دواین هەواڵ

ڕێکەوتنی شەرع- عەبدی سەرکەوتنێکی تەکتیکی و هەوڵەکانی تورکیا بۆ شکستپێهێنانی

‌ئەبوبەكر كاروانی

پێش 2 هەفتە

تورکیا لەرێی راگەیاندنە دەستوورییەکەو درێژەدان بە هێرشە سەربازییەکان و پێداگرتن لەسەر داوا کۆنەکانی بەهەموو تووانایەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەو شکست پێهێنانی رێکەوتنە دوو قۆڵییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی دەدات، بەحوکمی ئەوەی رێکەوتنەکە، کە بە نێوبژیوانی ئەمریکاو فەرەنسا ئەنجام دراوە بەسەرکەوتنێکی تاکتیکی بۆ هەسەدەو ناوچەی خۆبەرێوەبەر لەقەڵەم دەدرێت، چوونکە، چەك بەدەستی هێزەکەوە دەهێڵێتەوە، تەنها ناوو شکڵ و شێوەی دەرەوەی دەگۆرێت،( هەڵبەت تا دەوڵەت هەست دەکات بەهێز بۆتەوە)هێرشەکانی توورکیاو گرووپەکانی نزیك لەو وەك ڕێزنەگرتن لە ئیمزای سەرۆک کۆماری وڵاتەکە وێنا دەکات، نەك هەر تۆمەتی هاوکاری پاشماوەکانی رژێمی پێشوو لەکۆڵ هەسەدە دەکاتەوە بەڵکو دەیکات بە هێزێکی چەسپێنەری دۆخی نوێ ونەگەرانەوەیان کەئەوە قەرەبووی هەندێ بۆشایی رابردووش بۆ هێزەکە دەکاتەوە.

لەبەرچاوی رای گشی ناوخۆی سووریاو عەرەبی و ناوچەکە وەك هێزێکی پەرۆش بۆ دۆخە نوێکەو سەرخستنی خۆی نمایش کرد، کەئەوەش لە رووی گووتاری سیاسی و جەنگی دەروونییەوە لە پێگەی تۆمەتبارو بەرگری لەخۆکار دەریدەکەن.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن رێکەوتنەکە بەقەناعەتەوە کرابێت یاخوود لەژێر فشاردا بەسەرکەوتنێکی تەکتیکی و کاتی لە قەڵەم دەدرێت و هەندێ فشار بۆ ماوەیەکیش بێت کەم دەکاتەوەو بوواری مانۆر زۆرتر دەکات، بەڵام تەنها عەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی دوورو درێژی ململانێ کە هێشتا روون نییە، هەڵقەکانی تری کووت و مت چۆن دەبن و چەند دەخایەنن و چەند خوێناوی یاخوود بە پێچەوانە دەبن، چوونکە جگە لە پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوخۆی سووریا لە ئایندەدا، هەڵوێستی ئەمریکاو خۆرئاوا لە لایەك و تورکیا لە لایەکی ترەوە لەم روەوە دەست نیشانکەرن.

تورکەکان هەر لە ئێستەوە، لەرێی راگەیاندنە دەستوورییەکەوە، کەلە دوورو نزیکەوە ناوی کوردردو ناسنامەو زمانی کووردی و واقیعی فرە نەتەوەیی سووریای تێدا نەبوو( کەلە راستیدا تەنها بەناو ناوی راگەیەنراوی دەستوورییە، دەنا بەکردەوە نەخشە رێگاو دەستوورێکی کاتی تەواوەو جەوهەری هەر دەستوورێکی تریش دەبێت لە داهاتوودا گەر دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە) ویستیان ڕێکەوتنامە هەشت خاڵییەکە نەسخ بکەنەوە. لەرێی درێژەدان بە تۆپباران و شەریشەوە دەخوازن ئەو پەیامە بگەیەنن، ئەوان خاوەنی راستەقینەی بریاری شەرو ئاشتین نەك دەسەڵاتدارانی دیمەشق.بە واتایەکی تر ئەوە دیدو پێوەرەکانی تورکیان دەبێت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ کوردو پرسەکەی و هێزە کوردییەکان و شوێنیان لە دەستوورو سووریای نوێدا ڕەچاو بکرێن نەك شتێکی تر چوونکە هەمان دید کەلە ئەنقەرە حوکم دەکات دەبێت لە دیمەشقیش پێرەو کردبێت، پرسەکە بۆ تورکیا پرسی ئاسایشی نەتەوەییەو بەجێ ناهێڵرێت بۆ گفتوگۆو رێکەوتنی نێوان دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و هێزە کوردییەکان، مۆدێلە تورکییەکەش بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی کوورد لە هاوڵاتێتی یەکسان و هەندێ مافی کلتوری و زمانەوانی تێپەر ناکات، لە سایەی ئەم دیدو پێوەرانەدا ناوی کوردستان هەروەك رابردوو قەدەغە دەبێت،کورد وەك گەل هەروەها خاوەن پرسێكی نەتەوایی دادپەروەرانە دانی پێدا نانرێت، لێرەشەوە هەموو شێوازێك لە بوونی تایبەتمەندی جووگرافی تەنانەت لەسەر ئاستی ئوتۆنۆمیشدا رەتدەکرێتەوەو رێگەی پێنادرێت!باسێکیش لە بەفەرمی ناساندنی زمانی کووردی بوونی نابێت.

لەسایەی بیرکرکردنەوەو دۆخ و پێوەرو دیدگاو هەناسەو پاشخانێکی لەم جۆرەشدا، کە تاکو ئەم ساتەوەختە سەبارەت بە باکووریش هەمان شتە یاخوود بیرکردنەوەو مۆدێلێکی نزیك و هاوشێوەیە، لە پاڵ داواکردنی خۆ رادەستکردنی بێ ئەملاولای پەکەکەو وێناکردنی وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی کە خاوەن هیچ پرسێکی سیاسی نیە و ئەوپەری بێمنەتی نیشاندان،کۆی دۆخەکەو باس و خواسی ئاشتی دەکەوێتە بەردەم ئایندەو چارەنووسێکی نادیارەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP