بە پێی دۆخ و بەندەکانی ئاگربەستەکە و شێوەی جێبەجێکردنی، ئاگربەستەکەی غەززە، تا ڕادیەکی زۆر، هاوشێوەی ئەوەی باشووری لوبنانە. دوای کووشتنی نەسروڵا حيزبوڵا پاشگەزبووەوە لە مەرجە سەرەکييەکانی بۆ ئاگربەست، کە وەستاندنی شەڕ بوو لە غەززە. لە دوای کووشتنی سنوار، حەماس پاشگەزبووەوە لە دوو مەرجە سەرەکييەکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە ڕاگەياندنی کۆتایپێهێنانی جەنگ و کشانەوەی تەواوی سوپای ئيسرائيل بوو لە غەززە. ئيسرائیل نە کۆتایهاتنی جەنگەکەی ڕاگەياندووە، نە سوپاکەی دەکشێنێتەوە لە تەواوی غەززە لە ماوەی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
بە هەمان شێوەی ئاگربەستەکەی باشووری لوبنان کە سەرەتای ئاگربەستەکە لایەنگرانی حيزبوڵا و بەرەی مقاوەمە کردیانە ئاهەنگ و سەرکەوتنيان ڕاگەياند، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت هاتنەوە هۆشی خۆیان کە چ شکستێکی گەورەیان هێناوە. حەماس و ئيخوان و لایەنگرانيان لە ئێستادا سەرکەوتنيان ڕاگەياندووە! هاوشێوەی بەندەکانی ئاگربەستەکەی باشووری لوبنان، ئەوەی غەززەش بە ئەگەری زۆرەوە خاڵی شاراوەی تيایە و ميدياکان بڵاوی ناکەنەوە. لە ئاگربەستەکەی لوبنان دەرکەوت کە ئيسرائيل مافی هەیە بەردەوام بێت لە ئۆپراسيۆنە سەربازی و هەواڵگرييەکانی خۆی. لەوەی غەززەش هەمان شتە. مانەوەی بەشێک لە سوپای ئيسرائيل لە ناو باشووری لوبنان و غەززە لە ماوەی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، نيشانەی بەرزکردنەوەی ئاڵای سپييە لە لایەن حەماس و حيزبوڵاوە نەک ڕێککەوتن و ئاگربەستێکی ڕاستەقينە. لە ئاگربەستەکەی باشووری لوبنان، ڕاستڕەوەکانی ئيسرائيل ڕازی نەبوون و بە شکستيان دەزانی، لەمەی غەززەش هەر وایە، ئيتر ميديا و لایەنگرانی بەرەی مقاوەمە لێدوانی ئەوان دەکەنە نيشانەی سەرکەوتن!
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ حەماس جەنگی ڕاگەياند و ئامانجەکانی جەنگەکەش بريتی بوون لە: کۆتایپێهێنانی داگيرکاری ئيسرائيل، ئازادکردنی قودس، ئازادکردنی هەموو زيندانييە فەڵەستينييەکان، ڕێگرتن لە چوونە ناوەوەی جووەکان بۆ ناو ئەقسا، هەر وەها وەستاندنی پڕۆسەی درووستکردنی کۆمەڵگەی نيشتەجێبوون لە کەناری خۆرئاوا. لەگەڵ چەند ئامانجێکی تر. نەک هيچی نەهاتە دی، بەڵکو هەمووی بە پێچەوانەوە زیادی کرد. ئيسرائيل غەززەشی داگيرکرد و زیاتر کۆمەڵگەی نيشتەجێبوونی لە کەناری خۆرئاوا درووستکرد، جووەکان زیاتر دەچنە ناو ئەقسا، ژمارەی زيندانيکراوە فەڵەستينييەکان تەنيا لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە نزيکەی ١٥ هەزار زیاديان کردووە. بە پێی ئاگربەستەکە ئيسرائيل ئەوپەڕی ٥ هەزار ئازاد دەکات.
ەکرێت بوترێت حەماسيش هاوشێوەی حيزبوڵا بە ناوی ئاگربەستەوە ئاڵای سپی بەرزکردەوە. لە ناو غەززە زۆرێک لە خەڵکی پرسيار دەکەن ئایا کاولکردنی کەرتەکە و کووشتنی سەروو ٥٠ هەزار کەس و برینداربوونی زیاد لە 100 هەزار و ئاوارەبوونی دوو مليۆن... لە پێناو چی بوو؟ بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن؟ بۆ ئەوەی سوپای ئيسرائيل بکشێتەوە لە غەززە کە لە پێش حەوتی ئۆکتۆبەر کشابووەوە؟ ساڵێک زیاترە نەتانياهۆ دەڵێت ڕازی دەبين بە ئاگربەست بەو مەرجەی کۆتایهێنانی جەنگ ڕانەگێنرێت و سوپای ئيسرائیليش نەکشێتەوە لە تەواوی غەززە، حەماس ڕەتی دەکردەوە و دەيوت بێ ئەو دوو مەرجە ئاگربەست ناکرێت. ئێستا بە بێ ئەو دوو مەرجە حەماس ڕازی بوو، کەواتە بۆچی پێش ساڵێک ڕازی نەبوو؟ حيزبوڵاش هەمان شتی کرد، یەک ساڵ وەستاندنی شەڕەکەی غەززەی کردە مەرج، پاشان بێ ئەو مەرجە ئاگربەستی قبوڵ کرد.
لە یەکەم رۆژی جەنگەکە نووسيم چەقی ململانێ و پرسی ئيسرائيل و فەڵەستين خاکە، تا ئيسرائيل بستێک خاک لە دەست نەدات نادۆڕێت، تا حەماس بستێک خاک بەدەست نەهێنێت نايباتەوە. ئيسرائيل لە خەراپترين دۆخدا خاک لە دەست نادات و غەززەش کاول دەکات، حەماس لە باشترين دۆخدا هيچ خاکێک بەدەست ناهێنێت و تەنيا دۆزەخێک بۆ غەززە و خەڵکەکەی دەخوڵقێنێت.
دوای ماوەیەکی کورت لە ئاگربەستەکەی لوبنان، ڕووداوێکی گرنگ ڕوويدا کە ڕووخانی ئەسەد بوو. چاوەڕوان دەکرێت دوای ئاگربەستی غەززە ڕووداوێکی تر ڕووبدات، ئيتر گورزێک بێت لە حووسييەکان یان حەشد یاخود ئێران. دەکرێت ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکانی سعوودييە و ئيسرائيليش یەکێک بێت لە ڕووداوەکان. چاوەروان دەکرێت ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی ئیسرائیل لە کەناری خۆرئاوا زیاتر و توندتر بن. هاتنەوەی تڕەمپ فاکتەرێکی سەرەکييە بۆ ئاگربەست و ڕووداوەکانی دوای ئاگربەستەکان.
هەردوو ئاگربەستەکەی غەززە و لوبنان کاتييە و جارێ ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە سەبارەت بە دوای تەواوبوونی کاتی ئاگربەستەکە، ئەگەر هەیە ئيسرائيل دووبارە دەست بە هێرشەکانی بکاتەوە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە نەبێت خۆی دەيەوێت. هەر سيناريۆیەک بێت، بە ئەگەری زۆرەوە حەوتی ئۆکتۆبەر کۆتا شەڕی ئيسرائيل و فەڵەستين و نەيارەکانی ئيسرائيل دەبێت، یان تا ماوەیەک درێژ هيچ لایەن و دەوڵەت و هێزیک شەڕی ئيسرائيل ناکات، کاولکردنی غەززە بەو شێوەیە بووە وانەیەک بۆ فەڵەستينييەکان کە ئيتر شەڕی ئيسرائيل کارێکی بێ هودەیە و تەنيا کاولکاری لێ دەکەوێتەوە.
وەک چۆن ئيسرائيل بە وێرانکردنی حيزبوڵا هەلێکی بۆ حکومەت و خەڵکی لوبنان ڕەخساند، بە لابردنی ئەسەد هەلێکی پێشکەش بە سوورييەکان کرد، بە وێرانکردنی حەماس و غەززە هەلێک دەداتە دەسەڵاتی فەڵەستينی و فەڵەستينييەکان، بەڵام لەوە ناچێت کەسيان ئەو هەلە بە باشی بقۆزنەوە.