بە کوردی و کورتی ترەمپیزم شێوازی گۆڕانکاری کتوپڕە لە بڕیارداندا بۆ نمونە ترەمپ لە ڕۆژی دووشەمەدا دەتوانێت پێت بڵێت کە دژی گۆڕانی کەشوهەوایە , لە سێشەممە، دەتوانێت بگەڕێتەوە لات و بڵێت من باوەڕم بە گۆڕانی کەشوهەوا هەیە بە توندی پشتگیری دەکەم ، بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی پێشووی ڕۆژەی دووشەممەی.
دونیابینین و سیاسەتی ترەمپ هەموو پرینسیپ و تێڕوانینەکانی پارتی کۆماری ئەمریکای تێپەڕاندوە. تێڕوانین و سیاسەت و دونیابینی کۆماریەکان هەر لە ساڵانی ١٩٧٦ واتە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگان تاوەکو ساڵی ٢٠١٦ و هاتنی ترەمپ جەختی لە بەرپرسیاریەتی جیهانی و ڕؤڵی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان دەکردەوە. ئەم تێڕوانینە کۆنەپارێزەی ئەمریکای وەک چەند بەهایەک لەسەر ئاستی جیهان پێ دەناسرایەوە لەوانەش بەرگری لە مافی مرۆف و دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهاندا. بەپێچەوانەوە, ترەمپیزم پێداگری لە پاراستنی ئەمریکا لە پێش هەموانەوە دێت و ئەم بۆچونە گرنگی نادات بە بەرپرسیاریەتە جیهانی و ڕۆڵ و پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا.
ترەمپیزم گەڕانەوەیە بۆ چەند پرینسیپێک یان بنەمایەکی کۆن لەوانەش گرنگی دان بە ناسنامەی نیشتمانی و بەهێزکردنی هێزی پیشەسازی ئەمریکا و تاڕادەیەک دژایەتی ئابوریەکی دیجیتاڵی دەکات کە تیایدا کرێکار بوونی نەمێنێت.
ترەمپیزم تێکەڵەیەکە لە بیری نەتەوەپەرستی و پۆپیولیستی و پیشەسازی گەری کە تیایدا ئامانج هاوسەنگکردنەوەی خۆشگوزەرانی ئەمریکایەکانە نەوەک گرنگیدان بە دەرەوەی ئەمریکا و خواستی ترەمپیزم بوژانەوەی چینی کرێکار و ئیشکەرە کە بۆ چەدین دەیەیە لەڕووی یاسایی و داراییەوە پەراوێزخراون ئەویش بەهۆی چەند کەسێکی نوخبەوی داهێنەر و ملیاردێر.
بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ترەمپیزم کاری لە پێشینەی ئەوەیە کە دەستکەوتی ڕاستەقینەی هەبێ لەوانەش زیادکردنی هەلی کار و بوژانەوەی کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و پشتکردن یان ڕةتکردنەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایە کە پێ ی وایە نابێت حکومەت دەستێوەردان بکات لە کەرتی تایبەت هەربۆیە ترەمپیزم گرنگی دەدات بە تێزی پێچەوانە بەتایبەتی
حکومەت دەبێت دەستێوەردان بکات لە کەرتی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت.
نەتەوەپەرستی و قەومچێتی
ئەگەر لە گوتاری سەرۆکایەتی جۆرج بۆش و ترەمپ ووردبینەوە ئەوا تایبەتمەندی ترەمپیزمان بۆ دەردەکەوێت. هەرچەندە بۆش و ترەمپ هەردوکیان زمانێکی ئاینی جودیۆ-کریستیانی بەکار دێنن بۆ ئەوەی داکۆکی لە ئەمریکایەکی ئیستسنا یان دەگمەن بکەن بەبۆچوونی ترەمپ میراتی ئینجیلی مەسیحی جەختی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی تایبەت و دەگمەنی ئەمریکا کردەوە. لە وتاری بەسەرۆکبوونیدا ترەمپ ڕایگەیاند، “لە کاتێکدا من کۆمپانیاکەم و ئەوەی بنیات ناوە خۆشم دەوێت، بەڵام وڵاتەکەم زیاتر خۆشدەوێت و بۆشیش ڕایگەیاند، فەرمانی ئینجیلی و ئاینی مەسیحی فەرمانی بە ئەمریکییەکان کردوە کە بە شێوەیەکی میهرەبانانە مامەڵە لەگەڵ ئەویتردا بکەن، نەوەک بەرژەوەندی خۆیان پێشبخەن
بە پێچەوانەی ترەمپەوە، بوش وشەی خۆشەویستی بەکارهێنا بۆ ئاماژەدان بەخۆشەویستی کەسێک بۆ خێزانەکەى،بۆ دراوسێکەى، بۆ منداڵ و کۆرپەکانی، بەڵام وشەی خۆشەویستی بەکارنەهێناوە بۆ ئەمریکا. بوش باسی لە تموحە جیهانگیرەکانی ئەمریکا کرد و بۆچونی بۆش وابوو کە ئامانج لە خۆشگوزەرانی ئەمریکا ئەوەیە کە دڵنیا بین لەوەی خەونی ئەمریکی هەر لە ناو ئەمریکا قەتیس نەبێت بەڵکو هەموو جیهان بگرێتەوە وببێتە خەونێکی جیهای بۆش پێ ی وابووگەورەترین هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ جیهان پرسی ئازادییە و سەربەستیە.
هەروەها وتاری دەستبەکاربوونی ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧دا ترەمپ جەختی لەسەر پێشەنگبوونی بەرژەوەندیەکانی نەتەوەی ئەمریکی کردەوە، نەوەک گرنگیدان بە پرسە جیهانیەکان و پرسە مرۆییەکان. بۆچونی ترەمپ وەهایە کە بیری نیشتمانپەروەری و وڵاتدۆستی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ناسنامەیەکی مەدەنی وەها کە بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هەر هاوڵاتیەک بکرێت وەک نەوە و منداڵانی خواوەند. ترەمپ ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئێمە واتە دڵسۆزبوون بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و لەڕێگەی دڵسۆزی و ئەمەکەوە بۆ وڵاتەکەمان دەتوانین دڵسۆزی و وەفا بۆ یەکتر نوێ بکەینەوە. کاتێک دڵمان بۆ نیشتمانپەروەری دەکەینەوە ئیدی هیچ بوغزو کینە نامێنێت. ئینجیل پێمان دەڵێت: چەند باش و چەند خۆشە کاتێک نەوەکانی خوا پێکەوە لە یەکێتیدا دەژین. لە وتاری بوون بەسەرۆکیدا بۆ جاری دووەم ترەمپ ڕایگەیاند کاری من ئەوە نیە نوێنەرایەتی جیهان بکەم کاری من ئەوەیە کە نوێنەرایەنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بکەم. هێندە بەسە تا لە سیاسەتی ترەمپ تێبگەین.
مێگەلپەسەندی (پۆپیولیزم)
لە وتاری بوون بەسەرۆکیدا ترەمپ زیاتر باسی لە کەسایەتیەکان کرد نەوەک بیرۆکەکانی دامەزرێنەرانی ئەمریکا. گوتی کرۆکی ئەمریکا و کرۆکی بزوتنەوەکەمان ئەوەیە کە بڕوایەکی توندمان هەیە کە بونی نەتەوە بۆ ئەوەیە خزمەتی هاوڵاتیانی خۆی بکات. هەروەها گوتی وڵاتەکەمان توانا و خەڵکی گەورەمان هەیە.
بۆچونی ترەمپ وەهایە کە ئابوری دەبێت خزمەتی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بکات نەوەک خزمەتی ئایدۆلۆجیای بازاڕی ئازاد بکات. ترەمپ ئەم بۆچونەی لە جێف سێشنەوە وەرگرتوە کە پێشووتر سیناتۆر بوو ئێستا داواکاری گشتیە. جێف سێشن بەردەوام دژی چاکسازی بووە لە پرسی کۆچبەریدا چونکە پێ ی وابووە کە ئەمە لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیایە کە بەردەوام بەدوای خەڵکی کارامەی بەتوانای بیانیدا دەگەڕێن و ئەوان سوود لە پرسی کۆچبەری وەردەگرن.
جێف وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە مرۆف کاڵا نیە و نابێ مرۆف بە کاڵا بەراوردبکرێ چونکە دەستی کار نابێ وەک کاڵا مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. کۆچبەران مرۆفن و مرۆفیش خێزانی هەیە و خەون و خەیاڵیان هەیە و ئەوان ژیانێکی سەقامگیریان دەوێت. لە ئێستایا ستیفن میلەر کە یارمەتیدەری سیناتۆر جێف سێشن بووە بووە بە ڕاوێژکاری پلەباڵای ترەمپ. ستیفن بانۆن و ئەوانی تر لە ساڵی ٢٠١٧ لە کۆنفرانسی سیاسی کۆماریەکان ڕایگەیاند ئێمە نەتەوەیەکین کە ئابووریمان هەیە. نەک ئابوورییەک تەنها لە هەندێک بازاڕی جیهانیدا کە سنووری کراوەی هەبێت.
ترەمپ پێ ی وایە ئابووری و باری کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئەو ویلایەتانەی لە ناوەڕاست و لەسەر کەناری دەریا نین بەردەوام لە داڕووخاندایە. هەر لەبەر ئەمە بوو لە میانەی بردنەوەی لە نیفادا ترەمپ گوتی من ئەوانەم خۆش دەوێت کە کەم خوێنەوارن. هەرچەند میدیا زۆر کاڵتەی بەم قسەی کرد بەڵام ترەمپ ئەم گوتەیەی لە وتە بەناوبانگەکەی ویلیەم بەکلی وەرگرتوە کە گوتویەتی پێم خۆشە ٢٠٠٠ دوو هەزار کارمەندی تەلەفۆنی بۆستۆن حوکمم بکەن باشترن لەوەی ٢٠٠٠ دەرچووی هارفارد حوکمی ئەم وڵاتە بکەن.
ترەمپ زۆر زۆڵانە یان لێزانانە سوودی لە هەستی خۆبەقوربانیزانی چینی کرێکارانی چەپەکانی ئەمریکا وەرگرتوە چونکە ئەوان خۆیان بەقوربانی دەستی دەستبژێرێکی دەوڵەمەند کەلەسایەی بەجیهانیبووندا سەرکەوتوو بوون.
ترەمپ پێ ی وایە لە سایەی بەجیهانی بووندا نوخبەیەکی سەرمایەداری ئیلیت دروست بوون کە پارە وەک خێر دەبەخشن بەو سیاسیانەی کە دەوڵەمەندن. ئەمەش وای کردوە بە ملیۆنان خەڵک لە هەژاریدا بژین و دڵیان بشکێت. ترەم بەم شێوەیە ئەم هەڵبژاردنەی بردەوە چونکە توانی دڵی سپی پێستە ئیشکەرە هەژارەکان بۆ خۆی بباتەوە و هەموو ئەوانەی لە ٢٠١٢ دەنگیان بۆ میت ڕۆمنی دا دەنگیان بەترەمپ دا و دڵی ئەو چینەی بۆخۆی بردەوە.
پیشەسازی گەری
بۆچونی ترەمپ وەهایە کە کەرتی پیشەسازی هەلی کاری باش بۆ پیاو دەڕەخسێنێت کاتێک پیاو کار دەکات ئەوا شکۆی مرۆفایەتی پێش دەکەوێت. ترەمپیزم گرنگی بەو پیاواە دەدات کە دەست ڕەنگینن و سەنعەتکار و کارامەن یان توانای بازرگانیان هەیە هەروەها کرێکارانی کارگەگان بە گرنگ دەزانێ. ترەمپ پێ ی وایە ئەو پیاوە سپی پێستە بەتوانایانە غەدریان لێکراوە و ئیش و پیشەکانیان دزراون بۆ وڵاتانی دیکە کە دەستی کار تیایدا هەرزانترە و باشترین نمونەش شارەکانی وەک پەنسیلفانیا کە لەئێستادا مرۆف بەزەیی پیادا دێتەوە.
ترەمپ و تیم مۆرفی لە کۆنگرێس یەک بۆچونیان هەیە. تیم مۆرفی بەناوبانگە لە پرسی چارەسەری دەرمان و تەدروستی دەروونی. وتەیەکی بەناوباگی هەیە دەڵێت: کاتێک خەڵک کارەکانیان لەدەست دەدەن ئێمە قەرەبووی بێکارییان پێدەدەین. کاتێ برسی دەبن؛ ئێمە بیمەی خۆراکیان پێدەدەین. کاتێک بێکار دەبن؛ ئێمە هاوکاری سۆشیاڵیان پێدەدەین. کاتێک ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەست دەدەن؛ ئێمە خانووی گشتییان(حکومیان) پێدەدەین. کاتێک ئەوان کەرامەت و شانازی خۆیان لەدەست دەدەن ئیدی حکومەت هیچی نەماوە پێیان بدات – هیچ نامێنێ – ئەم کەسانە ئەوەی بەڕاستی ویستوویانە تەنها کارێک بوو – کارێک و چانسێک بۆ بینینى خەونی ئەمریکی.
ترەمپ بەڵێنی دا کۆتایی بەو نەهامەتیانە بێنێ بەڵێنی دا کە هەموو هێزو سەرچاوەی ئەمریکا بەکاربێنێ بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە چینی کرێکاران. وەعدی پیاوی یاوە سزای ئەو کۆمپانیایانە بدان کە کارمەندەکانیان دەردەکەن. سزای قورس. ترەمپ بەم جۆرە لە میشیگان قسەی کرد وەعدی پیاوتان دەیەمیێ ئەمریکا دەکەینەوە بە وڵاتە مەزنەکەی جاران وە ئێوەش چینی کرێکار جارێکی دیکە ڕێزلێگیراو دەبن. بڕوام پێبکەن جارێکی دیکە ڕێزتان بۆ دەگەڕێنمەوە. هەرچی زووە وادەکەم. ئێستا وادەکەم. پێم وابێ ئەم ئیشەم کردوە پێش ئەوەی بەڵێن بدەن. ئەمە شێوازی گوتاری سەرۆک ترەمپ بوو بۆ کرێکاران.
ئەنجامی ترەمپیزم
ترەمپیزم لە ئێستایا هەر بۆچونی ترەمپ خۆی نیە بەڵکو بۆچونی زۆرینەی چینی ناوەندی ئەمریکایە و ئەم بۆچونە وەک بزووتنەوەیەکی لێهاتووە. ئەمریکای ترەمپ پڕە لە دژیەکەکان و زیاتر گرنگی بەناوەوەی خۆی دەدات. بەڵام کاریش دەکات بۆ زاڵبوونی ئەمریکا بەسەر نەیارەکانیدا. ئامانجی ترەمپیزم بە پلەی یەک هەلی کارە بوژانەوەی پیشەسازیە, پشتگیریکردنی دەستی کاری ناوخۆیی و دژایەتیکردنی هاتنی کۆچبەرە, لەگەڵ دەستێوەردان و گۆڕینی ڕژێمەکاندایە بەڵام لە هەمان کات دەستێوەردانێکی سنووردار, دژی یاسا و ڕێسای حکومەتە لە بازار بەڵام بەڵێنیش دەدات بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی تایبەت, داکۆکی لە بزنس و ئازرگانی دەکات بەڵام لەهەمان کاتدا پشتیگری کرێکاریشە, هەڵۆیانە ڕەفتار دەکات بەڵام دژی دەستێوەردانی دەرەکیشە لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەروەها پشتگیری سۆشیال لیبرالیزم دەکات لەگەڵ گرنگیدان بە پاراستنی ناسنامە و کەلتور.
چاکسازی زەریبەی ترەمپیزم پشتگیری خەرجی زیاتری حکومەت دەکات بۆ هاندانی هەلی کاری بچوک, سیاسەتی بازرگانی وەهایە کە ئابوریەکەی بخاتە خزمەت کرێکاران و سنورەکان توند دەکاتەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی کەمترین کرێ ی کار. ترەمپیزم باوەڕی بە پرسی ژینگەیی نیە هانی بوژانەوەی کەرتی پیشەسازی دەدات, خەرجی سەربازی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی پیشەسازی چەکی خۆماڵی ببوژێتەوە و تا ڕادەیەکی سنوردار بەرگری لەبەرژەوەندیەکانی خۆی لە دەرەوەی ئەمریکا دەکات.
چیدی ترەمپیزم هەربۆچونی ترەمپ خۆی نیە بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاوبۆچونی گشتیە کە پێ ی وایە ئەمریکا لە ڕابردوودا شکۆمەند و مەزن بووە دەبێت دیسانەوە شکۆمەندی بۆ بگەڕێتەوە. بەڵام ئایا ئەم خەونە دێتە دی؟
یەکەمین قوربانی سەرکەوتنی ترەمپ خودی پارتی کۆماریەکانە کە تا ئێستا گیرۆدەی دەستی ترەمپن.نە دەتوانن ڕەخنەی لێبگرن چونکە کارە مەزنەکەی ئەنجام داوە بۆیان نە دەتوانن لێ ی بێدەنگ بن.
لە یەکێکی لە کۆنفراسەکانی کۆماریەکان لە نیۆرک دوو کادری حزبی و هەواداری ترەم پێیان وایە باشترە ئەمریکا هەموو سەفارەتەکانی لە دونیا دابخا و هەموو کارمەند و ستافەکان بگەڕێنەوە وڵات چونکە لە ئێستایا دەتوانن بە سکایپ کاری دیبلۆماسی بکەن.
هەر لە هەمان کۆنفرانس دوو لە گەنجە خوێنگەرمەکانی کۆماریەکان کە هێشتا خوێندکاری قۆناغی یەکی زانکۆن پێیان باشە چیتر ئەمریکا واز لە ئیمپراتۆریەت بهێنێت و ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ئیسرایل ئیمپراتۆریەتێکی نوێ دابمەزرێنێت کە سنورەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەست پێبکات و لە ئەفریقا کۆتایی پێ بێت.
میراتی ترەمپ هەر ئەم چوار ساڵە نابێت بەڵکو بۆ دەیان ساڵی تر ئاکامەکەی لەناو پارتی کۆماریدا دەردەکەوێت. ترەمپ کەلتورێکی نوێ ی سیاسەتی هێناوە ئاراوە کە تەواو نائاشنایە بە کەلتوری کۆماریەکان. ئەمە سەرەڕای ئەو ڕاستیەی کە ترەمپ مێژویەکی دیاری سیاسەتی نیە لەناوکۆماریەکان و ئەو خوێنەواریەشی نیە یان لە نوخبەی ئیلیت نیەبۆیە بەهەموو هێزیەوە دژایەتی چینی نوخبەوی زانکۆکان دەکات کە ئەمە خۆی لەخۆیدا باسێکی زۆر قوڵترە هەر بۆیە گرنگی بە کەلتوری ئەو ڕێکخراوە نادات کە سەری خست.
لە ئێستایا ترەمپ وەک فرانکیشتاینەکەی ناو ڕۆمانە بەناوبانگەکەی ئەحمەد سەعداوی لێهاتووە کە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لە چەندین پارچەی قوربانی دروستکراوە کە هەریەکێک لەوپارچانەی جەستەی دەیەوێت تۆڵە لە هەموو ئەوانە بکاتەوە کە بەودەردەی برد, بەڵام سەرەتا دەیەوێت تۆڵە لە خولقێنەرەکەی بکاتەوە.
بۆچوونی ناو کۆماریەکان وەهایە کە هەندێک لە سەرۆکەکان لە چەشنی ترەمپ شۆکهێنەر دەبن لەسەرەتادا, وێڕانکەر دەبن لە ناوەڕاستدا و لە کۆتاییدا ژاراوی دەبن.