دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری به پارێزگابوونی هەڵەبجەی بە زۆرینەی دەنگدا و بەوپێیەش بووه نۆزده هەمین پارێزگای عێراق و چوارهەمین پارێزگاش له هەرێمی كوردستان.
ئەگەرچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له ( 13 )ی ئاداری ساڵی ( 2014 ) بڕیاری به پارێزگابوونی هەڵەبجەی دا، بەڵام حكوومەتی عێراق دانی بەو بڕیارەدا نەناو چەندین هەوڵ و تەقەلا لەلایەن حزبه كوردییەكان و لایەنە كوردییەكانی بەشدار له ئەنجوومەنی نوێنەراندا، ئەو پێشنیازه چەندین جاره دەخەنە بەردەم پەرلەمان، بەڵام هەموو جارێك بە پاساوی جیا و بێ بنەما ئەو داوایەیان ڕەتدەكردەوه و نەیاندەخسته لیستی كاری پەرلەمانەوه، ئەگەرچی هەمووان دەیانزانی كه چ زوڵم و ناهەقییەك تا ئاستی جینۆسایدی ئەو شارۆچكەیه كراوه، بەڵام ئەوانه هەستی دژه كورد و شۆڤێنیەتیان هەردەم كەڕ و كوێری دەكردن و هەستیان بەرانبەر ئەو تاوانە گەورەیه نەده بزووا و دژی هەر بڕیارێك دەوەستان كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەڵەبجه و هەرێمی كوردستان بوون، هەڵەبجە یەكێك لە شارۆچكە دێرینەكانی هەرێمەكەمانه و خاوەنی مێژوویەكی دوورو درێژه كه شوێنەوارەكۆنەكان شایەتیی ئەو ڕاستییە دەدەن.
هەڵەبجە له ساڵی ( 1889 ) دا، كە ئەوكات دەوڵەتی عوسانی فەرمانڕەوابوو لە عێراق، بڕیاری لەگەڵ شارۆچكەی (كوەیت)دا بۆ درا، كه ببێتە قەزا، واته بە هەموو پێوەرێك دەبوو ئەنجوومەنی نوێنەران هێنده لەمپەری نەخستایەته بەردەم ئەو بڕیاره و زووتر ئەو بڕیارەی بدایه، خۆشبەختانه دوێنێ ( 14 )ی ئەپریل، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو بڕیارەی به زۆرینەی دەنگ پەسەند كرد.
هەڵەبجه نموونەی دڕندایەتی ڕژێمی دیكتاتۆری سەددام و لوتكەی ڕك و كینەی شۆڤێنییەتی عەرەبی بوو بەرانبەر به كورد، تاوانێكه له تاوانه گەورەكانی مێژوو، هیچی كەمتر نییه له هۆلۆكۆستی جووەكان كه تا ئەمڕۆش لەلایەن دەوڵەتی ئەڵمانەوه قەرەبوو دەكرێن، كوشتنی (5000) هه زار له پیر و ژن و منداڵ به گازی كیمیاوی لەو شارۆچكەیەدا لووتكەی بێویژدانی و بێ مۆڕاڵی
شۆڤێنییەكانی ئەو سەردەمە بوون كه بەداخەوه هێشتا ئەو هەسته لای هەندێك هەر بەو تەوژمه له نێوان نوێنەرانی عێراقدا ماوه، چونكه (11)ساڵه دژایەتیی ئەو بڕیاره دەكرێ كە نەدەبوو بكرێت.
پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و خەڵكی زامداری هەڵەبجه، شاری ئەدەب و شیعر و گەوره شاعیرانی دەكەین بەو هیوایەی دەستی ئاوەدانی و بنیاتنانەوەی به زووترین كات لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمەوه بگاتێ و ببێته شارێكی دیكەی جوانی ئەم هەرێمە كه هەموومان قەرزاربارین و شانازی پێوه دەكەین.
نەمری و سەر بڵندی بۆ قوربانییان و شەهیدانی ئەو تاوانه گەورەیە.
جارێكی تر پیرۆزه..