دواین هەواڵ

پشتیوانیکردن لە نێوان ڕەوایەتی و شەرعیبوونی ئامانج و ناسنامەى ئایدۆلۆژى هێزەکاندا,

‌ئەبوبەكر كاروانی

5 رۆژ پێش ئێستا

 ڕۆژئاواى کوردستان وەک نموونە

لە پڕۆگرامی نزیکەی تێکڕای حیزبە ئیسلامییەکاندا باسە نەتەوەییەکان بە ئاستی جیاواز چەسپێنراون. پشتیوانیکردن لە دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بە ئامانج دیاریکراوە، هەندێکیان باسی مافی چارەی خۆنووسین بە دەوڵەتی سەربەخۆشەوە بۆ کورد لە ئەدەبیاتیاندا گونجاندووە. واتە، لە نەتەوەی ئیسلامییەوە پەریونەتەوە بۆ کەناری داننان بە نەتەوەی مۆدێرندا، کە لەسەر بناغەی بوونی خاك و زمان و کلتور و ناسنامەو چارەنووسی هاوبەش پێناسە دەکرێت نەك ئایین و عەقیدە، گەرچی دەکرێت و واش ڕاستە ئایین ڕەهەندێکی پێناسەکردنی نەتەوایەتی گەلێکی زۆرینە موسوڵمان پێکبێنێت، دەشکرێت ناوەڕۆکی فیکریی ناسیۆنالیزمێك ئیسلامی بێت، لە هەموو حاڵەتێکدا بەگوێرەی ئەوەی لای ئیسلامییەکان وەك ئەدەبیات بوونی هەیە، لەسەر خوودی نەتەوە بەمانا مۆدێرنەکەی و نەتەوایەتی وەك بنەماو جووڵانەوەیەکی سیاسی جەماوەری بۆ سەربەخۆیی نەتەوەو بەدەستهێنانی مافەکانی و پارێزگاریکردن لە شکۆمەندییەکەی، جیاوازیان لەگەڵ نەتەوەییە عەلمانییەکاندا نەماوە، ئەگەر جیاوازییەك لەم ڕووەوە هەبێت دەبێت دوو شت بێت، یەکەمیان ئیسلام رەهەندێکی نەتەوایەتی کوردستانی پێکبهێنێت،

هەڵبەت لەپاڵ ئەوەی نەتەوایەتی ڕەهەندێکی فیکر و ئایدۆلۆژیای ئەوانیش پێکبێنێت، لەگەڵ ناوەڕۆکی نەتەوایەتی بەو جۆرەی باسمانکرد، کە ئەوەش نابێت بەهیچ جۆرێك سەربکێشێت بۆ ناکۆك بوون لەسەر ئامانج و داخوازییە نەتەوەییە ناوکۆییەکان، زیاتریش پەیوەندی بە قۆناغی سەرکەوتن و حوکمرانییەوە هەیە، هی ئەوە نییە بیکەی بەپێوەری هەڵوێست دیاریکردن دەربارەی بزاڤی نەتەوەخوازیی کوردی و مافی کورد وەک نەتەوەیەك لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، دەستکاریکردنی ناوەڕۆکی بزاڤە نەتەوەییەکەش، ئەوەش پڕۆسەیەکی دوور و درێژە بەحوکمی مێژوو و نەبوونی تەوژمێکی ئیسلامیی کاریگەر و دەستنیشانکەر لە مێژووی نوێی خەبات و تێکۆشانی کورد لەپێناو گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانیدا. هەموو گفتووگۆیەکیش لەم بارەوە دەبێت فیکریی بێت نەك عەقیدەیی کە پۆڵێنکردنی ئایدۆلۆژی و حوکومدانی فیقهی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، گەرچی دەتوانرێت سازان لەسەر دەستوورێکی مەدەنی ئەو رێگایە زۆر کورتبکاتەوەو کێشەکە بەدەستووریی چارەسەربکات لەرێی دیاریکردنی ناسنامەی قەوارە کوردییەکان و سیستمی سیاسییەوە.

بەدەر لەمەی کەوتمان باسکردن لە پشتیوانیکردن لە مافەکانی کورد و ئەم نەتەوە بۆ بەدستهێنانەوەی شکۆی مێژوویی خۆی واتاکانی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە درووشمێکی بێ ناوەڕۆك، چونکە دەبێتە پشتیوانیکردنی بەمەرج، بەو واتایەی ئەگەر ئەوانەی مافەکان بەدەست دەهێنن عەلمانی بوون و لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەئێمە جیاواز بوو پشتیوانیان ناکەین.

لەکاتێکدا زۆرینەی ئەو هێزانەی ئەمرۆ لە گۆرەپانەکەدان لە سۆنگەی دیارنەبوونی مێژوویی ئیسلامییەکان لە گۆڕەپانە نەتەوەییەکەدا، بەو جۆرەن. بەداخیشەوە هەست دەکرێت هەندێ کەس لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستاندا بەم جۆرە بیردەکەنەوە! لەبەرئەوە ئەگەر دژ بە شۆڕش و هێزەکانی ڕۆژئاواش نەبن، ئامادە نین پشتیوانیان بۆ دەربڕن، چونکە کارێکی لەو جۆرە پێچەوانەی تێگەیشتنە دینی و ئیسلامییەکەیانە، کە ئەوەش لەسۆنگەی نەبوونی هیچ هێزێکی ئیسلامیی کوردیی خاوەن هێز و قوورسایی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە، بەکردەوە یەکسانە بە پشتکردنە خودی مەسەلە نەتەوەییە کوردییەکە لەو پارچەی کوردستان و سبەیش پارچەو شوێنی تر، گەرچی مەبەستیان ئەوەش نەبێت و لەگەڵ بەدیهێنانی مافەکانی کورددا بن وەك نەتەوەیەکی جەزرەبەچەشتوو ژێردەستە، چونکە ئەگەر مافێك لەم قۆناغەدا بەدیبێت بەهۆی بوون و هەوڵ و تێکۆشانی ئەم هێزانەی ئێستاوە دەبێت، لەو سۆنگەوە ئەوانەی لە پایتەختەکاندا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە عەلمانیبن یاخود ئیسلامی، لەو ئاستە ئەخلاقییە بڵندەدا نین خۆیان مافەکانی کورد لە دەستووردا بچەسپێنن و مافی چارەنووس بە چوارەمین نەتەوەی ناوچەکە ڕەوا ببینین، ئەوپەری ئەوەی ئیسلامییەك لە عەلمانییەك لەم ڕووەوە جیابکاتەوە، ئەوەیە کەمتر ڕەگەزپەرستبێت و بە هەندێ مافی کەلتووری و بەشداری شکڵی بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان ڕازیبێت.

ئەم هەوڵی جیاکردنەوەی نەتەوەش لە بزووتنەوەی نەتەوەیی، کە لەدنیای نوێدا ئاسان نییە، بەتایبەتیش ئەگەر لەخودی دیدە ناسیۆنالیستییە هاوچەرخەکەوە ئەنجام نەدرێت، واتە کوردم بە نەتەوە قبووڵەو بڕوام بە مافەکانیشی هەیە (هەڵبەت هەندێك هەر لە بنەڕەتەوە باوەریان پێی نییە)، بەڵام بڕوام بەو هێزانە نییە بۆ بەدیهێنانی ئەو مافانە هەوڵدەدەن لە سۆنگەی ئایدۆلۆژیاو عەلمانی بوونیانەوە، یەکسانە بە تێکەڵکردنی مەسەلە نەتەوەییەکە بە ناسنامەی هێزە سیاسییەکان و بزووتنەوە نەتەوەییەکە و قوربانیدان بە یەکەم بەهۆی دووەمەوە، ئەوەش هەموو باوەڕبوونێ بە مەسەلە نەتەوایەتیە کوردییەکە لەئێستادا پووچەڵ دەکاتەوە، ئەم پرسەش هەمووی پەیوەندی بە واقیعی هێزە نەتەوەییە سکیۆلارەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەویشی بە تێنەگەیشتن لە مانای نەتەوەخوازی و ناوەرۆکی نەتەوەی مۆدێرن و مەنهەجییەتی تێگەیشتن لە دەقی ئیسلامی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لەکایەی فیکری و سیاسی دنیای نوێش هەیە.

'واتە، پەیوەندی بە هەڵەی مەنهەجی لەبواری بیرکردنەوەی ئیسلامی و چۆنییەتی دەستنیشانکردنی هەڵوێستی ڕاست لە هەمبەر ڕووداو و پرسەکانی دنیای نوێ هەیە، بیرکردنەوەیەکی لەم جۆرە نامەقاسیدیانەیە، لە واقیعیشدا لە ناوەندە دینییە گشتییەکەوە یاخود ئیسلامییەکەوە سەرهەڵبدات لە قووڵایدا سەلەفیانەو ڕوواڵەتگەرایانەیە. بەحوکمی ئەوەی پێوەر بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزێك لەکایە دنیایی و سیاسییەکەدا، لە دیدی ئیسلامییەوە، رەوایەتی و شەرعیبوونی ئامانجە، نەك ناسنامەی ئایدۆلۆژی و فیکری ئەو هێزانەی لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەدا تێدەکۆشن.

بۆ نموونە، دادپەروەری لەسەر دەستی ئیسلامییەك یان عەلمانییەك، موسوڵمانێك یاخود ناموسوڵمانێك بێتەدی، خوازراوێکی ئیسلامی لەخودی خۆیدا باشەیەو کارێکی خوداپەسەندانەیە، ستەمیش دیندارێ بیکات یان بێ دینێك، کارێکی قێزەون و ڕەتکراوەو خوداو ئیسلام ناپەسندە، چونکە ئیسلام فەرمانی بە دادپەروەری کردووەو دژ بە ستەمە، ناسنامەی دینی و ئایدۆلۆژی و سیاسی لەم چوارچێوەدا پێوەر نین. پێغەمبەری ئیسلامیش (د.خ) بەهەمان ڕێباز و مەنهەج بیری کردۆتەوە، هەربۆیە لە ژییاننامەیدا هاتووە فەرموویەتی، ئەگەر ئێستاش بانگم بکەن بۆ بەشداریکردن لە پەیمانی فزول، بەشداری تێدا دەکەمەوە. وەك ڕوونیشە پەیمانی فزول لەپێش ئیسلامدا لەنێوان کۆمەڵێ دەسترۆیشتووی مەککەدا بەستراو پێغەمبەریش (د.خ) بەشداربوو. مەبەست لێی رێگریکردن بوو لە ستەمکردن لە خەڵکانی ڕەش و ڕووت و بێکەس و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی.

کاتێك پێغەمبەر(د.خ) ئەمە دەفەرمووێت، لەبیری نەچووە ئەوانەی لەو پەیمانەدا بەشداربوون هاوبەشی پەیداکەربوون. بۆیە دەخوازێت بە موسوڵمانان و شوێنکەوتووانی تا ڕۆژی دووایی بفەرموێت، پێوەر بۆ بەشداریکردن و نەکردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە ژیانی ئەم دنیایەوە هەیە، ناسنامەی دینی و عەقیدیی و ئایدۆلۆژی لایەنە بەشدارەکان نییە، بەڵکو ئەو ئامانجە یاخود ئامانجانەن ڕێکەوتنیان لەسەر دەکرێت و هەوڵی بەدیهاتنیان دەدرێت.

بەو مانایەی عەقیدە پێوەر نییە، بەڵکو بەهاکان پێوەرن، کە دایکی بەها ئیسلامییەکانیش دادپەروەرییە. ئەم بەهایانە پێوەری شەریعەتە ئەخلاقییەکەی ئیسلامن بۆ بەشداریکردن و نەکردن و (تاصيل)کردن و پاساودان. ئایەتی (و تعاون على البر والتقوى ولاتعاونوا علي الاثم والعدوان)ی قورئانیش دەچێتە هەمان چوارچێوەوە، پێمان دەڵێت، ئەوەی لە چوارچێوەی یەکخستنی تواناکان و هاوکاریکردندا لەڕووی ئیسلامییەوە گرنگە بە پێوەر وەربگیرێت، لایەن و کەسە بەشدارەکان نین، بەڵکو ئەو پڕۆژەو ئامانجە هاوبەشەیە لەسەری کۆدەبینەوەو هاوکاری یەکتری لەسەردەکەین چونکە ئەگەر ناوەڕۆکی ئایەتەکە بەم جۆرە لێکنەدەینەوەو تێینەگەین، دووچاری کێشەی مەنهەجی دەبین، بەو مانایەی دەکرێت کەس و هێزێکی ئیسلامی و موسوڵمان تاوان و دەستدرێژییەکە ئەنجام بدات، بەگوێرەی ئایەتەکە موسوڵمانبوونی ئەم کەس و هێزە پێوەری هاوکاریکردنی نییە، نەك هەر ئەوەندەش بەڵکو بەگوێرەی ئایەتێکی تری سوورەی حوجورات، دەبێت بەربەرەکانێی لەگەڵدا بکەین و بەگژیدا بچینەوە (فان بغت احداهما على الاخرى فقاتلوا الذي تبغي) واتە؛ ئەگەر دوو پێکهاتەو گرووپی موسوڵمان بووە شەڕیان ناوبژیان بکەن، دوای ئەوە ئەگەر لایەنێکیان ویستی دەستدرێژی بکاتە سەر لایەنەکەی تر و ناهەقی بەرامبەر بکات، بەهێز بەرەو ڕووی ببنەوەو ڕێگەی لێبگرن.
لەبەر تیشکی ئەوەی لەپێشەوە وتمان ئێستا کاتی ئەو پرسیارە هاتووە کە دەڵێت، ئایا داخوازییەکان سەبارەت بە کورد وەك نەتەوەیەك بۆئەوەی ستەمی لێنەکرێت و مافەکانی نەخورێت و پێگەی یەکسانی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا هەبێت، خاوەن کەسێتی مەعنەوی خۆی بێت، داواکاری و ئامانجی ڕەواو شەرعین؟ لەڕاستیدا نەك هەر شەرعین بەڵکو لە جەوهەردا داخوازی ئیسلامین، لەوسۆنگەوە کە پەیوەندی بە بوونی ستەم و هەوڵدان بۆ لابردنی و بەدیهێنانی دادپەروەرییەوە هەیە بە واتایەکی تر، ئەم داخوازی و ئامانجانە ئایدۆلۆژی نین تاکو هەڵوێستی ئایدۆلۆژیانەیان لە بەرامبەرەوە بگرین، بەڵکو ئامانج و داخوازی نەتەوەیی و خەمی هاوبەشی کوردپەروەرێکی ئیسلامی و عەلمانیشە. لەوەش زیاتر بابەت و ناوەڕۆکی عەقد و هاوپەیمانییەتێکی سیاسی و ئەخلاقی ڕانەگەیەنراوی نێوان سەرجەم هێز و ناوەندە کوردییەکەیە بە ئیسلامی و عەلمانییەوە، بەحوکمی ئەوەی، هەموویان ئەو داخوازی و ئامانجانەیان کردووە بە ئەرکی حیزبیی خۆیان و خاڵی هاوبەشی نێوان تەوژم هێزە ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانە. بۆیە دەبێت بۆ بەدیهێنانیان هاوکاری یەکتر بکەن و تواناو هەڵوێستەکانیان یەکخەن.

ڕووی دووەمی ئەم وتەش ئەوەیە کاتێك یەکێ لە ئێمە پشتیوانی لە هێزەکانی ڕۆژئاوا دەکات، کە بەناوی کورد و کێشەکەیەوە لەو پارچەدا قسەدەکەن و هەوڵی چەسپاندنی مافەکانی لە دەستووری نوێی سووریادا دەدەن، واتای پشتیوانیکردن لە ئایدۆلۆجیای تایبەت و حیزبیی هیچ کام لەوان نییە، بەڵکو پشتیوانیکردنە لەو ئامانجە نەتەوەییە سەرو ئایدۆلۆژیانە کە داواو ئامانجی هاوبەشی هەموومانە. ئەمە جگەلەوەی ئێمە دەبێت ئەم پرسە لە بازنەیەکی فراوانتریشدا سەیربکەین و ببینین، کە ئەویش بازنەی گەلی کوردستانە لە ڕۆژئاوا، واتە پشتیوانییەکە لە بنەڕەتدا بۆ گەلەکەیە، گەلەکەش بنەڕەت تیایدا موسوڵمان بوونەوەو کێشە ئایدۆلۆژییەکان لەم ئاستەدا مەترەح نین.
هەرچی پەیوەندی بە ئاییندەی ئیسلام و تەوژمی ئیسلامیشەوە هەیە، ڕوونە بەرژەوەندی لەوەدایە ناوەندە ئیسلامی و دینییەکەی کوردستان پشتیوان و پەرۆشی مەسەلە نەتەوەییەکەبن، بۆئەوەی لە هەستی نەرێنی مێژوو کرد بەرامبەر ئیسلام و خۆشیان کەمکەنەوەو ڕۆڵیشیان لە ڕەخساندنی زەمینەی خزمەتکردن بە ناسنامە ئیسلامییەکەی کوردستان گەورەتر و پێشوازیلێکراوتر بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP