عێراق راهاتووە لە سەر پێدانی بەڵێنی بێ بنەما بە کورد و کوردیش راهاتووە لە سەر ئەوەی ئەو واقعە قبول بکات. یەکجاریش نەبووە هەرێم لە سەر ئەم سیاسەتەی بەغدا بە کردار هەڵوێستی تووندی هەبێت . کاتێک دەڵێم هەرێم واتە پارتی چونکە لایەنەکانی تر هەندێکیان لە گەل بەغدان و هەندێکی تریش بوونیان گرنگ نییە تەنانەت گوشارەکانی بەغدا وەک کارتێک دژی پارتی بەکار دەهێنن.
لە 26 ئەیلولی 2022 چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانییەکانی سەروەریی و عەزم و بابلیون ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. گرنگترین خاڵەكانی ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و لایەنە شیعەكان بۆ پێكھینانی حكوومەتی سودانی خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
1- لە ماوەی 6 مانگدا لە دوای دروستكردنی حكوومەت، بە ڕێككەوتن لەگەڵ كورد و پشتبەستن بە دەستوور، یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان دەربكرێت.
2- پشتبەستن بە یاسای بوودجەی 2021 بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا لە داڕشتنەوەی یاسای 2023 ئەمە وەك پڕهنسیپ وەربگیرێت؛ بە شێوهیەك مافی ھەرێم پارێزراو بێت و، نابێت بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ كورد یاسای بوودجەی 2023 پەسەند بكرێت.
3- ڕێككەوتنی شەنگال بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناچەكە بخرێتە واری پراكتیكییەوە
4- ئیدانەكردنی ھەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ھەر ناوچەیەكی عێراق و ئیدانەكردنی ھەر لایەنێك كە ھێرش دەكاتە سەر ھەرێمی كوردستان.
5- پێویستە ماددهی 140ی دەستوور تایبەت بە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان كارا بكرێت و قەرەبووی زیانلێكەوتووەكان بكرێتهوه.
6- كار بكرێت بۆ دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی.
ئێستا خەرێكە ماوەی حكومەوتی سودانی كوتایی پێدێت و بەرەو ھەڵبژاردنی گشتی دەچین لە عێراقدا و ئەگەری زۆرە لە مانگی 5 یان خود ئوكتوبەری ئەم ساڵ بكرێت. لێرەدا پرسیاری ھەرە گرنگ بۆ كورد ئەوەیە كامە خاڵ یان برگەی و بەندەكانی ریككەوتنەكە جێبەجێ كراون؟ ئایا لە عێراقدا ریكەوتن دەكرێت بەس بۆ ئەوەی بێڵێن ریكەوتن كراوە یان ریكەوتن دەكرێت بۆ ئەوەی خاڵەكانی بخرێنە واری جێبەجی كردنەوە؟ بوچی بەشێكی ھەر زۆری ئەو خالانەی رێككەوتن لە سەر كرا، رێك پێچەوانەكەی جێەبەجێ كراوە. ئایا رێكەوتن كرابوو بۆ ئەوەی یاسای نەوت دەربچێت یان بۆ ئەوە بوو كە ھەناردە كردنی نەوتی ھەرێم رابگرێت؟ ئایا رێكەوتن كرابوو بۆ ئەوەی بووجەی ھەرێم بە رێك وپێكی رەوانە بكرێت یان بۆ ئەوە بووە وەك كارتێك دژی ھەرێم بەكار بھێنن؟ ئایا رێكەوتن كرابوو بۆ ئەوەی بەندی 140 جێبەجی بكرێت و بارودوخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە یان لە ریگەری سەرژمێرییە فیلیكی تر لە كورد بكرێت؟ ئایا ریكەوتن كرابوو بۆ ئەوەی كورد ھاوبەش بێت یان خود وەك جاران میوان و تەماشاگەر بێت؟
كامە بریاری گرنگ و ھەستیار ھەیە لە عێراقدا لایەنە شیعەكان پێش دەركردنیان پرس و راوێژیان لە گەل كورد كرد كردووە؟ ئایا بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا كە پرسێكی زۆر ھەستیارە پرسی بە كورد كراوە؟ ئایا ئێمە رێككەوتنمان كرد بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان ھەڵبوەشینن و ھەرێم بخەنە بوشایی ئاساییەوە؟ ئایا ریككەوتن كرا بوو بۆ ئەوەی لە رێگەی دادگای نافیدڕالییەوە بە شێوەیەكی بەرفروان دەست لە كاروباری ھەرێم وەربدرێت؟ ئایا ریككەوتن كاربوو بۆ بۆ ئەوەی وەك پاریزگاییەك مامەلە لە گەل ھەرێم بكەن؟ كەواتە بھا و قیمەتی رێككەوتنەكان چییە كە ئەگەر تەنیا لەسەر كاغەز بیت و دواتر لە ئەرشیف دابنرێت؟ ھەرێم دەبێت چی بكات و چ سیاسەتێك بگریتە بەر بەرامبەر ئەوانەی لە 2003 بەس خەرێكی پیلانگێران و فیلكردن و پەراوێزخستنی ھەرێمن؟