- [ ] پەرەسەندن و پێشهاتەکانی سوریا واخێران کە لە پێشبینکردن دەرچوون و ، ئەو گۆڕانە دراماتیکیەی کە بەسەر سوریا هاتووە کاریگەری دراماتیکی لەسەر وڵاتانی عێراق و تورکیا و ئێران دەبێت و ، ئەو ناوچەیە پڕکراوە لە مین و تەڵەی جۆراوجۆر بۆ دابەشبوون و جەنگی ژوورە تاریکەکان ، من دەزانم کە سوریا هەتا دوێنی یەکێک بوو لە یاریکەرەکانی ناوچەکە کەچی ئێستا بۆتە گۆڕەپان بۆ یاریکەرەکانی تر و دابەشبوونی نفوزی وڵاتان و چەندان سیناریۆی جۆراوجۆر کە وڵاتان سەرپەرشتی دەکەن ، بەپێی قسەی شرۆڤەکاران و پسپۆرانی سیاسەت ئەوەیە کە ئەو ڤایرۆسەی لە سوریای داوە لەوانەیە لە عێراقیش بدات و بەرەو پشێوی ببات ،
عێراق لە بازنەی پەرەسەندنی ئیقلیمی دەترسێت ، دەترسێت لەوەی کە دوای سوریا ببێتە ئامانجی فەوزای زیاتر بەتایبەتی ئیسرائیل چاودێری عێراق دەکات بەوەی کە یەکێکە لە گۆڕەپانەکانی سەر بە ئێران و لەنێو ئامانجە ئایندەییەکانی خۆی داناوە ، بەڵام ئێستا ئیسرائیل وادەبینێت کە لایەنەکانی تر لە سوریا بەروەڕووی ملیشیاکانی عێراق دەبنەوە بۆیە وەک تەماشاکەرێک سەیریان دەکات و ئەو لێدانە ناوەشێنێت ، جگە لەوەش عێراق هۆکارێکی لۆجستی گرنگ پێکدەهێنێت بۆ بناخەی سەربازی ئێران و ، لایەنی عێراقی باس لە ڕەهەندی ئاسایشی تر ناکات وەکو ئەو پاڵپشتیە سەربازیانەی ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە دەنێدرێنە سوریا کە ئەمەش خاڵێکی تری لاوازی ئەو وڵاتەیە !! ئیسرائیل و ئەمەریکاوە بەووردی لەنزیکەوە چاودێری جوولەکانی ئێران لە عێراق دەکەن و ، ئێستا ئێران هەموو ڕێگاکانی ناردنەدەرەوی چەک بۆ سوریا لێگیراوە و ئەو هیلالە شیعیەی دروستیکردبوو تێکشکێنرا و ، لەلایەکی ترەوە عێراق خاڵێکی تری لاوازی هەیە ئەویش پەیوەستە بە هەڵوێستی ملیشیاکانی عێراقە کە لەگەڵ هەڵوێستی ڕەسمی عێراق ناگونجێن بەتایبەتی حەشدی وەلائی کە سەرەڕمی ئێرانن و بەدەست ئەون و ئێستا ئێران دوای ئەو زەڕبە گەورەیەی بەر حزب اللە کەوت زۆر پێویستی بەوانە ،
ترسێکی تری عێراق ئەوەیە کە ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت لەوانەیە جارێکی تر چالاکیەکانی داعشی تیرۆرست لە دەرەوەی عێراق یان ناوەوەی دووبارە بێتەوە بەتایبەتی کە ئێستا ڕێخراوە تیرۆریستیەکان کێبڕکێیانە بۆئەوەی لە سوریا ڕوویدا جارەکی تر بگەڕێتەوە گۆڕەپانی عێراق بەتایبەتی عێراق وانەی کەوتنی موسڵ لە 2014 لەلایەن داعش دێتە پێشچاو ، ترسی ئەوەش هەیە کە رێخراوە توندڕۆوە سوونەکان پاڵپشتی بکرين لە لایەن « بەرەی تحریری شام »ی ڕێخراوی سەلەفی جیهادی کە کەسایەتیەکی مراوغی براگماتی بەناوی ابو محمد الجۆلانی سەرۆکایەتی دەکات و ، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئیسلامیەکان لەسەر پڕنسیبەکەی میکاڤیللی « ئامانج پاکانە بۆ ئامراز دەکات- الغاية تبرر الوسيلة » کاردەکەن ، کە دەڵێت خاوەن ئامانج دەتوانێت ئامرازێکی شەریف یان درۆ بێت بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئارەزووی خۆی ،
جا ئێستا سەرکردە جیهادیەکان و فاشیستە ئاینیەکان لە سوریا دەیان قسەی فریودەر دەردەکەن و بەرگێکی تریان پۆشیوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کە بریتیە لە دروستکردنی حکومەتێکی جیهادی کە مەترسی دەبێت بۆسەرگەلانی ناوچەکە و جیهان ، بوونی قورساییەکی گەورەی سوونە بۆ بەرژەوەندی بەرەی تحریر شام ، ئەو قورساییە تائیفیە سەرەوژێرکرد کە ئێران و وەکیلەکانی لە سوریا دروستی کردبوو و ، ئەگەر ئەو پارسەنگیەش نەگۆڕدرێت ئەوە بەلایەنی کەم جارێکی تر ڕێکخراوی داعش هاندەدات دژی ملیشیا شیعەکان ، باشترین ستراتیژیەتیش بۆ هەڵگیرسانی فەوزا و لەناوبردنی سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە مەحکومە بە زهنیەتی ئسوڵی بریتیە لە لێدانی ئسوڵیەتی شیعە بە ئیسوڵیەتی سوننە ، ڕۆژانی سەخت چاوەڕوانی عێراقە .