ئەمڕۆ لە زانکۆی ئەمریکی-سلێمانی دوو پانێڵی گرنگ بەڕێوەچوو دەربارەی دادپەروەری ڕاگوزەری و هەوڵەکان بۆ دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید لە دوای دە ساڵ لە جینۆسایدکردنی ئێزیدیەکان
بەشداربووان لە ڕێکخراوی یەزدا و ڕێکخراوی هارتلاند ئەلایەنس و ئەپستریم ئینتەرناشناڵ و چەند پسپۆرێکی تایبەت باسیان لە مێژووی جینۆساید لە عێڕاق کرد. هەروەها چەند پسپۆرێک لەوانە د.سەعد سەلوم پرۆفیسۆر لە زانکۆی موستەنسریە و چەند ئەکادیمیەکی دیکە بەشداریان کرد. هەردوو پانێڵەکە باسیان لە گرنگی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری ڕاگوزەری و ئاشتەوایی و قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربوانی جینۆسایدکردنی ئێزیدیەکان کرد.
ئەوەی زۆر بەدڵمە لەم چالاکیانەی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئەوەیە کە زۆر بەسەلیقە و لەکاتی خۆیدا چالاکی گرنگ بەڵام کاریگەر ئەنجام دەدەن .
خۆزگە ئەم جۆرە چالاکیە گرنگ و هەنوکەییانە زیاتر لە سەرئاستێکی فراوانتر و گەورەتر کاری لەسەر دەکرا و تەنها لە چوارچێوەی کەمپەسی زانکۆ قەتیس نەکرێ چونکە پێویستە کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی هۆشیاری زیاتر بکرێت سەبارەت بە چەمکی دادپەروەری ڕاگوزەری و ئەم پرسە گرنگیەکی زۆری بۆ هەموو تاکێک هەیە.
دەستخۆشیم بۆیان هەیە چونکە پرسی جینۆساید پرسێکی زۆر ئاڵۆزە و لەو ئاڵۆزتر پرسی دادپەروەری ڕاگوزەریە کە تایبەتە بە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوی گەلان.
کاتێ کە کەمایەتیەک یان گەلێک جینۆساید دەکرێ ئایا چی دەکرێت بۆ چارەسەر و دڵیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی و تاوانەکانى دژ بە مرۆفایەتی, ئایا بە چ میکانیزمێک حکومەت و دەوڵەت هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بۆ ڕێگریکردن بەڵام لە هەمان کاتدا قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربوان و لێپێچینەوە و دادگایی کردنی تاوانباران.
ئایا بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوان پێکهاتەکان بێتەدی پێویست دەکات بەشێکی عەدالەت و دادپەروەری بکەینە قوربانی لەپێناوی ئاشتی ئایندە؟ ئەمانە پرسیاری یاسایی و ئیتیکی و مۆڕاڵی زۆر قوڵن کە پسپۆرانی بواری یاسای نێودەوڵەتی زیاتر سەری لێدەردەکەن بەڵام دەکرێت ئەم پرسە یاسایی و ئیتیکیانەش ئاسان بکرێنەوە چونکە هەموو هاوڵاتیەک بە فیتری توانای تێگەشتنی هەیە لە چەمکی عەدالەت دادپەروەری ئاشتی و لەلایەک و سزادان و لێپێچینەوە و دادگاییکردن لە لایەکی دیکە.
گەلی ئیسرایل کاتێک بە دەستی نازیەکان جینۆساید دەکرێن دروشمێک بەرز دەکەنەوە کە دەڵێت (نێفە فۆگێت نێفە ئەگەین) واتە هەرگیز لە بیری مەکەن و مەهێڵن هەرگیز دووبارە بێتەوە. ئیدی لە دوای هۆلۆکۆست گەلی ئیسرایل لە پەنای ئەو دروشمەکە دەوڵەتێک بۆ خۆیان دادەمەزرێنن و هەرگیز ناهێڵن هیچ هێز و دەوڵەتێک لەناویان ببات.
ئەمەش پەند و عیبرەتی زۆری تیایە بۆ گەلانی ژێردەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەبێ خۆیان خۆیان بەهێز بکەن و خۆیان بپارێزن و نەهێڵن کارەساتی ماڵوێرانی و جینۆسایدیان بەسەردا بێت. تەنها گارەنتی مانەوەی هەر گەلێک یەکڕیزی و یەکگرتووی و تەبایی و بوونی هێزە لەوە بترازێ هیچ ڕێگایەکی دیکە نیە بۆ مانەوە و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ لاوازەکان.
دەستخۆشیش بۆ پەرلەمانی عێڕاق کەلە ساڵی ٢٠٢١ دا یاسای قەرەبوکردنەوەی ڕزگاربوانی جینۆسایدی ئێزیدیەکانی پەسەند کرد. هەرچەند هێشتا زۆر ماوە بۆ ئەوەی تاوانباران دادگایی بکرێن و عەدالەت بگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵگایە و کەمایەتیە ئاینیەی کە بوون قوربای دەستی تیرۆر و جینۆساید بەڵام لەچاو وڵاتانی دیکە عێڕاق هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و هێشتا زۆریشی ماوە تاوەک وڵاتانی ئەفریقا پرۆسەی ئاشتەوایی و ئاشتبوونەوە و عەدالەت و لەیەکترخۆشبوون پەیڕەو بکەن.