
١ - کەرتکردنی پانتایی:
دابەشکردنی کوردستان لە ڕوانگەی بەڕێوەبردنەوە بۆ نێو کۆمەڵێک پارێزگا و قەزا و پشتێنەی لێکدابڕاو، ئەوەی عەرەب پێیدەگوت «پشتێنەی عەرەب». دوای ئەمە چیتر نەتەوەیەکت بەناوی کوردەوە نامێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەیی و خۆجێیی لێکدابڕاون.
٢ - لەناوبردنی دامەزراوە سەربەخۆکان:
تەفروتوناکردنی میرنشینەکان، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و دابەشکردنیان بۆ نێو خێڵ و هۆزی بچووک بچووک، و لەناوبردنی نوخبە و دەستەبژێری ئەو نەتەوەیە کە توانای گۆڕینی ناسنامەی کوردییان هەیە بۆ نێو پانتایی و سەروەریی سیاسیی ڕێکخراو.
٣ - گۆڕینی نەتەوە بۆ نێو خێڵ و گەلی بچووک بچووک:
وا مامەڵە لەگەڵ کورد بکە لە بنەڕەتەوە خێڵ، قەبیلە، کۆمەڵەی ئایینیی و کۆمەڵێک دانیشتووانی ڕەسەنی لۆکاڵیین، لەم ڕووەوە کاتیگۆریی سیاسیی نەتەوەی کورد بگۆڕە بۆ گەلی بچووک بچووکی وەک «گەلی ئێزیدیی، گەلی هەورامیی، گەلی زازایی، گەلی عەلەویی، گەلی شەبەک و یارسان و کاکەیی» و هتد. و پاشان جەنگ و پێکدادانی نێوان ئەم ناسنامانە لەسەر ڕەسەنبوون و مافی مێژوویی ئەو ناوچەیە دێتە ئاراوە.
٤ - گۆڕینی دیمۆگرافیا:
کوردان دیپۆرت بکە و شوێنگۆڕکێیان پێ بکە، گوندەکانیان وێران بکە، خەڵکانی دیکە لەسەر ئەم خاکانە نیشتەجێ بکە: وەک تورکمان، عەرەب، عەرەبی فەڵەستینیی، تورک، ئازەریی، ئێرانیی. لەم ڕووەوە بۆ ئەبەد خواست و بانگەوازی پەیوەندیی نێوان کورد، خاک و ڕەهەندی سیاسیی لەناو دەبەیت.
٥ - یادەوەریی پانتایی/قەڵەمڕەو بسڕەوە:
ناوی شارە کوردییەکان، گوند و ڕووبار و چیاکان بگۆڕە. ئامەد بکە بە دیاربکەر، دەرسیم بکە بە تونجەلی، کۆبانێ بکە بە عەینلعەرەب، ناوی مێژوویی کوردستان بگۆڕە بۆ کۆمەڵێک ناوی چیایی وەک زاگرۆس و تۆرۆس و ناوی پانتایی کوردستان بکە بە هەرێمەکانی مەتینا و مەدیا و هتد. ئیتر خۆبەخۆ وشیاریی و یادەوەریی مێژوویی دەسڕدرێتەوە.
٦ - بێکەڵککردنی زمانی کوردیی لەڕووی سیاسییەوە:
زمانی کوردیی کورت بکەرەوە بۆ گۆرانیی گوتن، سەماکردن، ناوی خواردن و جلوبەرگی نەریتی، بەڵام زمانی تورکیی، فارسیی و عەرەبیی بکە بە زمانی سیاسەت، فەلسەفە، بەڕێوەبردن و بە کورتیی بیانکە بە زمانی دەسەڵات و سیاسەت. هەرکە لەوە کەوتیت بە کوردیی سیاسەت بکەیت، بەڵام بە کوردیی نان بخۆیت و ستران بچڕیت، ئەوا بەشێکی سەرەکیی ناسنامەی سیاسییت لەناودەبەیت.
٧ - بەفۆلکلۆرییکردنی کوردایەتیی:
ڕێگە بە مۆسیقا، خواردن، جلوبەرگ و حیکایەتە کوردییە فۆلکلۆرییەکان بدە، بەڵام کوردایەتیی وەک کاتیگۆرییەکی سیاسیی ڕەتبکەوە و یەکسانی بکە بە کۆمەڵێک جوێن و سوکایەتیی: کوردایەتیی یەکسانە بە چەتەگەریی، کوردایەتیی واتا حەشدی ناسیۆنالیستیی، ناسیۆنالیزمی سوننەی موکریانیی. هەرکە واتکرد، کوردایەتیی و ناسنامەی سیاسیی کورد خۆبەخۆ دەبێتە بابەتی عەنتیکە و لە داهاتوودا دەبێتە بابەتی مۆزەخانەیی.
٨ - تیرۆریزەکردن و لەناوبردنی دەستەبژێری نەتەوەیی:
لەناوبردن، زیندانییکردن، دەرپەڕاندن یاخود پەراوێزخستن و لەڕووی کەسایەتیی و ئەخلاقییەوە دێواندنی ڕۆشنبیران و بیرمەندانی سیاسیی جیاوازبیر، بەڵام ئەو قەڵەمبەدەست و کەسایەتییانە هەڵبژێرە کە ئاستی خوێندەوارییان کەمترە، بەڵام ئامادەیی زیاتریان بۆ بەناوەکییکردن و قبووڵکردنی دۆگما هەیە و حەزی زۆرتریان بۆ پەرستنی کەسایەتیی ئەویدیکە هەیە.
٩ - بەدگۆڕینی پرسی نەتەوەیی بۆ نێو پرسی ئاساییش و کۆمەڵایەتیی:
پاشان ئاسانترین ڕێگە ئەوەیە پرسی نەتەوەیی کە پرسێکی سیاسییە و پەیوەندیی بە مێژووی سیاسیی و مافی مێژوویی خاکەوە هەیە بگۆڕە بۆ پرسی کۆمەڵایەتیی و ئاساییش: کێشەی ژن و مێرد، دایک و کچ، کوڕ و باوک، بووک و خەسوو، پاشان بیگۆڕە بۆ پرسی ئاساییش: تیرۆر و هەڕەشە لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی. خۆبەخۆ لە درێژخایەندا پەیکەرەی بوونی نەتەوەیی نەتەوەکە دەکەیتە بابەتی نەخۆشییزانیی کۆمەڵایەتیی.
١٠ - جوێندان بە ناسیۆنالیزم و دەوڵەت:
باشترین ڕێگە ئەوەیە ئەو باوەڕە لای نەتەوەی داگیرکراو دروستبکەیت نەتەوە و ناسیۆنالیزم و دەوڵەت باویان نەماوە، زەحمەتە دروستبکرێن، شەڕ دروست دەبێت، ئاگر و ماڵوێرانیی دێتەئاراوە. مەنسوور حیکمەتی ئێرانیی لەنێو کورددا جوێنی بە ناسیۆنالیزمی کوردیی دەدا، حەمید دەباشیی دەیگوت دەوڵەتی کوردیی پێش ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوبەرێت، کارەسات بۆ کوردان خۆیان دەخوڵقێنێت. کورد لە دەوڵەت بترسێنە و ڕەشبینی بکە: دەوڵەت جینۆساید بەرهەم دەهێنێت، دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کورد دانامەزرێت. گەمەی سایکۆلۆژیی.
١١ - ئینتگرەکردنی کورد:
بڵێ کورد تا ئێستا لە دەرەوەی دەوڵەت بووە، من دەیهێنمە ناو دەوڵەتەوە، لێرەوە ناسنامەی سەربەخۆی کورد بکە بە کوردی عێڕاقیی، کوردی سووریی، کوردی ئێرانیی و کوردی تورکیی. ئەو هەستە لای کورد دروست بکە: تاران و ئەستەنبوڵ و بەغدا و دیمەشق دەکەینە کوردستان. ئەم هەستە دەروونییە بۆ ماوەیەک دەبێتە دەرمانێکی باش بەرانبەر بە شۆک و هەژان، بەڵام بۆ ناپرسیت: من چیم داوە لەوەی ئەستەنبوڵ، تاران، بەغدا و دیمەشق بە کورد بکەم، با کوردستان بە کوردستانیی بکەمەوە.
١٢ - هەرکە پێتوابوو ئەستەنبوڵ و تاران و بەغدا و دیمەشق هی تۆن، تۆ ناسنامە کوردییەکەت، مێژووە سیاسییەکەی کوردستانت ون دەکەیت. لەنێو یەکەیەکی گەورەتردا دەتوێیتەوە و ئینتگرە دەبیت.
١٣ - گۆڕینی ڕەهەندی سیاسیی بۆ پرسی ئایینیی:
لەبری یەکێتیی نەتەوەیی، کە ڕەهەندێکی سیاسییە، سیکۆلار و مۆدێرنە، کورد بگەڕێنەوە بۆ چەمکی ئیسلامیی/ئیخوانیی برایەتیی (گەلان)، بەڵام بەدڵنیاییەوە، تۆ وەک برا بچووک، یاخود خزمەتکاری برا گەورە.