دواین هەواڵ

داڵەکە لەسەر شانی کێ دەنیشێتەوە؟

‌شەنكار عەبدوڵا

09/01/2022

عیماد ئەحمەد زۆرترین چانسی هەیە بۆ سەرۆککۆمار

سبەینێ یەکشەممە 9-1-2022 یەکەم دانیشتی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی خولەکە (تارق مەشهەدانی(مەحمود مەشهەدانی) بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ماددەی 55ی دەستووری عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەران لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا سەرۆک و دواتر جێگری یەکەم و دووەم هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن لە رێگەی هەڵبژاردنی نهێنییەوە.

ئەنجومەنی نوێنەران هەر ئەو رۆژە دەتوانێ سەرۆک و جێگرەکانی هەڵبژێرن، هەرچەندە سونەکان محەمەد حەلبوسیان دیاریکردووە بۆ ئەو پۆستی سەرۆک و پارتیش کاندیدی ئامادەیە بۆ جێگری دووەم و بەڵام هێشتا دیار نییە شیعەکان کێیان کاندیدکردووە بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

دوای دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، ئەنجوومەن لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. سەرۆککۆمار دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بەپێی ئەم ماددە و بڕگانەی دەستووری عێراق.

بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 70، ئەنجوومەنی نوێنەران لە نێو کاندیدەکاندا سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێێ دەنگی ئەندامانی.

بەپێی بڕگەی دووەم، ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکان سەرۆککۆمار دەنگی زۆرینەی پێویستی نەهێنا، ئەوا کێبڕكێ لەنێوان ئەو کاندیدەدا دەکرێت، کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو کەسەشی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت لە دەنگدانی دووەمدا دەبێتە سەرۆککۆمار.

بەپێی زانیارییەکان کەلەسەرچاوەیەکی ئاگادار لەگفتوگۆکانەوە دەستم کەوتووە پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و هیچ کێشە لەنێوانیاندا نییە.

پارتی ڕژدە لەسەر دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەوەی کاندید نەکرێتەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و یەکێتیش ئەوەی قبوڵ کردووە، لەبەرامبەردا یەکێتی گفتوگۆی لەسەر سێ ناویتر کردووە، کە ئەوانیش هەریەکە لە (عیماد ئەحمەد، مەلا بەختیار و عەدنان موفتی)یە.
پارتیش لاری لەو سێ ناوە نەبووە و وتویەتی هەرکامیان کاندیدبێ ئێمە پشتیوانی دەکەین.

بەپێی زانیارییەکان لەو سێ ناوەش ئەوەی چانسی زۆری هەیە، عیماد ئەحمەدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، چونکە عیماد ئەحمەد لەهەریەکە لە مەلا بەختیار و عەدنان موفتی زیاتر نزیکترە لەبافڵ تاڵەبانییەوە و مەقبولترە، ئێستاش سەرۆکایەتی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دەکات بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پێشتریش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە پارتی کەمترین کێشەی لەگەڵیدابووە، بۆیە لەمکاتەدا ئەگەری زۆرە داڵەکە لەسەر شانی عیماد ئەحمەد بنیشیتەوە ببێتە چوارەم سەرۆککۆماری یەکێتی لەعێراق دوای هەریەکە لە (مام جەلال، فواد مەعسوم و بەرهەم ساڵح).

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP