لەکاتێکدا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەژانی لەدیکبوونێکی تردا دەڕوات ، لەدایکبوونێک چیتر شوێنی دیکتاتۆری ستەمکار و وڵاتی ئیقلیمی پەلهاوێژ و حزب و لایەنی چەپی تووند و توونڕۆی ڕادیکالی ئیسلامی لێنابێتەوە و ، هەموو ئەوانە دەبێت خۆیان بگۆڕن و لەگەڵ دۆخەکە خۆیان بگونجێنن ، جیهان لەگۆڕاندایە و هاوپەیمانەتیکردنیش گۆڕاوە ، پڕنسیپەکانی هاوڵاتیبوون «المواطنة » و حیوار و ئاشتی و یەکترقبوڵکردن و لێکتێگەیشتن و جەنگی هێزی نەرم جێگایان دەگرێتەوە ، هێزی نەرم هەرتەنها گۆرانی و مۆسیقا و هونەر و ڕاگەیاندن و تەعلیم و گەشتوگوزا و توانای ئەلکترۆنی و خێرایی ئەنتەرنێت نیە ، بەڵکو کاریگەرترین هێزی نەرم بریتیە لە پەیوەندی و کاری دبلۆماسیی کە هونەر و زانستە و پێویستی بە کەسانی کارامە و لێهاتوو هەیە بەکاریبهێنێت ، ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە کردنەوەی سەرلەنوێ نۆژنکردنەوەی کڵێسەی نۆتردام لە فەڕەنسا لەتەک «40» لە سەرکردەی وڵات و حکومەت و پادشا و میرەکان لەنێویاندا دیداری لەگەڵ « دۆناڵد ترەمپ » سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەیەکگرتووەکان و «ئیلۆن ماسک»ی ملیاردێری بەناوبانگی خاوەن سەکۆی (X) توویتەری پێشوو و کۆمپانیای «تیسلا» ئۆتۆمۆبێل ، ئەو پیاوەی کە هەوادارانی سەرسامن بە روحی پێشەنگایەتیی و ئامانجە گەورە مەبەستەکانی و بۆچونە مشتوومڕاویەکانی سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتیەکان ،
ئەم بەشداری و دیدارانەی بەڕێزیان ڕووداوێکی گرنگ بوو لەتەک هەموو ئەو سەرۆکانەی کە خاوەن دەوڵەتن و سەرکردەیەک کە بێدەوڵەتە و وەک ئەوان بەشدارە ، مێژوویش بوو هەروەک یەکێک لە مێژوونوسانی فەڕەنسا لەچواچێوەی ستایشی بەشداربوواندا دەڵێت :( نۆتردام گەورەترە لە هەر تەنها شوێنەوارێکی فەڕەنسی ، نۆتردام هێمایەکی جیهانیە کە لە جیهانێکی هەمیشە گۆڕاودا دڵنیایی دەبەخشێت ) ، کەڵیسەی نۆتردام کە تەمەنەکەی (860) ساڵە و ، زۆبەمان ئەو ناوەمان لەمیانی ڕۆمانە بەناوبانگەکە « قەمبورەکەی نۆتردام »ی گەورە ئەدیبی ناوداری فەڕەنسا « ڤیگتۆر هۆگۆ » ناسی کە کرایە فیلم و باس لە چیڕۆکێکی مەزنی خۆشەویستی کەسێکی پێداویستی تایبەتی قەمبوور و « ئەزمیڕالدا»ی شۆخوشەنگ دەکات کە چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەی تامەزرۆیی مرۆڤە بۆ گەرمیی جوانیی مرۆیی ، ئەم سەردان و دیدارانە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتوویی و باڵایی دبلۆماسیەتی کوردستانە کە بەوە دەپێورێت کە تاچەند بە لێهاتوویی توانراوە کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەست و هێزی هەمەجۆر دروستبکات و بەقازانج و بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەڕێنێتەوە و ،
لەڕێگەی دبلۆماسیەتەوە کاریگەرترین پردی پەیوەندی و ڕێڕەو بۆ مامڵەکردن لەگەڵ ململانێکان بەهەموو ڕەنگەکانیەوە بکرێتەوە لەڕێگەی پابەندبوون بە پڕنسیبەکانی ئاشتی و حیوار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ، بڕوابوون بەوەی کە سیاسەتی هەڵکشان و پەرەسەندن و کەشوهەوای گرژی و تووڕەیی و دروستکردنی قەیران هیچ بەدیناهێنێت وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت کە دۆخەکەی بە بنبەست گەیاندووە ، ئیمڕۆ کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە خاوەن توانایەکی لە قبوڵکردن و کاریزما و پشوودرێژی و عەقلانی و حیکمە هەیە کە لای هەمووان قبوڵکراوە و دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی بکەن تا کەشتیەکە بە ئارامی و پێداگری بگەینێتە کەناری ئارام ، سیاسەت فێریکردووین کە لەنێوان وڵاتان و هێز و لایەنەکاندا دوژمنایەتی هەمیشەیی و دۆستایەتی هەمیشەیی بوونی نیە ، بەڵکو بەرژەوەندی هاوبەش هەیە کە بەهەوڵ و تەقەلای دبلۆماسی ئیدارە دەدرێن ، پێویستە لەو دۆخە هەستیار و ناخۆشەی پێیدا دەڕۆین ، هەريمی کوردستان یەک میکانیزمی بڕیار بە ڕاوێژ و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەک هەبێت ، کە من پێم وایە کاری دبلۆماسیی بنچینەینەکەیە و ، هەروەک پڕۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد « جۆزیف نای» کە یەکەمین جار ئەوبوو لە ساڵی1990 دەستەواژەی هێزی نەرمی بەکارهێنا و ، دەڵێت : هێزی نەرم ڕێگایەکی سەرکەوتووە بۆ جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتی .