دواین هەواڵ

ئیکۆسایدی هەورامان و مەرگی سیروان

‌فەرەیدوون پەروازە

26/05/2025

تۆماری جیهانی هەورامان لە لایەن یۆنسکۆ و هەروەها ناساندنی ئەو ناوچەیە لە لایەن میدیا و  خەڵکی ناوخۆوە هۆکارگەلێک بوون بۆ ئەوەیکە گەشتیارێکی زۆر بە تایبەت لەو چەن ساڵەی دواییەدا  روو بکەنە هەورامان. هەورامانی تەخت و هەورامانی لەهۆن  لە چاو هەورامانی ژاوەرۆ ناوچەگەلێکی نەشەمزاو و سرووشتین و هەروەها بە هۆکارگەلی شاخاوی بوون و هەبوونی بەنداوەکانی داریانەوە گەشتیارەکان زیاتر روو لەوێ دەکەن. پیشەی گەشتیاری گەرچی وەک پیشەیەکی سەوز و پاقژ حەسابی بۆ دەکرێ بەڵام سەرەڕای ئەو تابەتمەندییە باشانە لایەنی خەسار و زیانمەندیشی هەیە. 
لایەنی نەرێنی پیشەی گەشتیاری بە تایبەت سەبارەت بە ناوچەی هەورامان زیاتر لە ناوچەکانیترە. 
ــ شیو و دۆڵەکانی هەورامان بە شێوەی V یە و داوێنی شاخەکانی پڕە لە کانیاو و چۆمی خرۆشان و لە بەرامبەردا لۆتکەی شاخەکان دەموشک و بێ ئاوە. بە هۆی هەبوونی تاشە بەرد و ماهەکانەوە ئیمکانی پانوپۆرکردنی رێگاوبانەکان ئەستەمە. 
ــ سرووشت و ژینگەی هەورامان رازاوەیە بە سەدان جۆری گژوگیا و دار و درەختی بەردار  و بێبەر. بە هۆی نزم بوونی هەورامان لە ئاستی دەریاوە(800m) لە چاو دەوروبەری ئاووهەوایەکی گەرمتری هەیە. بە هۆی ئەو بارودۆخە سرووشتییەوە وەشتوواری هەورامان (بەفری بەرزاییەکان و بارانی داوێن 700mm )زیاتر لە ناوچەکانیترە. هەنار و توو و هەنجیر لە بەرهەمە بە ناوبانگەکانی ناوچەکەیە. بەروبوومی دیکەی هەورامان هەر لە گژوگیا دەرمانی و خۆراکییەکانەوە بگرە هەتا بنێشتەتاڵ، هەنگوێن و دۆشاوە جۆراوجۆرەکان لە وەرز و کاتی خۆێدا هەناردەی دەرەوە دەکرێ. 
ــ دەیان جۆر پەلەوەر و ئاژەڵی دەگمەن هەر ئیستە لە هەوڕاماندا هەیە کە بە داخەوە بە هۆی بەنداو سازی و رێگاوبانی داتاشراو و ناشیانەوە، رێگای ئاوەن و رەوەنیان لێ براوە و بێجگە لەو بابەتەش کەسانێکی هەلپەرەست بە رۆژی روون خەریکی راو کردنیانن. 
ــ گەرچی ئابووری هەورامان و ئاستی خۆشبژێوی خەڵک لە چاو ناوچەکانیتر خوارترە بەڵام ئەو جۆرە ژیانە بە درێژایی مێژوو، بەرهەمی مامەڵەی خەڵک بووە لە گەل سرووشتدا. خۆراکی سرووشتی خەڵکێکی تەندرووست و لەشجوانی بەرهەم هێنابوو کە بە داخەوە سەرهەڵدانی هندێک ئیشی لاوەکی بە تایبەت پیشەی گەشتیاری هەموو پێوەندییەکانی نێوان سرووشت و خەڵک دەشێوێنێ .
پیشەگەلی ئاژەڵداری جێگای خۆی ئەدات بە کێڵگەی ماسی و مریشک. 
ــ هەورامان بێجگە لە سرووشتە خەمڵاوەکەی ناوچەیەکی فەرهەنگی، مێژوویی و سیاسییە و بێجگە لەو بابەتەش  عیرفان و سۆفیگەری ئیسلامی لەو ناوچەیەوە تیشک و پرشنگی داوەتە دەرەوەی هەورامان. پیشەی گەشتیاری نەک ئەو کلتوور و زمانە دەوڵەمەندە وەکوو خۆی ناناسێنێ بە میوان و گەشتیاران بەڵکوو خەڵکی خانەخۆی بۆ ئاسانکاری پێوەندی لە گەل گەشتیاران، هەوڵئەدەن زمانی دەرەکی فێر ببن و لە ئاکامدا زمان و ئاین و عیرفانەکەیان کاڵ و کەمڕەنگ دەبێتەوە و دەکەوێتە پەراوێزەوە.
سەرئەنجام:
پۆتانسێل و توانستە مرۆیی و سرووشتییەکانی هەورامان بە راستی جێی سەرنجە و ئەوەیکە لێرەدا مەبەستی سەرەکی بوو، ئەوەیە کە هەوڵێکی ناشیانە و غەیرە ئاکادێمی بۆ گەشەی باری گەشتیاری لە ئارادایە کە ئەگەر ئەو هەوڵانە بە ئەنجام بگات هەورامان دەبێتە وێرانە. بە کوردی و کورتی ناوچەی هەورامان بە هۆی بەرتەسک بوونی رووبەری خاک و دەشتاییەوە ئیمکانی گەشەپێدانی لە ئاستی بەربڵاودا نیە و بە هۆی زەختی لە رادەبەدەرەوە هەموو پارادایم و تەکووزییەکان دەشێوێ.
پلانی "تۆنێل سازی" بە مەبەستی ئاسانکاری لە هاتووچوودا گەرچی دەبێتە هۆی هاتنی گەشتیارێکی فرە و فراوان بەڵام بە راستی لە ئاکامی سەرکەوتنی ئەو پلانەدا هەم سرووشتە نەشەمزاوەکە و هەم خەڵکەکەی رووبەرووی کێشەی قەرەبوونەکراو دەبنەوە. رەچاونەکردنی لایەنە ژینگەیەکان لە بەرنامە و پرۆژەکانی گەشەپێداندا، هەرێمی زاگرۆس و تەنانەت ئێرانی خستۆتە بەردەم هەرەشەی لە ناوچوونی هەتاهەتایی. 
دواین وێستگەی گەشتیارەکان لە هەوراماندا سڵێن، بڵبەر و بەنداوی داریانە کە لە بواری ژێرخان و ئاوەدانکردنەوەدا ئیمکان و دەرەتانی گەشەپێدانی نیە . هیچ ژێرخان و پێش زەوینەیەکی گەشتیاری (هۆتێل و مۆتیل، بنکەی فریاکەتنی بەپەلە، نەخۆشخانە و،،، )بۆ ئەو ناوچەیە بوونی نیە. نە پەروەردە لە بواری گەشتیارییدا ئەنجامدراوا نە رێخراو و ngoگەلی گەشتیاری بوونی هەیە. دیارە هەموو هەوڵەکان بۆ تۆنێل سازی و گەشەپێدانی رێگاوبان تەنیا بەرژەوەندی ماڵی لە پشتە و لە ئەنجامی سەرکەوتنی ئەو پلانەدا سرووشتە پاقژ و تەندرووستەکەی هەورامان پیس و پۆخڵ دەبێ و بە راستی شاخەکان بەرگەی نەشتەرگەری تۆنێل سازی و درووستکردنی تیلەکابین و،،، ناگرێت.
ئەرکی هەموو رێخراوە ژینگەیی و کەسایەتییە سەربەخۆ و ژینگەدۆستەکان لەو بارودۆخەدا ئەوەیە کە بەرایی ئەو هەوڵانە بگرن و بە دۆزینەوەی جێگرەوەی دیکە پرسەکە ورووژێنن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP