دواین هەواڵ

ماڵئاوا چەک؛ ماڵئاوا ماو

‌د.سەردار عەزیز

پێش 2 هەفتە

لەم ڕۆژگارەدا کە قسە لە سەر چەکدانان دەکەین، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پاشەوە، هەتا بزانین چۆن بڕۆین بەرەو پێشەوە. کۆتایی چەک لە سیاسەتی کوردیدا، وەرچەرخانێکی ئێجگار گەورەیە لە شێوازی پەیوەندی کورد بە پرسی خۆی و دەوروبەرییەوە. کاتێک لەم ڕابوردوە ڕادەمێنم، هەست دەکەم ماو تسی تۆنگ بە زۆر شێواز ئامادەیە لە سیاسەتی چەکداریی کوردیدا، بەڵام هێندە ئاگایی نیە بەرامبەری. 
بزوتنەوە چەکدارە کوردەکان لە بەرەی چەپ زیاتر بە مارکسی دەناسرێن. بەڵام لە ڕاستیدا ماویین. 
ماوی بون یانی چی؟ 
ئەو دیدەی بە سەر فەلسەفەی هێزی ڕۆژئاواییدا زاڵە، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێی دەڵێن گفتوگۆی میلیان، کە تیایدا ثیوسەدایدس، ئەو دیدە دادەڕێژێت کە بەهێزەکان ئەوە دەکەن کە دەخوازن، لاوازەکان دەبێت قبوڵی بکەن.
ماویزم هەوڵێکە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم ڕوانگەیە. بەم پێیە کرۆکی ماویزم بریتیە لە گرتنە بەری کۆمەڵێک ستراتیژ کە چۆن لاواز بتوانێت لە بەهێز بباتەوە. ماو کۆمەڵێک ستراتیژی جیاوازی هەیە، کە زۆریان ئێستا بوون بەشێک لە ستراتیژی جەنگ، وەک درێژکردنەوەی جەنگ، ماو لە یینان ئەم مۆدێلە دەناسێنێت protracted war، ئەم کارە لە سەر کات و نەزیف، لە هەمانکاتدا شوێن، وەک ناوچەی شاخاوی، گوند، هەروەها گرنگی زۆرە لە گەڵ میتۆدی بۆسە و ئەگەری بوون لە هەموو جێگایەک. هەتا هێنانی دوژمن بۆ شاخ و ماندوکردنی و پاشان ئابلۆقەدانی لە شار. 
 لە ڕاستیدا مارکسیزم بروای وەهابوو کە بەهێز براوەیە، بە تایبەتی ئەوەی خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئابورییە، بۆیە مارکسیزم لە گەڵ خەباتی چەکداریدا هێندە تەبانیە.
لەبەر ئەم تایبەتمەندییە، بردنەوەی لاواز لە بەهێز، فەلسەفەی شەڕی گەریلایی ماو وەک یەکێک لە وانەکانی کۆلێژی شەڕ لە ئەمریکا دەخوێنرێت.
دوو بزوتنەوە لە ناو کورددا بە ڕاستەوخۆ ماویی بوون، یەکێتی و پارتی کرێکاران. یەکێتی کەمتر لە ستراتیژ و دونیابینیدا قوڵبوەتەوە، بەڵام پەکەکە لە هەموو ئاستێکدا ماویی بوو. گەر لە ئەدەبیاتی ئۆجەلان و دوران کەلکان و ئەوانیتر بنواریت، گەر لە سەرەتاکانی هەرێمی بۆتان و هەروەها لە ستراتیژەکانی سەرقاڵکردن لە چەپ و لێدان لە ڕاست یان بە پێچەوانە، هەروەها سودبینین لە جوگرافیا و گوند و جوتیار، لە گەڵ دژایەتی فیوداڵ، لە سەر بنەمای نیمچە فیوداڵ و نیمچە کۆلۆنیال، هەموو دەرخەری کاریگەری خەستی ماویزمە بە سەر پەکەکەوە. 
دەڵێن لە بیقاع بارەگاکان لە شێوەی پیتی هێچیH ئینگلیزی بوون، کە دیسانەوە سودبینینە لە ئەندازەسازی ماو.

جێگای سەرسورمان نیە کە سەرچاوی سەرەکی هەردوو حیزبەکە بۆ ماویزم، بەرەی شەعبی نایف حەواتمە و جۆرج حەبەشە. فەلەستینیەکان ڕاستەوخۆ ماویی بوون، بە جۆرێک کاتێک کە ماو دەیانبینێت دەڵێت ئێوە دەروازی ئاسیان و ئێمە کۆتایی. ماو تایوان و ئیسرائیل وەک یەک دەبینێت، کە لێکچواندێکی بەمەبەستی سیاسییە.
کرۆکی ماویزم پشتبەستن بوو بە چەک بۆ بە دەستهێنانی ماف. ئێستا وەها دیارە کە سەردەمی چەک ئاوا دەبێت. ئایا ماویزم کە لە حەفتاکان توشی گواستنەوە هات، لە سیستەمێکی دژە سەرمایەدارییەوە بۆ باوەشکردنەوە بۆ سەرمایەداری بەبێ تەسلیمبون پێی، لە کوردستان بەرەوکوێ دەچێت. ماویزمی چینی بەرەو دیموکراسی نەچوو، چونکە ڕۆژئاوا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرد. 

گەرچی لە کاتێکدا بەخێرهاتن لە چین دەکەین، لە هەمانکاتدا ماڵئاوایی لە ماو دەکەین. ماو خۆی عەشقێکی زۆری هەبوو بۆ دژایەتی، تەنانەت فەیلەسوفی بێتاقەت، سلاڤۆ ژیژاک، کتێبۆکەیەکی لە بارەوە نوسیوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP