دواین هەواڵ

عێراق هەموو جۆرە چەک و شێوازێکی دڕندانەی بەرانبەر کوردستان تاقیکردۆتەوە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

پێش 2 هەفتە

مێژووى ڕژێمەکانى رابردووى عێراق گەواهیدەرن کە چى نەماوە بە سەر گەلى کورد نەهێن و هەر چەکى قەدەغەکراو بگڕە تا گەلەکۆمەکى و پیلانگێرى ، بەڵام بە فیداکارى وخۆڕاگریی گەلى کورد ڕێگەنەدا خەونى نەزۆک و حوشترەکانى عێراق بێتەدى .

ئەوەتا لەماوەى ساڵانى 2014  بە ئێستاشەوە ، حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى بەغدا ، بەڕێگەى گڕتنەبەرى سیاسەتێکى دوژمنکارانە و پەراوێزخستن و هەنگاو بەهەنگاو گەمارۆ خستنە سەر گەلى کورد و هەرێمى کوردستان و پەڵاماردانى هەرێمى کوردستان جارێکى تر خەونی ئەوەیان دەبینى خۆیان بەرانبەر بە ئیرادەى پۆڵایین و بیروباوەرى کوردوکوردستان تاقى بکەنەوە .

ئێستا شێوازى ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژ و هێرشکردنیان بە شێوازێکى نوێتر گۆڕیووە و لۆژیکەکەى و زێهنیەتى بەکارهێنانى غازى سارین وخەردەڵ هێشتا لە نێو مێشکى دیکتاتۆر و فاشیزمەکانى عێراقە ، کە بەڕێگەى ڕێگریکردن لە ناردنى ماف و قووت و شایستەکانى 7 ملیۆن کورد بڕیارى لە سەر دەدرێت ، لەگەڵ ئەوەى ڕژێمى بەعس و ئاڵاکەى بوونى نەماوە ، بەڵام زێهنیەتى سەرکەوتکردن و کۆمەڵکوژى بە شێوازى نوێى و وێرانکەرە درێژەى هەیە و بەردەامە .

کاتێک دەسەڵاتدارانى عێراق هێز دژى هەرێمى کوردستان دەجوڵێنن ، درۆنباران و مووشەکبارانى دکەن ، کاتێک دادگە بەکاردێنن بۆ سزادانى کوردستان ، کاتێک ئامادەن دەیان ملیارد دۆلار زیان لە ڕێگریکردن لە فرۆشتنى نەوتى بکەن ، کاتێک کورد بە چاوى پلە دوو و سێ هیچ رۆڵ و هاوبەشیەکى لە ناو عێراقى نوێ و دامودەزگەکانی نییە و تەنها ناوە و هیچ دەسەلاتێکى نییە ، کاتێک هیچ کام لە سەروەت و سامانەکان دادپەوەرانە بۆ هەرێمى کوردستان رەوانە ناکرێت ، ئیتر ئەوە ئاماژەیە بە پاشگەزبوونەوە لە بنەماکانى هاوبەشى و پێشێڵکردنى دەستوور و بە تایبەتى زیاتر لە 50 ماددەى دەستوورى و بەتایبەتى ماددەى 117 دەستوور، کە بەدڵنییاییەوە ، ئەمە شێوازێکى نوێى ئەنفالکردن  ونکۆڵیکردنى کوردو مافەرەواکانێتێى کە هەمان سیاسەت و زێهنیەتى فاشیزمى دیکتاتۆرى رابردووە.

عێراق لەماوەى 22 ساڵى رابردوو ، نەک هەر نەیتوانى هەرسى دیموکراسى بکات و یاسا  و دەستوور تێیدا سەروەر بێت ، لەوەش گرنگتر بەغدا میراتگرى مێژووى تاوانەکانى ئەنفال وکیمیاباران و وێرانکردنى زیاتر لە 4500 گوندە ،کاتێک ئامادەى قەرەبووکردنەوە نەبێت و بەمێژووى خۆیدا نەچێتەوە و بەردەوام بێت لە ستەمکارى ، ئەوا هەرگیز ناتوانێت وڵاتێکى ئارام و سەقامگیر و جێگەى متمانە بێت .

بۆیە، دەسەڵاتدارانى بەغدا باوەریان بەهاوبەشى و دیموکراسى و مافە دەستوورییەکانى گەلى کورد هەیە دەبێ ئەم چەند خاڵەى خوارەوە جێبەجێ بکەن : 
یەکەم ،، قەربووکردنەوەى کەسوکارى ئەنفال ، لە ڕووى دارایی و پێکهاتەیی و سیاسییەوە .

دووەم ،، زامنکردنى مافەرەواکانى گەلى کورد و بەشێوەیەکى ڕاستەقینە و خاوەن بڕیار ، بەتایبەتى لە ناو حکوومەت و دەزگە ئەمنییەکان و دەستوور و سەربازى  بەشێوەی کردەیی.

سێیەم ،، ڕێزگرتن لە هەموو مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان ، بەتایبەتى جێبەجێکردنى خێرایی ماددەى 140 ، سامانى نەوت و دارایی و پەیوەندییە ئابوورییەکان .

چوارەم ،، ڕێککەوتننامەیەکى ستراتیژى لە نێوان کوردستان و عێراق بۆ ئەوەى چیتر سیاسەتى تۆڵەسەندنەوەى ئابوورى و پەراوێزخستنى سیاسى و یاسایی نەبنە هەڕەشە و مەترسى و چیتر بە چاوى پلە دوو و پەراوێز خستن مامەڵە لەگەڵ گەلى کورد نەکرێت .

بەدڵنییاییەوە ، بەردەوامبوونى عێراق لە سەر ڕێرەوى تاکڕەویی و گەمارۆدانى ئابوورى و پەراوێز خستنى هەرێمى کوردستان ، نەک تەنها پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا تێکدادات بەڵکو دەرگەى ئاڵۆزییەکان و ململانێیە ناوخۆییەکان رەوشى ناوچەکە بەرەو خراپتر دەبات ، چونکە گەلى کورد لە عێراقدا تەنها داواى مافەرەواکانى دەکات و هەمیشەش هەرێمى کوردستان هۆکارى سەقامگیرى وئاشتى و پێکەوەژیان بووە ، بۆیە کاتى ئەوە هاتووە دەسەلاتدارانى عێراق بەخۆیاندا بچنەوە تا کار لە کار نەترازاوە و دەستبەردانى ئەنفال و گەمارۆدان و ئازاردانى گەلى کورد بن ، چونکە ئیرادەى گەلى کورد قۆناغى زۆر لەوە سەختترى تێپەڕاندووە و کاروانى خەباتیشى نەک هەر نەوەستاوە بەڵکو بەرەو پێشەوە چووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP