دواین هەواڵ

سیاسەتی زەوینی بەربڵاوتر

‌فەرەیدوون پەروازە

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا بۆ زیاترکردنی هیژموونی خۆی بە سەر جیهاندا بێجگە لە دۆلار و تیکنۆلۆژیای سەربازی پێویستی بە جوغرافیا و هەرێمی بەربڵاوتر هەیە و لە راستییدا پرسی داگیرکردنی گرینلەند درێژەی مامەڵە گەورەکانی ئەو وڵاتەیە لە ساڵەکانی 1803 و 1867دا کە بە سەندنی ویلایەتەکانی لۆئیزیانا و ئالاسکا لە فەرەنسا و روسیا، رووبەری خاکی وڵاتەکەی دوو بەرابەر کردەوە.

لە ئیستەدا چین وەک زلهێزێکی ئابووری  و رووسیا وەک زلهێزێکی سەربازی کۆسپی هەرە گەورەی تاک جەمسەری بوونی ئەمریکایە، ئەو وڵاتە بە سیاسەتێکی نەرم و هێورانە و خۆرێکخستن لە گەل هەموو لایەکدا بە بردنە سەری بەرهەمی GDP لە کێبەرکێی بەردەوامە لە گەل ئەمریکادا.  مەترسییەکانی سەر وڵاتانی کانادا و گرینلەند لە ئاست رووسیادا، لە گەل وڵاتە یەکگرتۆکانی ئەمریکادا هاوبەشە، هەر بۆیە پەیوەست بوونی وڵاتانی کیشوەری ئەمریکای باکوور بە یەکترەوە لە داهاتودا ئیمکانی زۆرە.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین هۆگرییان بە پەیوەست بە ئەمریکاوە زۆرە بەڵام واشنتۆن خوازیاری باکوورە هەتا ئەمریکای ناوەندی.

شەری ئۆکراین زۆرترین دەسکەوتی بۆ ئەمریکا هەبوو چوونکا بەستراوە بوونی ئوروپای بە روسیاوە گەیاندە ژێر 20%، رێخراوی ناتۆی بەهێزتر لە جاران کردەوە و هەروەها بە ئەمریکایی بوونی ئوروپا بەردەوام لە هەڵکشان دایە. وادیارە ئیسرایل لە سەر هەمان سیاسەتی ئەمریکا نیەت و ئامانجی بەربڵاوتر کردنی رووبەری خاک و جوغرافیای  هەبێت. غەزە بۆ ئیسرایل هەرێمێکی ستراتیژیکە و قەت دەرەتان نادا لە لایەن خەڵکە رەسەنەکەییەوە ئاوەدان بکرێتەوە. لە سنورەکانی باشوور، رۆژهەڵات و باکووردا، ئیسرایل بەرنامەی داگیرکردنی ناوچە هەستیار و ستراتیژیکەکانی دەبێت و هەروەها ناوچەی بۆشایی بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی لە سنورەکانی رۆژهەڵاتدا پێک دێنێت. ئیسرایل بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە مەجبوورە پەنا بە شەر و ئاڵۆزی نانەوە ببات هەتا لەو هەلە کەڵک وەربگرێ بۆ داگیرکاری خاک کە بێگوومان لە سوریادا شەری ناوخۆیی درێژ مەودا دەست پێدەکات. شایانی باسە کە داگیرکاری ئیسرایل هەڵوێستی دنیای ئیسلامی و عەرەبی بەدواوە دەبێت بەڵام پەیوەست بوونی گرینلەند یا پاناما پێویستی بە گشتپرسیییە.

سەرئەنجام: خاکی بەربڵاو یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئیمپراتۆرییە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات ئاستی رووبەری خۆی کە نیوەی روسیایە بگەیەنێتە ئاستی روسیا هەر بۆیە ململانییەکان لە جەمسەری باکووردا دەستیپێکردووە کە سنوری ئاوی روسیا و ئەمریکا تەنیا سەدوپەنجا میترە. 

توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەری باکوور  هەم دەسپێراگەیشتن بە سەرچاوە و کانزاکانی ئاسانتر کردووە و هەم بازرگانی دەریایی نێوان چین و روسیای کەم تێچووتر کردوە.  ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا کاردانەوەی روسیا، چین و وڵاتانی ئوروپایی لێدەکەوێتەوە و پرسی ژینگەش لەو ناوچە هەستیارەدا رووبەرووی قەیران دەکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP