دواین هەواڵ

دوێنێ 70 زرێپۆش و بارهەڵگری ئەمریكا لەباشوری كوردستانەوە پەڕینەوە رۆژئاوا

‌ سەرتیپ جەوهەر

3 رۆژ پێش ئێستا

🔹 جۆلانی دوور لەڕێكاری دیموكراتی و سازان خۆی كردە سەرۆك كۆمار، ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر خراپە
🔹 جگە لەتوركیاو قەتەر، تائێستا نە لەناوخۆ و نە لەدەرەوە موبارەكەی ئەم هەنگاوەی جۆلانیی نەكراوە

هەڵوێستی ئەمریكا لەدوای هاتنی ترەمپ لەبارەی سوریاو رۆژئاوای كوردستان روون نییە، بەڵام ئاماژەكانی هەن ئەرێنین. لەدوایین لێدوانیشیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا باسی مەترسی داعش دەكات و دووپاتیدەكاتەوە كە ئەوان بەردەوام دەبن لەدژایەتیكردنی ئەو گروپە تیرۆرستییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مانەوەی ئەمریكا لەسوریا. بەپێی سەرچاوەیەك دوێنێش 70 زرێپۆش و بارهەڵگری ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانەوە دەربازی رۆژئاوای كوردستان بووە. ئەمەش ئاماژەیەكی ئەرێنیە لەبەردەوامبوونی هاوكارییەكانی ئەمریكاو مانەوەیان لەرۆژئاوای كوردستان.

لە چەند رۆژی رابردوو محەمەد جۆلانیی سەرۆكی دەستەی تەحریری شام و حاكمی ئێستای دیمەشق، لەدەرەوەی هەموو سیاقێكی دیموكراتیی و تەقلیدیى، لەبەردەم ژمارەیەك چەكداری گروپە جیاوازەكان خۆی كردە سەرۆكی كۆماری سوریا. ئەم هەنگاوەی جۆلانیی پێچەوانەی رێكارە دیموكراتییەكان و لەدەرەوەی سازانی نیشتیمانیی بوو. جگە لە قەتەرو توركیا بەڕەسمیی هیچ وڵاتێكی دیكە موبارەكەی ئەم هەنگاوەیان نەكردووە، لەناوخۆش هێزەكانی سوریای دیموكرات موبارەكەی ئەم هەنگاوەی نەكردوو لیژنەی سیاسی دروزەكانیش لەبەیاننامەیەكدا ئەم هەنگاوەی جۆلانیان رەتكردەوەو موبارەكەیان نەكرد، واتە لەناوخۆو دەرەوە پێشوازیی لەم هەنگاوە نەكرا. بەداخەوە لەرووی ئیعلامیشەوە میدیا لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی نادروست مامەڵەیان لەگەڵ هەواڵەكەدا كرد، بەشێك لەمیدیاكاننازانم بەئەنقەست یان لەناشارەزایی لەهەواڵ و راپۆرتەكانیان نوسیبویان "جۆلانیی بووە سەرۆك كۆماری سوریا" وەك ئەوەی بەڕێگەیەكی دیموكراتیانەو لەهەڵبژاردن سەركەوتنی بەدەستهێنابێت!!

ئەم هەنگاوەی جۆلانیی، پێچەوانەی خواستی ئەمریكاو ئەوروپا بوو لەپرسی گواستنەوەی دیموكراتیانەی دەسەڵات، لەكاتێكدا مەرجێكی سەرەكیی ئەمریكاو ئەوروپایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دیمەشق و لابردنی سزاكانی سەر سوریا. 

هاوكات ئەم هەنگاوە، ئاماژەیەكی خراپە لەخواستی جۆلانیی بۆ شێوەی حوكمڕانیی و تێگەیشتنی بۆ چارەسەری پرسە جیاوازەكان. هەروەك لەگوتاری خۆكردنە سەرۆك كۆماریشدا هیچ چارەسەریی و نەخشەڕێیەكی بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆو پرسی گواستنەوەی دەسەڵات رانەگەیاند، بەڵكو كێشەو گرفتەكانی بەكراوەیی هێشتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP