گرنگترین ئەرکی خێزان لە کۆمەڵگەدا، پەروەردەکردنی منداڵانە بە شێوەیەکی تەندروست.
منداڵان کاراکتەری داهاتووی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەن، ئەوە خێزانە بە دایک و باوک و خوشک و برا و کەس و کارەوە، لەو سەرمایە مرۆییە چ جۆرە کەسایەتییەک دروست دەکات و پێشکەشی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی دەکات.
زۆر جاران منداڵ داوای شتێک دەکات، کاتێک دەزانێت داواکارییەکەی ڕەتدەکرێتەوە، پەنا بۆ گریان و ڕەفتاری نەخوازراو دەبات بەجۆرێک دایکی یان باوکی یان دەوروبەری جاڕز دەکات، بۆ ئەوەی داواکەی بسەپێنێت.
لە بەرامبەریشدا کەسانی ناو خێزانەکە، دەڵێن مەگریە یان وا مەکە، ئەوەت بۆ دەکڕم یان دەتبەمە فڵانە شوێنە، دایک و باوک لەوانەیە بەهۆی سەرقاڵی یان بە مەبەست بەڵێنەکەی فەرامۆش دەکات و جێبەجێی ناکات، پێشی وایە سەرکەوتوو بووە لە کپکردنی منداڵەکەی، چونکە یادەوەری منداڵان تیژترە، بەڵێنەکە لەبیر ناکەن، کاتێکیش بێ ئومێدبوون لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی پێیان دراوە، خۆکردانە منداڵەکە کێش دەبێت بۆ درۆکردن و ساختەچێتی، ئەویش بەو تەکنیکە دەچێتەوە نێو کۆمەڵگە و دەبێتە بەشێک لە پەروەردەی ژیانی ڕۆژانەی.
ساڵی ٢٠٠٩ بە مەبەستی وەرگێڕان و ڕاییکردنی کاری کوردێک، خۆبەخشانە چوومە وەزارەتی ناوخۆ، لە شوێنی چاوەڕوانی بووین ، خێزانێکی کوردی لێبوون، منداڵێکی کوڕیان لەگەڵ بوو هەمووانیان وەگیر هێنابوو، بە قسەی دایک و باوکی نەدەکرد.
ئاگام لێبوو باوکەکە گوتی وەرە شتێکم پێیە بۆت، دەستی نوشتاندبۆوە و بەڕووی منداڵەکەدا بەرزی کردبۆوە، منداڵەکەش بە خەندەوە ڕایکرد بۆ لای باوکی، لە تەنیشت خۆی داینا و دەستی کردەوە هیچی تێدا نەبوو، منداڵەکە دەنگی هەڵبڕی و زۆر توڕە بوو.
منیش بە ئەسپایی سڵاوم لێکرد و چوومە نزیکییەوە، ئەوەم پێگوت کە ئەوە بەشێکە لە پەروەردەی منداڵەکە و لە ئێستاوە فێری درۆکردن دەبێت، لێگەڕێ با ئەو ناوە تێکبدات کێشە نییە بەڵام بەڵێنی درۆی پێمەدە.
ئەگەر ویستت داواکارییەک بۆ منداڵەکەت جێبەجێ نەکەی، باشترە دە کاتژمێر بگری و بتلێتەوە، لەوەی بەڵێنێکی درۆی پێ بدەی و هەڵیخەڵەتێنی.
زۆر گرنگە دایکان و باوکان، تا ئەو ئاستەی دەتوانن وەڵامی داواکارییەکانی منداڵان بدەنەوە، هەر بەو پێوەرەش گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن و داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن.
هەتا ئەگەر خێزانێکیش توانای دابینکردنی هەموو شتێکی هەبێت، دەبێ هەندێ جار بە نا و نەخێر بەرسڤیان بدەنەوە، بۆ ئەوەی لە ئێستاوە ڕا بێن و ببێتە بەشێک لە پەروەردەیان کە ئەو ژیانە هەمووی بەڵێ نییە، پڕە لە تەوژمی نا و نەخێری زۆر سەخت و دەبێ منداڵی بۆ ئامادەبکرێت، کە چۆن ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
پیرۆزبێت ڕۆژی جیهانیی منداڵان.