دواین هەواڵ

دیموکراسی (ئەنکەرە)ش دەبەخشێتە کورد

‌ساڵح میراودەلی

پێش 3 هەفتە

ساڵی ١٩٢٠ ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکەی ئەنکەرە کەمتر بووە لە سی هەزار کەس.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٢٣ دا، مستەفا کەمال ئەتاتورک دەیکاتە پایتەختی کۆمارە تازەکەی تورکیا.

پایتەختیش، پێویستی بە بنیاتنان و هێزی کار هەیە، لەو کاتەدا ڕژێمەکەی ئەتاتورک، بەشێکی زۆری ناوچە کوردییەکان دەخاتە ژێر هەڵمەتی پاکتاوی نەتەوەیی و لە ئەنکەرە جێگیرییان دەکات، بەو مەبەستەش دوو ئامانج دەپێکێت، یەکەم هێنانی هێزی کار بۆ بنیاتنانی پایتەخت، دووەم، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان و هەندێکیشی پەیوەست بووە بە قۆناغی ئاسایشی تورکیا.

لە ساڵی ١٩٥٠ دا ژمارەی دانیشتوانی ئەنکەرە گەیشتە نزیکەی سێ سەد هەزار کەس.

بە پێی دوایین ئاماری ساڵی ٢٠٢٤  ژمارەی دانیشتوانی ئەنکەرە بریتییە لە پێنج ملیۆن و نیو کەس.

مەزەندە دەکرێت، لە ئێستادا نیوە یان زیاتری دانیشتوانی ئەنکەرە کوردن، وێڕای چەندین ڕەچەڵەکی تر کە ئەوانیش زیاتر هاوسۆزی کوردن، بە کورتییەکەی کەمتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی تورکن.

ئەگەر تورکیا ببێتە وڵاتێکی دیموکراتی و فیدراڵی، لەڕێگەی ڕاپرسییەکەوە دەبێتە خاکی کوردان، ئەوەش دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتی تورکیایە کە هەڵسەنگاندنی بۆ لێکەوتە دوور مەوداکان نەکردووە، لەوانەیە لە هەندێ بەشی دیکەی تورکیاشدا ئەو حاڵەتە هەبێت.

ئەستانبوڵیش وەک نمونەیەکی دیکە، لە سەرجەم هەڵبژاردنە شارەوانییەکاندا، کورد هێزی یەکلاکەرەوەی لایەنی براوەیە.

یەکێک لە ترسە گەورەکانی دەوڵەتی تورکیا دیموکراسییە، چونکە دیموکراسی ڕاستەقینە لە تورکیا، کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕەهای ناوەند و پارتە شۆڤێنییەکان دەهێنێت.

ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا زۆر بە سادەیی باسی دیموکراتی و یاسا و دەستوور دەکات تەنها لە دێڕێکدا، لە بەرامبەر ئەو هەموو بڕگانەی پەیوەستن بەخواستی تورکیاوە،  لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پە. کە. کە ەوە تا زۆر شتی تر …

لەکۆتاییدا تەنها ئەوانەی هێندێک شارەزای مێژووی سەت ساڵەی تورکیان، لەوە تێدەگەن  ئۆجەلان چ تۆپێکی هەڵداوەتە گۆڕەپانی تورکیا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP