دواین هەواڵ

هەندێ زانیاری لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە

‌شەنكار عەبدوڵا

09/10/2021

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت تاڕادەیەکی باش بەڕێوەچووە، تاهەنوکە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمیش لێی ڕازی بوون، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بەئاراستەی ئەوەی کەدەنگدەر زیاتر متمانەی بەپرۆسەی دەنگدان هەبێ بۆ دەنگدانی گشتی بەشداری بکەن.

پێش هەرشتێ دەنگدانی تایبەت، لەسەدا 10 بۆ 15ی دەنگدانی گشتی دەگرێتەوە، یان کۆی گشتی دەنگدەر دەبێت، چونکە هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بەردەوام لەژێر فشاردابوون بۆ ئەوەی دەنگبدەن، جیاواز لە فەرمانبەران و هاوڵاتی ئاسایی، بۆیە بەردەوام ڕێژەی بەشداری لەدەنگدانی تایبەت بەرزە.

لەدەنگدانی تایبەتدا لە1992ەوە هەمیشە پارتی و یەکێتی زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، تەنیا هەڵبژاردنی 2009 هێزێکی وەک گۆڕان 25 هەزار دەنگی هێناوە و دواتر بووە 13 هەزار و دواتریش بۆ 7 هەزار، تاهەنوکەش دیار نییە ئەمجارە چەند دەنگیانهێناوە.

هەرچەندە هەموو ئەنجامەکان لای کۆمسیۆن هەیە، بەڵام کۆمسیۆن دەیدات بەبریکاری لایەنە سیاسییەکان و خۆی نایەوێ بڵاوی بکاتەوە، چونکە هەندێ کاریگەری سلبی لەسەر کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت، کۆمسیۆنیش نایەوێ خۆبخاتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییە، بۆیە لەگەڵ دەنگدانی گشتی ئەنجامەکان ئاشکرا دەکات.

وابڕیارە کۆمسیۆن دوای 24 کاتژمێر ئەنجامەکان ئاشکرا بکات، بەڵام زەحمەتە ئەمە رووبدات، لەتوانای کۆمسیۆندا هەبێ لەو ماوەدا ئەنجامەکان بەفەرمی ئاشکرابکات.
بەشێک لەو کاندیدانەی کەلەدەرەوەی یەکێتی و پارتین و دەنگێکی زۆریان هێناوە، ئاشکرایە کە دارودەستەکەی لاهور شێخ جەنگی جەنگی دەنگی پێداون و مایل بەتەکیەکەی شێخن(گردی سەرچنار).

چونکە ئێستا ئەوانەی لایەنگری لاهور شێخ جەنگین دەنگ بەیەکێتی نادەن، باشترین بەدیلیش برادەرانی هیوان، کەلاهور شێخ جەنگی دەورێکی باشی بینی لەدروستکردنی ئەو هاوپەیمانییەدا، پەیجەکانی لاهور شێخ جەنگیش بەئاشکرا ریکلامیان بۆ دەکەن.

سوتاندنی دەنگ لەم هەڵبژاردنەدا بەتایبەتی لەبازنەکانی سلێمانیدا جێگای هەڵوەستە و لەسەر وەستانە، کەهێزە ئەمنییەکان بۆچی پەنایان بۆ ئەو کارە بردووە، هەرچەندە ئەوە ئازادی و مافی خۆیانە..

دەنگدانی تایبەت ناتوانێ پرۆسەکە یەکلای بکاتەوە، ئەگەر چی کاریگەری دەرونی لەسەر لایەنەکان و هاوڵاتیان جێدەهێڵێ، بەڵام ئەوەی گرنگە دەنگدانی گشتییە کە سبەینێ بەڕێوە دەچێ، سبەینێ قولی رەش و سپی دەردەکەوێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP