* بایەخدانی وڵاتانی کەنداو بە ئەحمەد شەرع و سوریای نوێ، تا ئەو ئەندازەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی دەکەن، ئەو پەیامەی بۆ دونیاو کۆمەڵگەی عەرەبی تێدایە، گەڕانەوە بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی خۆشگوزەرانی و مانەوە لەجەبهەی ئێرانی ماڵوێرانی هاوشێوەی سوریای ڕابردو بەدواوەیە.
* تورکیاو قەتەر شەرعیان پێگەیاند، بەڵام سعودیە نەیهێشت دەستکەوتەکە تەنها بۆ ئەوان بێت، بەڵکو شانازی لابردنی گەمارۆکانی سەر سوریای بۆ خۆی برد کە لە ئێستادا بۆ سوریا لەهەموو شت گرنگترە.
* وڵاتانی کەنداو هەریەکەو بە جۆرێک پاڵپشتی لە سوریا دەکات، لەکاتێکدا بەرامبەر غەزە بێ باکن. ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بەنیگەرانییانەوە هەبێت لە نزیکایەتی حەماس و ئێران، بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت هاوکێشەکان قەڵپ بکەنەوە، ئەو پەیامە بگەیەننە دونیای عەرەبی، بەرپرس نین لەو دۆخەی حەماس تێیدایە، چونکە حەماس گوێڕایەڵی نەکردوون و هاوپەیمانی نەیارەکانیان بووە.
* ئەم کارانە بە بێ بەرامبەر بۆ شەرع و سوریا لەلایەن کەنداو و تورکیاوە ناکرێت، بەڵکو هەر وڵاتەو بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی خۆی هەیە، ئەمە جگە لە گرنگی سوریا لەهەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەو وڵاتانە. شەرعیش جەستەیەکی تێکشکاو و قورمیشکراوە، ئەوان چۆنیان بوێت بەو جۆرە دەیشێلن. ئەمەریکاش بێ موقابیل ئەم هەڵوێستەی بەرامبەر شەرع نەگرتووەتەبەر، بەڵکو بەرامبەر ئیسرائیل دەیکاتە مەڵهەم.
* فەرەنسا دۆستی راستەقینەی کوردە، دەمێکە هەوڵی یەکڕیزی کوردو ئامادەکاری بۆ دۆخی داهاتووی سوریا دەکات، تا ئەو ئەندازەی فەرەنسییەکان پێشبینی پێکدادان لە نێوان شەرع و هەسەدە دەکەن، چونکە هەم کەنداو بەهێزی کوردی لە سوریا پێخۆش نییە، هەم تورکیاش ئەو دۆخەی پێ هەزم ناکرێت، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە هەڵسوڕێنەری ئێستای شەرعن.