دواین هەواڵ

دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە مووچە چی لە هەرێم داوا کرد؟ هەرێم چی جێبەجێ کرد؟

‌ئامانج ڕەحیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەڵقەی (۲)
ئامانج ڕەحیم
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران

لە پۆستی پێشوودا باسم لە ماف و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کردبە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی؛ لەم پۆستەدا لایەنی دیکەی هەمان بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی دەخەمە ڕوو: پابەندییەکانی هەرێم و چۆنیەتی جێبەجێکردنیان.

بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢٢٤ و یەکخراوەکەی ٢٦٩/اتحادية/٢٠٢٣) لە ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٤، چەند پابەندییەکی ڕوونی خستووەتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئایا هەموو ئەو پابەندییانە جێبەجێ کراون؟

١ـ بە بانکی کردنی وەرگرتنی مووچە:

هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە و خۆیان تۆمار کردووە بۆ وەرگرتنی مووچە لە ڕێگەی سیستەمی بانکییەوە. هەروەها بە نووسراوی ڕوونی دادگای باڵای فیدڕاڵی، هەر بانکێک کە مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقی هەبێت و لە ژێر چاودێری و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی بێت، بۆ ئەم پرۆسەیە پەسەندکراوە.

کەواتە، گواستنەوە بۆ سیستەمی بانکی جێبەجێ کراوە.

٢ـ لیستی مووچە و داتای مووچەخۆران:

هەموو مانگێک لیستی مووچە و داتای مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەکرێت بە هەمان شێواز و ڕێکاری ژمێریاری فیدڕاڵیی؛ لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە پێداچوونەوە و وردبینی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت ئینجا مووچەکە خەرج دەکەن.

واتە ژمارەی مووچەخۆران، پلەکانیان، بڕی مووچە و زانیارییە دارایییە پەیوەندیدارەکان هەموو مانگێک لە ژێر وردبینی و پێداچوونەوەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیدان.

٣ـ میزان المراجعة و حساباتەکانی هەرێم

(میزان المراجعة)ی تەواوی داهات و خەرجییەکانی هەرێم بە بەردەوامی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەکرێت و تا میزان المراجعەی مانگی پێشتر نەگاتە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووچەکە خەرج ناکەن.

جگە لەوەش، هەموو سێ مانگ جارێک دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ داهات و خەرجی و حساباتەکانی هەرێم دەکات. بەمەش پابەندییەکانی پەیوەست بە پێشکەشکردنی حسابات و چاودێری دارایی جێبەجێ کراون.

٤ـ داهاتی نانەوتی

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، بە پێی بڕیاری ژمارە (٥٥٠)ی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی ساڵی ۲٠۲٥ بڕی ١٢٠ ملیار دینار مانگانە دیاری کراوە.

ئەم بڕە پارەیە هەموو مانگێک لە تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە؛ واتە پابەندیی هەرێم سەبارەت بەو بڕە داهاتە نانەوتییەی دیاریکراوە، بە شێوەی کرداری جێبەجێ دەکرێت.

٥ـ نەوت و داهاتی نەوتی

لە بابەتی نەوتدا، کە ساڵانێک یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بوو، ئێستا پێشکەوتنێکی بنەڕەتی بەدەستهاتووە.

هەرێمی کوردستان ژێرخانی نەوت و ووزە و بۆری هەناردەی خۆی خستووەتە خزمەتی عێراق و لە ئێستادا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لە ڕێگەی ئەم ژێرخانەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێ دەفرۆشرێت، و داهاتی فرۆشتنەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی سەرەڕای ۱۲٠ ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ.

بەمەش پابەندیی هەرێم لە بابەتی نەوت و داهاتی نەوتیدا جێبەجێ کراوە، و هەرێم ئێستا خۆی بە داهاتی کاشی نەوتی و نانەوتی خۆی ڕێژەیەکی بەرچاوی داهاتی فیدڕاڵیی بۆ عێراق دابین دەکات.

کەواتە، ئەنجامەکە ڕوونە:

بە بانکی کردنی مووچە جێبەجێ کراوە؛ لیستی مووچە مانگانە وردبینی و پەسەند دەکرێت؛ میزان المراجعة و حسابات پێشکەش دەکرێن؛ دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی بەردەوام وردبینی دەکات؛ ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی مانگانە حساب دەکرێت؛ نەوت هەناردە دەکرێت و داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە.

واتە، هەموو ئەو پابەندییانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی خستوویەتیە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ کراون.

ئێستا پرسیارێکی سادە و ڕەوا دەمێنێتەوە:

کاتێک هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆچی مووچەی خەڵک دەبێت هێشتا بە ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغداوە ببەسترێتەوە؟

خودی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم نابێت ببێتە هۆکاری ئەوەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی مووچەی مانگانەیان لە کاتی خۆیدا وەرنەگرن.

لەبەر ئەوە، لە سەروبەندی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧دا، پێویستە ئەم بنەمایە بە ڕوونی جێگیر بکرێت:

هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە؛ مووچەخۆرانی هەرێمیش دەبێت ماف و شایستە دارایییەکانی خۆیان بە بەردەوامی و لە کاتی خۆیدا وەربگرن.

مووچە مافی خەڵکە؛ نابێت ببێتە بەشێک لە ناکۆکیی نێوان دوو حکومەت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP