ڕۆژێک دێت شەمەندەفەری کار دەگاتە دوا وێستگە و ، تەمەن هەڵدەکشێت و نزیکدەبێتەوە لە خانەنشینیی و مردن و ، ئەو مریشکەی هێلکەی ئاڵتونی دەکرد لەبەرهەمهێنان دەوەستێت و چیتر توانای کارکردنی نامێنێت بۆ هێنانەدی پارە یان مووچە بۆ بژێوی منداڵەکانی و ، ئەگەر پێشتر خێزانی کورد لەترسی نادیاری ئاییندە و پێداویستی قۆناخی ڕۆژانی ناخۆش ، هەندێک پارەی پاشەکەوت دەکرد ، بەڵام ئێستا لەبەر بێنازاڕی و هاتن و نەهاتن و دواکەوتنی مووچە ئەوەی هەیبوو خەرجیکرد ، کارکەران و مووچەخۆران بەیانیان بەشێوەیەکی سرووشتی لەخەو هەڵناستن بۆخۆئامادەکردن بەرانبەر بەروەڕووبونەوەی ژیان ، بەڵکو کە هەڵدەستێت هەست بە سەرسوڕان و لەدەستدانی پارسەنگی و جوولە دەکات ، هەستدەکات کە ژوورەکە لەدەوروبەری دەسووڕێتەوە ،
چونکە قورسایی تێچووی ژیان لە کرێی خانوو و پارەی غاز و ئاو و کارەبا و خۆراک و منداڵەکان و تەندروستی و جارجارەش میوانداری بۆتە کابوس لەسەری ، بەڵام هەر ئەو قورساییەی ژیان بەس نیە بۆی ، بەڵکو هۆکاری دەروونی و گۆڕانکاریشە ، کە کار و ئیشت لەدەستدا چۆن هەوڵدەدەیت دابڕانێکی دەروونی لە ژیانی عەمەلی کە جێتهێشتووە بکەیت و چۆن ئەو قۆناخە دەبڕیت ، ئەگەر پيشتر شۆڤینیزمی عەرەبی سوننە بە ئاگر و ئاسن هەوڵی لەناوبردن و بەچۆکدادانی کوردی دابێت ، ئەوڕۆ شوفینیزمی عەرەبی شیعە لەڕێگەی بڕینی قووتی خەڵک و نانەوەی ناکۆکی دەیەوێت کورد بەچۆک دابدات ، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە کە ئەوان ڕۆژان کورد دەسەڵات و ئیدارەی سەربەخۆی نەبوو وەک ئەوەی ئێستا کە هەیەتی ، ناردن و نەناردنی مووچە پەیوەست نیە بە وەزیری دارایی و حکومەتی لاوازی عێراق و لێدوانی کوردە موزایەدچیەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان ، بەڵکو ئەمە دەوڵەتی قووڵی شیعەیە بڕیاردەدات و هێزی دەسەڵاتی ئەو حکومەتی عێراقی داماڵیوە ، دەوڵەتی قوڵی شیعە و ئەوانەی پاڵپشتی ئەو دەڵەتەن چاک دەزانن کە دۆخی هەردوو حزبی سەرەکی چ کاولگەیەکە و هەرێمی کوردستان دووچاری ئیفلیجی سیاسی و دابەشبوونی قوڵ لەنێوان هێزە سیاسیەکان بووە بەجۆرێک هەر هەوڵێک بۆ ڕوودانی گۆڕانی جەوهەری ئاڵۆزبووە ،
ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەکوڵاندایە و واسەرلەنوێ لەڕووی جوگرافی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تەشکیل دەکرێتەوە و ، هەروەها لەبواری ئاسایشی نەتەوەیشدا و ، لەوانەیە ئەو گۆڕانە ستراتیژیە دوور مەودا و نزیک مەودا و قۆناخ بە قۆناخبن ، بەڵام زۆر بەداخەوە بێباکی سیاسی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە ڕووی جیۆسیاسیەوە ڕێگای واڵاکردووە بۆ شێرپەنجە کە بێکۆنتڕۆلکردن گەشەبکات و بێچارەسەرکردن بچێتەناو جەستەی کورد و وا لە دەسەڵاتی کورد بکات توانای بەرگریکردن بەرانبەر ئەو عێراقە لاوازەی نەبێت کە بە قەیرانی دارایی و قوڵکردنەوی ململانێی ناوخۆ و جەنگی دەروونی مووچە هات و نەهات ئابڵوقەت بدات ،
ئەوان باش دەزانن کە قەیرانی ئابووری ، قەیرانی سیاسی بەدوادادێت و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە ، من پسپۆری ئابووری نیم ، بەڵام دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی و بەیەکگرتوویی چەکی تر بەکاربێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و هێنانەدی دەسکەوتی مەزن لەو کاتەی ئێستادا کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە ، دەبێت دان بەوە بنێین کە بەدرێژایی ميژوو خۆمان قوربانی دەستی خۆمان بووینە و نابێت ئەمە بخەینە ئەستۆی ناحەزانمان و ، هەرکاتێک هەلێکی زيڕین بۆ کورد هاتبێتەپێش خۆمان لەبەر بەرژەوەندی تەسک تێکمانداوە ، ئێستا گۆڕانکاری لە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت ، هەقە سەرکردەکانی کورد پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرگرن و ئەو فورستە زيڕنیە کە بۆ کورد هاتۆتە پێش بقۆزنەوە و ، هەموو لایەک بە ئیرادە و یەکگرتوویی لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ دانانی بەرنامەیەکی تۆکەمەی هەمەلایەن بۆ هەموو بوارەکان و ، چیتر کورد و کوردستان نبێتە قوربانی و ، ڕێگەگرتن لەوەی کە مووچە پەیوەستبکرێت بە داخستنی پەردەی ژیان .