ئەگەر چى دروستکردنى میلیشاکانى حەشد بە پاساوى شەڕى تیرۆریستان داعش، بەهۆى شکستى سوپا زەبەلاحەى کە عێراقەوە بوو کە هەموو عێراقى لەماوەى چەند کاتژمێرێکدا رادەستى داعش کرد بە هەموو چەک و تەقەمەنى پێشکەوتوویی وەرگرتوو لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان ، پاساوێک بوو تا لە ڕێگەى ئەو گروپ و میلیشیایانەوە بە بەناوى مەزهەب و تایفە ، ئێران هەژموونى خۆى بە ڕێگەى عێراقەوە بە سەر هەموو ناوچەکەدا زاڵ بکات ، هەر بەم شێوەیەش دەرچوو کاتێک ئەو گروپ ومیلیشیانە کاریان بۆ بەدیهێنانى هیلالێک دەکرد کە تاران 45 ساڵ بوو لە ناوچەکە خەونى پێوە دەبینى .
ئەوەتا چەند ساڵێکە بە هۆى بەکارهێنانى ئەو گروپ ومیلیشیانانە لە دەرەوەى سنوورەکان جگە لەوەى کە بوونەتە مایەى ناسەقامگیرى و هەرەشە بۆ سەر ئاشتى و پێکەوەژیان لە عێراق و ناوچەکە بە گشتى لە هەمانکاتیشدا حکوومەتێکى سێبەریان لە عێراق دروستکردووە ، کە دەستیان بە سەر هەموو جومگەکانى ئەمنى و ئیداریی ودارایی دا گرتووە جگە لە جێبەجێکردنى فەرمانى ئاغاکانیان نە یاسا و نە دەستوور و نە هاوبەشى و یەکتر قبووڵ کردن بۆیان گرنگ و بایەخى نییە لەگەڵ جێبەجێکردنى فەرمانى وڵاتانى هەرێمى و بەرژوەندییە تایبەتیەکانیان .
ئەو گروپ و تاقمە میلیشیانە ، ساڵانە بە دەیان ملیارد دۆلار بە ناوى مووچە و چەک و تەقەمەنى وئینجا دەستبەسەرداگرتنى خاڵە سنوورییەکان و بیرى نەوت زیان بە هەموو گەلانى عێراق دەگەێنن ، جگە لەوەش ڕێگرى لە مافە رەوا دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن هەر لە ماف و شایستە داراییەکان تا دەگاتە ماددەى 140ى دەستوورى تایبەت بە ناوچە داگیرکراوەکان ، بەتایبەتى لەم چەند ساڵەى دواییشدا بە دەیان جار بە مووشەک و درۆنى وڵاتانى دراوسێ هێرش و پەڵامارى تیرۆریستى یان بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە ، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەیان هێرشیان کردۆتە سەر بنکەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکەدا .
ئەوەش وایکردووە کە ئەو گروپ ومیلیشیایانە زیانى گەورە بە بەرژوەندییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان و هەتا خودى عێراقیش بگەێنن ، بۆیە ئێستا کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی هەموو فشارەکانى چڕ کردۆتەوە بەتایبەت بە رامبەر بە دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە میلیشیاکانى حەشد و چەککردن و تواندنەوەیان و لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکان بۆ دوورخستنەوە و بڕینى دەستى ئێران لە عێراق لە رووى ئەمنى و داراییەوە چڕ کردۆتەوە بەتایبەتى ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەى پارە بە پاساوی جۆراجۆر و ئینجا قەدەغەکردنى هاوردەکردنى غاز بۆ دابیکردنى کارەبا بۆ عێراق .
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ، گوشار وهۆشدارییە یەک لە دواى یەکەکانى ئەمەریکا بۆ ئەو تاقم و گروپە میلیشیایانە بە عێراق رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبن ، پێدەچێت دەسەلاتى ئەو میلیشیایانە زیاتر بێت لە دەسەڵاتى حکوومەتەکەى سوودانى بەتایبەتى کە لەماوەى رابردوو ، عێراق ڕێرەوەى گەیاندنى چەک وهاوکارى دارایی بووە بۆ گروپە میلیشیاکانى حوسییەکان و حزبولا و گروپەکانى ترى لەناوچەکەدا ئەوەش ئەمەریکا و هاوپەیمانانى نیگەران کردووە و رۆژ بە رۆژیش متمانەى واشنتۆن بە بەغدا کەمتر و لاوازتر دەبێت و لە ئەگەرى چەک دانەماڵین و نەتواندنەوەى ئەو گروپ و میلیشیا تیرۆریستانە ، بژاردە و هێرشى سەربازى ئەمەریکا و هاوپەیمانى لەناوچەکە دەستپێدەکات ، ئەمەو جگە لە گەمارۆى ئابوورى لە دژى عێراق و گەڕاندنەوەى بەغدا بۆ خاڵى سفر .
بۆیە ، هیچ دەرفەتێک لە بەردەم عێراق نەماوە ، یان کۆتایی هێنانى یەکجارى بە گروپ و میلیشیا تیرۆریستەکانى حەشدا یانیش بەرژوەندییەکانى خەڵک و جێبەجێکردنى دەستوور و دوورکەوتنەوە لە هەژموونى ئێران و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتى میلیشیایی و تایفى و مەزهەبى کە لە ئایندەیەکى نزیکدا زیاتر بەرچاو روونى دەبێت .