چوار هۆکاری سەرەکی هەبوون بۆ ئەوەی تڕەمپ بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکان بدات، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت.
یەکەم، دوای ١٣ ڕۆژ لە دەستپێکردنی هێرشەکان، هیچ کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی ئێران نەبوو و نەیانتوانی ئێران ناچار بکەن سازش لەگەڵ ئەمریکا بکات. بە تایبەتی، هێرشەکان سنووردار بوون، و ئەمەش وایکرد ئێران ترسێکی زۆری لە بەردەوامبوونی هێرشەکان نەبێت.
دووەم، لە کاتێکدا ئەمریکا دەیویست بە هێرشە سنووردارەکان ڕێگە لە داخستنی گەرووی هورموز بگرێت، بەڵام ئێستا نەک تەنها ئەو مەترسییە لە ئارادا ماوە، بەڵکوو مەترسی داخستنی گەرووی بابئەلمەندەبیش هەیە. ئەمەش زیانێکی گەورە بە ئابووری جیهان دەگەیەنێت. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هیچ پلانێکی ڕوونی بۆ ڕێگرتن لە حوسییەکان نەبوو تاکو نەبن بە بەشێک لە ململانێی ناوچەیی لە پاڵ ئێران.
سێیەم، سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن تڕەمپ دەرفەتێکی تری داوەتە ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێتە سەر میزی دانوستاندن، بە تایبەتی لەسەر کردنەوەی گەرووی هورموز. بۆیە ئەمریکا هێرشەکانی ڕاگرت، چونکە ئێستا دانوستاندنێک لە نێوان عومان و ئێراندا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئەو بابەتە.
چوارەم، بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا بە ڕاشکاوی بە تڕەمپیان ڕاگەیاندووە کە بەو هێرشانەی ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی گرنگ لە وەزعەکەدا ڕوونادات. بۆیە، یان دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت، یان دەبێت ستراتیژی و پلانی شەر بە تەواوی بگۆڕدرێت. ئەگەر بریار بۆ بەردەوامبوونی شەر بدرێت، هێرشەکان دەبێت توندتر و فراوانتر بن و، لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هەنگاوەکانی بەرەو ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بنێت.
بۆیە، تڕەمپ ئێستا لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا گیر خواردووە: یان ڕێگای شەر هەڵبژێرێت، یان ڕێگای دانوستاندن. لە ماوەی نزیکدا دەبێت یەکێک لەم دوو ڕێگایە یەکلا بکاتەوە.