دواین هەواڵ

هەڕەشەکەی مەسرور بارزانی

‌شەنكار عەبدوڵا

17/04/2021

شەوی 14-4-2021 بۆ جارێکی تر هەولێری پایتەخت کرایە ئامانج لەلایەن هێزە میلیشیا و بەکرێگیراوەکانی دەرەوەی عێراق بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق.

هێرشی ئەمجارەی میلیشیاکان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە دیوە لەچاو هێرشەکانی پێشووتردا، چونکە ئەمجارە بەبۆمب هاویشتن نەبوو، بەڵکو بە درۆن بوو، کەئەم کارە هەم مەترسیدارترە و هەم باشتر ئامانجەکەی خۆی دەپێکێت، هیچ گومانیش ناهێڵێتەوە بەوەی کەئەم کارە بەیارمەتی و هاریکاری وڵاتانی ترکراوە، هەرچەندە هێرشەکانی زیانی گیانی نەبوو جگە لەزیانی ماددی.

دوای هێرشەکەی میلیشیاکان ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی سەر هەولێریان سەرکۆنە کرد و رایانگەیاند، "ئێمە بۆچوونی هاوبەشمان هەیە لەوەی کە هێرشکردنە سەر ئەندامان و پێگەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان جێگەی قبووڵکردن نییە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکانی سەر ئەندامانی سەربازیی و دامەزراوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێوەدەڵەتی قبووڵ ناکرێن و  پابەندبوونی بەردەوامیی خۆمان بۆ شەڕی دژی داعش دووپات دەکەینەوە."

ڕۆژی 14-4-2021 واتە هەمان رۆژ مەسرور بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، وتی، بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی یەکجاری رێکخراوی داعش له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا پێویستمان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە، داواشی لە هاوپەیمانان کرد، مەترسی و هەڕەشەکان بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دەرەوە بەجددی وەربگرن.

پێشتریش لەسەروبەندی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن، مەسرور بارزانی رایگەیاندبوو، پێویستە شاندی عێراق ئەوە لەبەرچاو بگرێت، هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی هەیە و پێیوایە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراقدا بمێننەوە.

له‌ 3ی‌ كانونی دووه‌می‌ 2020، كاتێك قاسمی سلێمانی‌ و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ كوژران، هادی عامری‌ له‌ پرسه‌كه‌یاندا به‌ڵێنیدا له‌ په‌رله‌مان كار بۆ پرۆژه‌ بڕیارێك بكه‌ن هێزه‌ بێگانه‌كان ناچار بكات به‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ عێراق، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ دو رۆژ دواتر به‌بێ ئاماده‌بونی كوردو سوننه‌ كوتله‌ شیعه‌كان بڕیارێكیان له‌ پێنج خاڵدا ده‌ركرد بۆچونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ بێگانه‌.
له‌دوای‌ ئه‌و بڕیاره‌وه‌، ئێران به‌رده‌وام داوا له‌ به‌رپرسانی شیعه‌ له‌ناو حكومه‌تی عێراق ده‌كات هێزه‌كانی ئەمریکا له‌ عێراق بكەنە ده‌ره‌وه‌.
ئەوەبوو چەند رۆژێک دواتر گروپێكی چه‌كداری‌ شیعه‌كان به‌ناوی‌ ره‌بعوڵا، رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غداو وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی، كه‌ مه‌به‌ست لێی مسته‌فا كازمی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بو.

لەدوای ئەو ڕووداوانەشەوە رۆژانەش‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی شیعه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌ عێراق وه‌ك فشارێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ عێراق جێبهێڵن.

دوای هێرشەکەی شەوی 14-4-2021 مەسرور بارزانی هەڕەشە دەکات و دەڵێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن.
هەروەها دەشڵێت، هێرشەکانی ئەمدواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئەوەشی وت، هەر گروپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنوری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتودا لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.

هەڕەشەکەی مەسرور بارزانی، کەلە ڕاگەیەندراوەکەیدا کردی، جیاوازە لە ڕاگەیەندراوەکانی تر، چونکە لەسایەی دەوڵەتی عێراق و لاوازی دامەزراوەکانیدا، بەتایبەتی دامەزراوەیی عەسکەری و نەبونی کۆنتڕۆڵ لەلایەن کازمییەوە زەحمەتە چ هەرێم و چ عێراق و چ هێزە بیانییەکانیش چیتر بتوانن لەعێراقدا شەوێک بەئارامی چاولێک بنێن.

بۆیە دەبێ هەڕەشەکەی مەسرور بارزانی پێش هەموو شتێ، ڕەنگدانەوەی لەخێراکردنی یەکگرتنەوە و تۆکمەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبێ و کەلەئێستادا لەچوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمدا کاری لەسەر دەکرێ و گرنگە ئەو بێسەروبەرەییە نەهێڵێ کەماوەی ٣٠ ساڵە جەستە و ڕۆحی پێشمەرگەی شەکەت و ماندووکردووە و پێشمەرگەی لەهێزێکی نیشتیمانییەوە کردووەتە هێزێکی تەواو حزبی و بێ دیسپلین، بۆئەوەی لانیکەم سنورەکانی هەرێمی کوردستان قایمتربکرێ و کەمتر بواری جموجوڵ و تەراتێنی داعش و میلیشیاکان بدرێ.
لەلایەکی ترەوە کارکردنی ورد و بەحساببێ لەگەڵ هێزە بیانییەکان بەتایبەتی ئەمریکا، کەلەوە زیاتر خەمسارد نەبن لەبەرامبەر کورد و سوننەی عێراقدا کەبەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی فاشیزمی شیعیدان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP