عومەر ئۆجەلان کە برازای ئۆجەلان و ئەندام پەرلەمانی پارتی دەمی تورکیایە ڕایگەیاندوە لەمیانەی سەردانەکەی بۆ بەندیخانەی ئیمرالی و بینینی ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیا گوایە مامی ئامادەیە و خواستی هەیە بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کورد لە نێوات تورکیا و پارتی کرێکاران. عومەر ئۆجەلان لە بەرواری ٢٣ ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لە دوای چوار ساڵ توانی سەردانی ئیمرالی بکات ئەویش دوای ئەوەی کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیتی تورکی مەهەپە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو پرسی ئاشتی تەرح کرد و هەموانی توشی شۆک کرد کاتێک ڕایگەیاند ئەگەر ئۆجەلان لەبەردەم پەرلەمان هەڵوەشانەوەی پارتی کرێکاران ڕابگەیەنێت ئەوا ئازاد دەکرێـت و کۆتایی بە توندوتیژی دێنین.
باخچەلی و ئەردۆغان
پارتی کرێکاران لەلایەن تورکیا و یەکێتی ئەوروپاوە پارتێکی قەدەغەکراوە و زیاد لە چل ساڵە لەگەڵ تورکیا لە جەنگدایە. باخچەلی ڕایگەیاندوە ئەگەر ئۆجەلان ئەو کارە بکات ئەوا کارئاسانی دەکەن بۆ ئازادکردنی.
باخچەلی هاوپەیمانی ئەردۆغانە لە حکومەت و بەهەمان شێوە ئەردۆغان پشتگیری پێشنیارەکەی باغچەلی کرد و گوتی ئەمە دەرفەتێکی مێژوویە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و نابێ ئەم دەرفەتە لە کیس بدەین. لە گوتاری سیاسی تورکیادا زاراوەی کێشەی کورد بەکاردێت بۆ ئاماژە دان بە پرسی کورد کە ئەویش بریتیە لە مافی یەکسان و خەباتکردن بۆ دانپێدانیان.
سەردانەکەی عومەر ئۆجەلان
عومەر ئۆجەلان دەڵێت لە بەندیخانە مامم پێ ی گوتم کە پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێت بە جۆرێک کە سوودی بۆ تورک و کوردیش هەبێت و لەو پێناوەشدا هەنگاوی پێویست دەگرێتە بەر. هەروەها دەڵێت مامم بۆی گێرامەوە کە لەکاتی دەستگیرکردنیدا ئەو کاتەی کەلە کینیاوە بۆ تورکیا گواستیانەوە دوای ئەوەی هەواڵگیری تورکیا لە نایرۆبی لە ساڵی ١٩٩٩ دەستگیریان کرد مامی پێشنیاری ئەوەی کردوە کە ئەو چارەسەرێک بۆ پرسی کێشەی کورد و تورک دەدۆزێتەوە بەڵام بەداخەوە بوو کە ئەو کاتە زۆر کەس وەها لە پەیامەکەی تێگەشتن ئەو ئەو کارە دەکات بۆ ئەوەی خۆی ئازاد بکات نەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا. هەروەها لە ئێستایا ئۆجەلان ئامادەیە دەستپێشخەری یەکلاکردنەوەی پرسی کورد بکات.
ئۆجەلان بۆ عومەری برازای گێڕاوەتەوە ئەو کاتەی دەستگیر کراوە لەناو فڕۆکەکە بە هێزە تایبەتەکەی تورکیای گوتوە ئەگەر ڕاستی بڵێم من تورکیا و گەلەکەیم خۆش دەوێت و دەمەوێت خزمەتیان بکەم. ئەگەر دەرفەتم هەبێت خۆشحاڵ دەبم بەو کارە. با ئیدی ئەشکەنجە و ئازار نەمێنێت من بە خۆشحاڵیەوە ئەو خزمەتە دەکەم.
سەرەتا ئۆجەلان سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا بەڵام سزاکە دواتر گۆڕدرا بۆ زیندای هەمیشەیی لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەمەش بەهۆی ئەوە بوو کە لەو ساڵەدا تورکیا سزای مەرگی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.
ڕؤڵی ئەردۆغان
عومەر ئۆجەلان ڕایگەیاندوە کە مامی پێ ی وایە ئەردۆغان ڕۆڵی باشی دەبێت لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا. هەروەها گوتویەتی ئەردۆغان هەڵوێستێکی دیکە دەبێت ئەگەر بەسەرکەوتویی ئەو پرسە چارەسەر بکات. گوایە ئۆجەلان گوتویەتی ئەردۆغان و پارتەکەی ٢٢ ساڵە لە حوکمڕانیدان. زۆر کاری باش و خراپیشی کردوە وە چەندین پێگەی هەبووە. بەڵام ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکات ئەو ڕؤڵی جیاوازی دەبێت. ئەگەر ئەردۆغان دەستپێشخەری بکات و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە چارەسەرکردنی پرسی کوردا ئەوا چارەنوسی تورکیاش دەگۆڕدرێت. تورکیا دەبێـت بەوڵاتێک کە ئاشتی هەناردەی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و دەبێتە سەنتەر و میحوەرێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئۆجەلان باسی لە گرنگی بەشداریکردنی تورکە ناسیۆنالیستەکان کردوە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی کورد و لەو باوەڕدابووە کە ئەگەر ئەوان قەناعەتیان هەبێ بە چارەسەر بۆ ئایندە و بۆ پەرەپێدانی پرسی دیموکراسی لە تورکیا ئەوا تورکیا ئایندەیەکی گەشتری دەبێت. بە گوێرەی عومەر ئۆجەلان پارتی کرێکاران بە قسەی ئۆجەلان دەکەن و هەرگیز قسەی ئەو ڕەتناکەنەوە سەبارەت بە چارەسەری ناکۆکیەکان.
ئۆجەلان باش دیراسەی پەیوەندی تورکیا و کوردی کردوە و پیاچونەوەی کردوە بۆ مێژووی هەزاران ساڵ و گەشتوە بە ئەنجامێک لەو بارەیەوە. ئۆجەلان ئاشتی دەوێت و هەماهەنگی لەگەڵ هەرکەسێک دەکەن ئەو پرسە بە ئاشتیانە چارەسەر بکات.
گۆڕانی سیاسەتی ئەردۆغان سەبارەت بە کورد
لە کۆتایی دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا دەوڵەت باغچەلی سەرۆکی مەهەپە و پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لەناو پەرلەمان هەموانی توشی شۆک کرد دوای ئەوەی تەوقەی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی دەم پارتی کرد. دەم پارتی پێشووتر پارتی هەدەپەی کورد بوو ئێستا بووە بە دەم پارتی. ئەم تەوقە سیاسیە سیمبۆلیە کاریگەریەکی زۆری هەبوو و ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕووداوە ئەردۆغان پشتگیری هەڵوێستەکەی باخچەلی کرد و گوتی پێویستە لەم سەردەمە نوێیەدا ئاشتی و برایەتی بەهێز بکەین. دوای هەفتەیەک دیسانەوە دەوڵەت باخچەلی پێشنیارێکی کرد کە هەموانی توشی شۆک و سەرسامی کرد. داوای کرد دەوڵەتی تورکیا لێخۆشبوون بۆ ئۆجەلان دەربکات ئەگەر هاتوو ئامادەبوو پارتی کرێکاران هەڵبوەشێنیتەوە و واز لە توندوتیژی بهێنن.
دوای ڕۆژێک لە پێشنیارەکەی دەوڵەت باخچەلی, پارتی کرێکاران پەلاماری کۆمپانیایەکی حکومى تایبەت بە پیشەسازی ئاسمانی تورکیای لە ئەقەرەدا. لەوەڵامیشدا حکومەتى تورکیا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی سیاسیە کوردیەکانی دەستپێکرد و بە چڕی بۆردومانی ڕۆژافا و باشوری کوردستانی کرد. لە ٢٦ ى نۆفێمبەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٢٣٠ کەس لە سیاسی و ڕۆژنامەوان و چالاکوانی کورد دەستگیر کرا. هەموو ئەوانەی کە بەشێوەیەکی دیموکراسیانە هەڵبژێرابوون بۆ شارەوانیەکان دەستگیر و تۆمەتبارکران کە سەر بە پارتی کرێکارانن و لە جێگەی ئەوان قیوم دانرا. قیوم ئەو کەسانەن کە جێگەی متمانەی دەوڵەتن.
ڕێچکەیەکی نوێ و دژبەیەک بەڵام بەووردی حساب بۆ کراو
پێشنیاری ئازادکردنی ئۆجەلان هەڵوێستێکی زۆر وورد و حساب بۆ کراوە بۆ ئەوەی سوود لە پێگەی سەرکردەکەیان وەبگیرێت بۆ ڕام کردنی پارتی کرێکاران و گروپە کوردیەکانی دیکەدا. ئەمە هەوڵێکە بۆ هەڵوەشانەوەی هەموو تۆڕە سەربازیەکانی کورد و زامن کردنی سنوری تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوا. لەهەمان کاتدا دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانیەکان و چالاکوانانی کورد بۆ ڕازی کردنی ناسیۆنالیستە تورکەکانە و ئیدارەدانی هاوپەیمانی داد و گەشەپێدان و مەهەپەیە. مەهەپەی ناسیۆنالیست هاوپەیمانیەکی بەهێزی حکومەتە هاوپەیمانیەکەی ئەردۆغانە. دەرکردنى سەرۆکشارەوانیە کوردیەکان بە تۆمەتی ئەندام بوونی پارتی کرێکاران وەها دەکات کە حکومەت بەهێز دەربکەوێت و کۆنتڕۆڵی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەکات وە لەهەمان کاتدا ڕازی کردی دەنگدەرانی ناسیۆنالیستی تورکیایە کە زۆر بە توندی دژی هەر سازشێکن بۆ داواکاری بزوتنەوە سیاسیە کوردیەکان.
مانەوەی ئەردۆغان و پارسەنگی هێز
جگە لەوەش, ئەم هەولأنە زۆر گرنگن بۆ مانەوە و بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئەردۆغان چونکە زامن کردنی پشتگیری و سۆزی کوردان زۆر گرنگە ئەگەر ئەو بیەوێت گۆڕانکاری لە دەستوری وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٨ جارێکی دیکە خۆی هەڵبژێرێتەوە. ئەمە ئەو دەرئەنجامەیە کە ئەردۆغان دەیەوێت و باخچەلیش پشتگیری دەکات.
چارەنوسی هێزەکانی کورد لە سوریا و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی
تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل کە هێزی یەکەمی هێزەکانی دیموکراسی سوریایە وەک درێژکراوەی پارتی کرێکاران دەبینێت. یەپەگە و پارتی کرێکاران لەسەر هەمان ئایدۆلۆژیا بونیاتنراون کە ئەویش لەسەر بنەماکانی فیکر و ڕێبازی دیموکراسی کۆنفیدرالیزمی ئۆجەلان دامەزراون. ئەم تێزە یان ڕێبازی ئۆجەلان داکۆکی دەکات لە ئۆتۆنۆمی کورد و حکومڕانی خۆسەری لامەرکەزی.
بەلای تورکیاوە کۆنتڕؤڵکردنی باکوری سوریا لەلایەن یەپەگەوە هەڕەشەیەکەلەسەروەری تورکیا. چونکە دەبێتەوە هۆی بەهێزکردنی کوردە جوداخوازەکان لە تورکیا و سنورەکەی و مایەی ئیلهامی سەربەخۆیی کوردە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. هەروەها نزیکی یەپەگە لە تورکیا دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ پارتی کرێکاران بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان بەکاربهێنن لە دژی تورکیا و لەسەر سنور. ئەم ناوچەیە ڕێگەیەکی گرنگە بۆ گواستنەوەی شەڕفانان و چەک و سەرچاوەکان و بەردەوامی شەڕی پارتیزانی لە ناوچەکەدا.
تورکیا دامەزراندنی هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری ئۆتۆنۆم لە ڕۆژافا وەک مەترسیەک دەبینێت بۆ یەکپارچەیی و سەروەری خاکەکەی هەروەها فەلەسەفەی حکومڕانی ئەم دەسەڵاتی کوردە لە رؤژافا مایەی نیگەرانیە بۆ تورکیا چونکە ئەوان داکۆکی لە حوکمى لامەرکەزی و خۆسەری دەکەن کە ئەمەش پێچەوانەی مۆدێلی حکومڕانی دەوڵەتی سەنتەرە لە تورکیا. تورکیا ترسی هەیە ئەم مۆدێڵی حکومڕانیە ببێتە هۆی هاندانی کورد لە تورکیا کە داوای هەمان مۆدێلی حکومڕانی بکەن و بەوەش تورکیا لاواز و بێ کاریگەر دەبێت. هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە تورکیا بەردەوام ویستویەتی ناوچەیەک یان زۆنێک هەبێت دەسەڵاتی کوردی تیا نەبێت لە گەڵ سوریا و بۆ ئەوەی کورد کۆنتڕۆڵی سوریا نەکەن و نەبنە مایەی هەڕەشە بۆ تورکیا. ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە وڵاتەکەیان دەیەوێت ڕێگری بکات لەوەی کە لەسنوری وڵاتەکەیان تیرۆر گەشە بکات. ئەم بۆچونە پێمان دەڵێت کە تورکیا لە ڕوانگەی ئاسایشەوە لە پرسی کورد دەڕوانێت.
لەپرسی دەوڵەتەوە بۆ حوکمڕانی لامەرکەزی
کرۆکی سیاسەتی پارتی کرێکاران گۆڕاوە لەداواکاری بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ ئێستا داوای ئۆتۆنۆمی و خۆسەری دەکەن بۆ کورد لە تورکیا سوریا و . تورکیا دەیەوێت لە پێگەیەکی لاوازەوە دانوستان لەگەڵ هێزە کوردیەکان بکات چونکە دەرکەوت بە دانوستان لەگەڵ ئەسەد هیچ نەکرا و ناچار بوون پەنا بۆ هێز بەرن. لەوانەیە تورکیا هەمان ڕێچکە بگرێتە بەر سەبارەت بە هەسەدە.
کەوتنی ئەسەد و دۆخێکی نوێ
ئێستا کە ڕژێمی ئەسەد کەوتوە، جێگرتنەوەی تورکیا بۆ نفوزی ڕووسیا و ئێران لە سوریا، ئاسانکاری بۆ تورکیا دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی کورد لە ڕێگەی سوپای نیشتمانی سوریاوە. تورکیا پێشتر لە ئۆپراسیۆنەکانی پێشوودا، وەک داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨دا پشتیوانی سوپای نیشتمانیی سوریای کردووە و لە هێرشەکانی داهاتوودا بۆ سەر کورد بەردەوام دەبێت لەم پشتیوانییە. هەفتەی ڕابردوو لە کاتێکدا کە دەست بەسەر خاکی ژێر دەستی ڕژێمدا گیرا، سوپای نیشتیمانی سوریا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و تەل ڕفعەتیان گرت کە شارێکی ستراتیژی گرینگە لە ڕۆژئاوای فورات. لە 9ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، سوپای نیشتمانی سوریا مەنبەج کە پێشتر لە ژێر دەستی هێزەکانی پاراستنی گەلی سوریادا بوو، کۆنترۆڵکرد، کە شارێکی دیکەی سەرەکییە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا پاڵپشتییان کرد. ئانادۆڵو ئاجانسی، ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی تورکیا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سوپای نیشتیمانی سوریا شارەکەی لە "قەڵای تیرۆریستی [هەسەدە/پەکەکە]" "رزگارکردووە.
گرنگی مەنبەج و تەلڕەفعەت و کۆبانی
گرتنی تەل ڕفعەت و مەنبەج لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە بۆ تورکیا چونکە وەک ناوەندێکی گرنگی ترانزێت لە تۆڕی گواستنەوەی باکووری سوریادا سوودی هەیە، کە ناوچە سەرەکییەکانی وەک حەلەب، ڕەقە و دێرەزۆر بەیەکەوە دەبەستنەوە. ئەم پەیوەندیانە جووڵەی کاڵا و هێز و پێداویستییەکان ئاسان دەکەن، ئەمەش وایکردووە کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانە بۆ کاریگەریی ناوچەیی زۆر گرنگ بێت. سەرەڕای ئەوەش، کۆنتڕۆڵکردی مەنبەج هەژمونی تورکیا بەسەر ڕووباری فوراتدا بەرز دەکاتەوە، کە بەربەستێکی سروشتی بەرچاوە و سەرچاوەیەکی ئاوی سەرەکییە. ئەم ستراتیژە بەشێکە لە ئامانجە بەرفراوانەکەی تورکیا بۆ دامەزراندنی "ناوچەیەکی سەلامەت" بەدرێژایی سنووری باشووری وڵاتەکەی، کە ئەنقەرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستە هەم بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەران و هەم بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییە سنووربەزێنەکان لەلایەن ئەو گروپە کوردانەی کە بە مەترسی دەزانێت. بەڵام سوودی سەرەکی بۆ تورکیا بریتی دەبێت لە پێشخستنی پلانەکەی بۆ پاڵنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو ڕۆژهەڵات و شاری ستراتیژی کۆبانێ بخاتە ژێر دەستی ئەردۆغان.
گرنگی سیمبۆلی کۆبانی
کۆبانێ لە مێژە ئامانجی ئەردۆغان بووە. شارەکە گرنگییەکی ڕەمزی و ستراتیجی بەرچاوی هەیە، بەو پێیەی شوێنێکی گرنگە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان بە ڕۆژهەڵاتەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەک قامیشلۆ و بەرەو ڕۆژئاوا، وەک عەفرین. ئەگەر کۆبانێ بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا، ئەوا ئەم پەیوەندییە ژیانییە دەپچڕێنێت، یەکێتی خاکی کورد پارچە پارچە دەکات و پێکهاتەی سەربازی و ئیداریی هێزەکانی سوریای دیموکرات تێکدەدات- بەم شێوەیەش ئاسانکاری دەکات بۆ لەناوبردنی ئەوەى تورکیا ناوی دەنێت “رێڕەوی تیرۆر”. هەروەها کۆبانێ هێمای بەرخۆدانی کوردە، بەتایبەتی بۆ ڕۆڵی گرنگی لە سەرکەوتنی ٢٠١٤-٢٠١٥ بەسەر داعشدا، کە هێزە کوردیەکانی وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو و بەهێز کۆکردەوە.
گۆڕینی دیمۆگرافیا
بۆ تورکیا گرتنەوەی کۆبانێ ئاسایشی وڵاتەکەی بە دەستەبەرکردنی سنووری باشووری خۆی بەهێزدەکاتەوە و خواستەکانی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی زیاتر سەرکوت دەکات. سەرەڕای ئەوەش، تورکیا دەتوانێت دیمۆگرافیای ناوچەکە لە قاڵب بداتەوە بە نیشتەجێکردنی پەنابەرانی عەرەبی سوریا لەوناوچانەی زۆرینەى کوردن، کەمکردنەوەی کاریگەریی کوردەکان و بەهێزکردنی کۆنترۆڵی تورکیا بەسەر باکووری سوریا. لەوەش زیاتر، کۆنترۆڵکردنی کۆبانێ کاریگەری تورکیا لە داڕشتنی نەزمی دوای شەڕەکانی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەکات.
بڕیاڕی ٢٢٢٤ ى نەتەوە یەکگرتوەکان
لەگەڵ ئەوەی دۆخی سوریا هێشتا ناسەقامگیرە، لاوازبوونی کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کوردستان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێتە هۆی ئەوەی فشاریان بخرێتە سەریان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سیاسی، کە پێدەچێت بە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قاڵب بدرێت. تورکیا بە تایبەتی لە خەمی پێشگرتن لە دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆی کوردی لە باکوری سوریایە. بۆ ئەم مەبەستەش ڕەنگە تورکیا لە سوپای نیشتیمانی سوریا کەڵک وەربگرێت بۆ فشارخستنە سەر ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ملکەچبوون،
پەیوەندییەکانی نێوان یەپەگە و پەیەدە و پەکەکە بە توندی کەمبکاتەوە و بەمەش سنووری باشووری خۆی مسۆگەر بکات و ئاسۆی سەربەخۆیی کورد کەمبکاتەوە. ئەگەر ئەم ئامانجانە بەدی بهێنرێن، ڕەنگە جەوهەریترین تەحەدای کورد بۆ ئاسایشی تورکیا لە ناوخۆی تورکیا سەرهەڵبدات. پاشان ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆجەلان دەتوانێت ببێتە پێکهاتەیەکی یەکلاکەرەوە لە کەمکردنەوەی پاڵنەرە فراوانەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی، چارەسەرکردنی گرژییە ناوخۆییەکان و دووبارە داڕشتنی داینامیکی کوردی ناوچەکە بە قازانجی تورکیا.
ئەگەر ئۆجەلان فەرمان بکات جێ بەجێ دەکرێت
ڕێنماییەکانی ئۆجەلان، تەنانەت لە زیندانەوە، قورسایییەکی بێئەندازە هەڵدەگرێت. ئۆجەلان ئێستا وەک کەڵتێکی لێهاتوە کە بنکە و شوێنکەوتووی کەڵت ئاسای هەیە. هەندێک بە نیلسۆن ماندێلای کورد دەزانن. ئۆجەلان بۆ زۆرێک لە کوردانی سەرتاسەری ناوچەکە نوێنەرایەتی پێشکەوتن و دیموکراسی و ئازادی دەکات. ئەگەر ئۆجەلان ڕێنمایییەک دەربکات- وەک داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وەستاندنی خەباتی چەکداری- ئەگەرێکی زۆر هەیە کە شوێنکەوتووانی گوێ لە بانگەوازەکەی بگرن، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا کردوویانە (بۆ نموونە ١٩٩٣، ١٩٩٩ ، ٢٠١٣–١٥). لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر، ئیلهام ئەحمەد،ڕایگەیاند، “هەر شتێک ئۆجەلان بیڵێت گرنگییەکی ژیانی هەیە و ئێمە پێمان وایە هەموو شتێک کە دەیڵێت بۆ بەرژەوەندی ڕۆژاڤا دەبێت- و بۆ هەمووان کورد“.
تواندنەوە و ئەسیمیلە کردنی کورد
سەرەڕای کاریگەریی ئۆجەلان، گومان لە نێو کوردەکانی تورکیادا هێشتا قووڵە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە سەدەیەک هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ ئاسمیلەکردن و توانەوە و سەرکوتکردنی ناسنامەی کورددا هەیە. لەوەش زیاتر بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خولی ئێستای دانوستانەکانی ئاشتی لەلایەن دەوڵەتێکەوە بەڕێوەدەچێت کە زۆر زیاتر لە دانوستانەکانی پێشوودا لە بنەما ناسیۆنالیستەکاندا چەسپاوە.
هەندێک ماف بەڵام دواتر سەرکوتکردن
دوای سێ خولی شکستخواردووی دانوستانەکانی ئاشتی، کوردەکان وریا بوون و دان بەوەدا دەنێن کە زۆرجار بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن و دەوڵەت بە دەگمەن هەنگاوی جەوهەری بۆ فراوانکردنی ئازادییەکان یان پێدانی مافی زیاتر بە دانیشتوانی کورد دەنێت. تەنانەت کاتێک مافی فەرهەنگی وەک کردنەوەی قوتابخانەی زمانی کوردی بەخشرا، زۆرێک لەو قوتابخانانە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ داخران بەهۆی گەڕانەوەی حکومەت بۆ سیاسەتی سەرکوتگەرانەتر.
ئایا کورد سازش دەکات لە مافەکانی؟
سەرەڕای کاریگەریی ئۆجەلان بەسەر پەکەکە و کۆمەڵگەی بەرفراوانی کورددا- کە ڕەنگە بەس بێت بۆ گەیاندنی لایەنەکان بۆ سەر مێزی دانوستان- زۆر دوورە لە دڵنیاییەوە کە پەکەکە یان گەلی کورد ئامادەن بە بێ ئیمتیازێکی بەرچاو داواکارییەکانیان تەسلیم بکەن. ئەم نادڵنیاییە بەهۆی کۆمەڵگایەکی تورکی کە تادێت نەتەوەپەرست و پارانۆیایی و جەمسەرگیری زیاتر دەبێت، کە تادێت ویست و ئامادەیییەکی کەم نیشان دەدات بۆ وەرگرتنی شوناسە غەیرە تورکەکان لە چوارچێوەی نەتەوەیی خۆیدا.
دەنگدەرانی کورد پاشا بۆ عەرشی تورکیا دروست دەکەن.
ڕوویەکی دیکەی پشت ئەم دەستپێشخەرییە، ئەگەری هەوڵدانی ئەردۆغانە بۆ خولی سێیەمی دەسەڵات، کە ئەگەری ئەوە نییە ڕووبدات مەگەر دەنگی پێویستی کورد بۆ چاکسازی دەستوور دەستەبەر بکات.
دانیشتوانی کورد لە تورکیا بە نزیکەیی 15-20%ی دەنگدەرەکان پێکدەهێنن و لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی وەک دیاربەکر، عورفە، ماردین و وان چڕبوونەتەوە. ئەم ناوچانە قورسایی هەڵبژاردنی بەرچاویان لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا هەیە. توانای ئەردۆغان بۆ دەستەبەرکردنی بەشێک لە دەنگی کوردەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت، بەتایبەتی کە زۆرێک لە دەنگدەرانی کورد کە سەردەمانێک پاڵپشتی ئاکەپەیان دەکرد (لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٩) بەڵام لە نێوان پەرەسەندنی ناڕازیبوونیاندا بەرەو پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) هەنگاویان ناوە هاوپەیمانی ئاکەپە لەگەڵ پارتە ناسیۆنالیستەکان و ڕوانگەی توندڕەوی ئەردۆغان بۆ کێشەی کورد. بەو پێیەی جەهەپە خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤێکی گشتگیرتر جێگیر کردووە، ئێستا پشتیوانی زیاتری کورد بە تایبەتی لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوادا لە ئاکەپە بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
زیادبوونی دانیشتوانی کورد لە تورکیا
جگە لەوەش کوردەکان لە تورکیا و تورکەکان ڕێژەی لەدایکبوونیان تەواو جیاوازە. ڕێژەی منداڵبوونی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١.٥١ لەدایکبوونی زیندوو بووە بۆ هەر ژنێک، کە لە خوار ئاستی جێگرەوەی ٢.١ بووە. لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵات کە دانیشتوانی کورد تێیدا چڕبوونەتەوە، ڕێژەی منداڵبوون بە شێوەیەکی بەرچاو لە تێکڕای نیشتمانی بەرزتر دەمێنێتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ٢٠١٥ ڕێژەی دەنگەکانی کورد لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە ٤.١% بۆ ١٣.١% بەرزبووەتەوە. دەنگدەرانی کورد ئامادەن بە پشتبەستن بە زۆری ژمارەیان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن. هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو گرنگی دەنگدەرانی کوردیشیان نیشان دا. بۆ نموونە ئەردۆغان ئەردۆغان لە ساڵی 2023 دەنگی سەرۆکایەتییەکەی بەدەستهێنا، بەڵام نەیارەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە سایەی پشتیوانی کورد بۆ جەهەپە تاڕادەیەک نزیک بووەوە. وەک وتەی سیاسی تورکیا دەڵێ، دەنگدەرانی کورد مەلیک و پاشا بۆ عەرش دروست دەکەن و ئەوان پرسی سەرۆکی یەکلادەکەنەوە.
دەستوری تورکیا و هەڵبژاردنەوەی سەرۆک کۆمار
بەپێی دەستووری ئێستای تورکیا، ئەردۆغان ڕووبەڕووی کۆت و بەندێکی یاسایی بەرچاو دەبێتەوە کە توانای سنووردار دەکات بۆ ئەوەی داوای دووبارە هەڵبژاردن بکاتەوە بەبێ ئەوەی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات. دوای ئەوەی ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیران (لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٤) و سەرۆک کۆمار (لە ساڵی ٢٠١٤ەوە) کاری کردووە، ماوەی سیاسی ئەردۆغان زیاتر لە دوو دەیە دەخایەنێت. بەڵام دەستووری ساڵی ١٩٨٢ سنوورێکی گرینگی داناوە و سەرۆک کۆمار دوو خولی سەرۆکایەتییەکەی دیاریکردووە. ڕیفراندۆمی دەستووری ساڵی ٢٠١٧ کە تورکیای لە سیستەمی پەرلەمانییەوە گواستەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، بە هەمان شێوە سەرۆک کۆماری بۆ دوو خول سنووردار کردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەردۆغان شایستەی ئەوە نییە خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات، مەگەر بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی بەردەوام بێت بۆ خولی سێیەم، پێویستە پەرلەمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات نەک خودی ئەردۆغان.
هەمیشە پەنا بۆ کورد دەبرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی تورکیا
ڕیفراندۆمی ٢٠١٧-٢٠١٨- ئاماژە بەوە دەکات کە ئەردۆغان پێی باشترە دەستوور بنووسێتەوە نەک داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، کە ئەمەش بژاردەیەکی زۆر مەترسیدارتر دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە. داوای ڕیفراندۆمی دەستووری مەترسی کەمتر دەخاتە ڕوو، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا جێگەی تەحەدایە. لە ساڵی ٢٠١٨دا، ئاکەپەی ئەردۆغان دوای ڕیفراندۆمی دەستووری ٢٠١٧ هاوپەیمانییەکی لەگەڵ مەهەپە بە فەرمی کرد، کە تیایدا هەردوو حزب بانگەشەی دەنگدانی "بەڵێ"یان کرد بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی. بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە بەس نییە، چونکە جارێکی دیکە جەماوەری ئەردۆغان کەم دەبێتەوە. بەم شێوەیە، وەک ئەردۆغان لە ڕابردوودا کردوویەتی، کاتی ئەوە هاتووە جارێکی دیکە بۆ هاوکاریکردن ڕوو لە کورد بکرێتەوە.
ئەدۆغان نایەوێت مەهەپە بتۆرێنێت
سەرەڕای ئەو ڕێبازە دژبەیەک و ئاشکرایە، بەڵام لۆژیکێکی تێدایە. بنکەی ناسیۆنالیستی، بەتایبەتی مەهەپە، کە هاوبەشێکی سەرەکی هاوپەیمانێتییە و بەتوندی دژایەتی هەر جۆرە ئیمتیازێک بۆ خواستە سیاسییەکانی کورد دەکات. ئەردۆغان بە پاراستنی ئەم هەڵوێستە سەختە دڵنیای دەدات لەوەی کە لایەنگرانی ناسیۆنالیستی خۆی نامۆ ناکات- کە ڕێز لە مۆدێلێکی بەهێزی ناوەندگەرایی حوکمڕانی دەگرن، لەگەڵ چەمکێکی ئۆرتۆدۆکسی بۆ ناسنامەی تورکی کەبە بەهێزی بمێنێتەوە.
تورکیا تەحەمولی ئۆتۆنۆمی ناکات
بە دوورخستنەوەی سیستماتیکی سیاسەتمەدارانی کورد و جێگرتنەوەی ئەمیندارە دیاریکراوەکانی دەوڵەت یان قەیووم، نوێنەرایەتی سیاسی کورد- و بەم پێیەش دەسەڵاتی سیاسی کورد- کەم دەبێتەوە. تۆڵەسەندنەوەی سەربازی و سەرکوتی سیاسی حکومەت پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە تورکیا تەحەمولی ئۆتۆنۆمی و بەرخۆدانی کورد ناکات، چ لە سنوورەکانی خۆیدا یان لە سوریا و عێراقی دراوسێدا. جگە لەوەش تورکیا ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە بەکاردەهێنێت بۆ کاتى هەلبژاردن کە ئەوان هەنگاو دەگرنەبەر لەسەر "مەسەلەی" کورد.
سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی تورکیا
حیساباتی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕەنگدانەوەی ڕەچاوکردنی سیاسەتی ناوخۆییە، کاتێک سەرنجی بڕیارە گرنگە سیاسیەکانی دەرەوەی تورکیا دەدەین. بۆ نموونە، کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییکان لە سوریا- وەک ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، لقی زەیتون و بەهاری ئاشتی- هەموویان لە نزیکەوە هاوتەریب بوون لەگەڵ ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان، لەوانە ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ٢٠١٨ و شارەوانیەکانی ئازاری ٢٠١٩ هەڵبژاردنەکان.
دەنگدەرانی کورد ئاکەپە بەجێ دەهێڵن
ڕەنگە ستراتیژییەکەی ئەردۆغان کوردە توندڕەوەکان نامۆ بکات بەڵام توانای ئەوەی هەیە پشتیوانی لە دەنگدەرانی دیکەی کورد دەستەبەر بکات، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بەدەستی هێناوە. جێگای سەرنجە، لە ساڵی ٢٠١٤ ئەردۆغان کاریگەریی ئۆجەلانی بەکارهێنا کاتێک سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکاران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی ئەردۆغان کرد و داوای لە دانیشتوانی کورد کرد پشتگیری بکەن. لە ساڵانی سەرەتای سەرکردایەتییەکەیدا، ئەردۆغان بە پێچەوانەکردنەوەی سنووردارکردنەکانی سەر زمانی کوردی و پێدانی مافی زیاتر بەکورد و پاڵپشتیی کوردەکانیشی بردە سەر.
بەڵام لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زۆرێک لە کوردەکان ئاکەپەیان بەجێهێشتووە و پشتیوانی خۆیان بۆ جەهەپە هێناوە یان بنکەی دەسەڵاتی دیموکراتیان بەهێزتر کردووە. بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، دەم پارتی لە دەسەڵاتی سیاسیدا گەشەی کردووە و بووەتە سێیەم گەورەترین پارتی لە پەرلەمان، لە دوای ئاکەپە و جەهەپە. وەک چۆن لە ڕابردوودا کردوویەتی، پێدەچێت ستراتیژی ئەردۆغان بۆ چاکسازی لە دەستووردا دابەشکردنی هاوپەیمانییەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوبەشی هەڵبژاردنی دەنگەکانی کورد- بەتایبەتی دەنگدەرانی کۆنەپەرستی کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە بە شێوەیەکی نەریتی قەڵایەکی بەهێزی پارتەکەی ئەردۆغان بووە.
خولی سێیەمی سەرۆکایەتی ئەردۆغان
حکومەتی تورکیا لە ڕابردوودا ستراتیژی و تاکتیکەکانی ئێستای ب فۆرمێکی تر بەکارهێناوە؛ هیچ کامیان بە تایبەتی ناوازە و نوێ نین. جیاوازی ئەمجارە لەوەدایە کە حیساباتی ستراتیژی و ژینگە لەبارتر بۆ ئەو جۆرە دەستپێشخەرییانە دەردەکەوێ، بەو پێیەی ناوچەکە بە مەترسی فراوانتری هەڵکشانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، و لاوازبوونی هیلالی شیعی،تەنراوە. ئەردۆغان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە چونکە تا دێت کۆمەڵگای تورکی جەمسەرگیرتر دەبێت بەڵام لەهەمان کاتدا ناکرێت چارەسەرێک بۆ پرسی کورد نەدۆزێتەوە چونکە دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی دەنگە پێویستەکان بۆ خۆکاندیدکردن بۆ خولی سێیەم دەستەبەر دەکات.
شکستی دانوستان واتە مەرگ و توندوتیژی
ئەگەر ئەم خولە نوێیەی دانوستانەکانی ئاشتی لەرزۆک بێت- بەتایبەت ئەگەر هەڵەکانی ڕابردووی پڕۆسەی ٢٠١٣-٢٠١٥ ڕاست نەکرێنەوە، وەک پێدانی ڕۆڵێکی گەورەتر بە مەهەپە بەبێ بەشداریکردنی پەرلەمان یان فراواننەکردنی نوێنەرانی بزووتنەوەی کورد- توندوتیژی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتیش بە ئاسانی دەتوانێ جارێکی تر هەڵبگیرسێتەوە. ڕابردوو ئەمەی نیشان دا: کوشندەترین قۆناغی ململانێکان دوای داڕمانی دانوستانەکانی ساڵی ٢٠١٥ بوو کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە.
کاریگەری ئەمریکا
بۆ ئەمەریکا کە لە ساڵی 2003 و 2014ەوە پاڵپشتی هێزە کوردییەکانی عێراق و سووریای کردووە، شکستی دەستپێشخەریی ئاشتی دەتوانێ پەیوەندییەکانی لە ناوچەکە ئاڵۆزتر بکات. پەیوەندی نزیکی ئەمریکا لەگەڵ گروپە کوردییەکان واشنتۆن دەخاتە دۆخێکی ناسکەوە. لەڕاستیدا پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی یەپەگە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە خاڵێکی ئازاربەخش بووە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا. شکستهێنان دەتوانێت پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا زیاتر گرژ بکات و هاوسەنگی هاوسەنگکردنی هاوپەیمانییە ناوچەییەکانی بۆ ئەمریکا قورستر بکات.
ئەگەر تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گروپە کوردییەکان لە سوریا پەرەپێبدات و ئەمریکا پاڵپشتیەکانی بۆ کورد دوو هێندە کەم بکاتەوە، ڕەنگە ئەنقەرە هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر واشنتۆن چڕتر بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتیوانییەکان. ئەگەر ئەم کارە نەکات، دەکرێت تورکیا بە هاوپەیمانییەکەیدا بچێتەوە یان لانی کەم هەڵوێستێکی کەمتر هاوکاری لە ناو ناتۆدا بگرێتەبەر وەک ئەوەی لە ڕابردوودا کردوویەتی.
لە نێوان ئەگەری شەڕێکی ناوچەیی دا، ڕۆڵی تورکیا وەک ئەندامێکی گرینگی ناتۆ- بە لەبەرچاوگرتنی شوێنی جوگرافیای لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، کۆنترۆڵکردنی دەریای ڕەش (کە ناتۆ توانیویەتی لە دژی ڕووسیا سوودی لێ وەربگرێت) و میوانداریکردنی هێزەکانی ناتۆ تێیدا بنکەی ئاسمانی ئینچیرلیک- هاوکارییەکانی دەکاتە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازی و دیپلۆماسییەکان.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گرنگی ستراتیژی تورکیا بۆ ناتۆ، ڕەنگە ئەمریکا ناچار بکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە لە پێشینەی هاوپەیمانە کوردەکانیدا دابنێت. ئەمریکا دەبێ لە نێوان پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانێکی پێشبینینەکراوی ناتۆ و پاراستنی متمانەی خۆی لەگەڵ کوردەکاندا خۆی یەکلابکاتەوە،
کە هاوکارییەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی ئێران هێشتا گرینگە. بەڵام پرسە گرنگ و گەورەکە چارەنوسی ئۆتۆنۆمی کوردە لە سوریا کە هێشتا زووە لەوبارەیەوە هیچ بوترێت چونکە گۆڕانکاریەکان زۆر بە خێرایی ڕوودەدەن.
هەر دەستکەوتێک یان پاشەکشەیەک لە پرسی کورد لە سوریا کاریگەی ڕاستەوخۆی دەبێت لە پرسی کورد لە وڵاتانەکانی دیکەی وەک تورکیا و عێڕاق و ئێران. شەڕ و ململانێ لە زیانی هەردوولادایە و ئاشتی بەڵام ئاشتیەکی عادیلانە لە قازانج و بەرژەوەندی هەردوو گەل و نەتەوەی کورد و تورک دەبێت.
بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوودم لە زۆر سەرچاوەی جیاواز وەرگرتوە یەکێک لەوانە توێژینەوەیەکی نوێ ی دەزگای دیراساتی ئاسایشی زانکۆی جۆرج تاونە لە ئەمریکا