ئەمرۆ گروپە تيرۆريستە سوننەکانی سەر بە تورکيا ئۆپراسيۆنێکيان ڕاگەیاند دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان. لە ناوچەی تەل ڕەفعەت و دەوترێت هەردوو گەرەکە کوردييەکەی حەلەب -شێخ مەقسود و ئەشرەفييە- دەگرێتەوە. چەند ڕۆژێکە لە چەندين نووسين و ئەم بيانييەش لە ديمانەیەکم لە کەناڵی ڕووداو (لە کۆمێنتە) بە ڕوونی ئاماژەم بە چەند خاڵێک کرد:
١. گەورەترين هەڕەشە و مەترسی لەسەر تەل ڕەفعەتە، پاشان مەنبج و کۆبانێ.
٢. لە تەل ڕەفعەت پێويستە هەسەدە بکشێتەوە یان شەڕێکی ماوە کورت بکات. چونکە لە هەر چوار لاوە گەمارۆ دراوە و شەڕکردنی زۆر لەوێ خۆکووژييە.
٣. بەرگریکردن دەبێت لە مەنبج و کۆبانێ زیاتر بێت، چونکە ئەوانە ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات و دەتوانرێت هاوکاریيان پێبگات.
٤. تا قووڵایی ٣٠کم لە سنووری باکووری کوردستان و تورکياوە، هەسەدە پێويستە تەنيا لە هەندێک ناوچە بەرگریيەکی زۆر بکات، لە هەندێک ناوچەی تر باشتر وایە بکشێتەوە و وزە و قوربانييەکی زۆر نەدات. لەم قوڵاییە هێرشکردن لەوانەیە هەڵەیە بێت.
٥. لە ناوچەکانی دوور لە هەژموونی تورکيا و لە لە پاش قوڵاییە ٣٠کيلۆمەترييەکە، پێويستە هەسەدە بەرەی شەڕ بکاتەوە و هێرش بکات. چونکە لەوێ تورکيا تواناکانی سنووردارە، ئەمريکا هاوکارە، ميليشياکانی ئێران و سوپای ئەسەد لاوازن و زوو ناوچەکان چۆڵدەکەن.
٦. بە ڕوونی ئاماژەم بەوە کردووە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە سوپای نيشتيمانی سووريا (چەتەکانی تورکيا) ئەنجاميدەدەن، نەک ئەحراری شام. تا ئێستا ئەمە ڕوويداوە، ئەحراری شام دەيەوێت توانا و هێزی خۆی زیاتر بۆ ئەسەد و ئێران تەرخان بکات، نەک بۆ کورد. گروپەکانی تورکيا دەيانەوێت تەرکيزیيان تەنيا لەسەر کورد بێت بە شێوەیەکی سەرەکی. بەڵام گرنگە بزانين تيرۆريستانی سوپای نيشتيمانی سووريا و تيرۆريستانی ئەحراری شام هەماهەنگی و پەيوەندی بەردەواميان هەیە لە ڕێگەی تورکياوە. بۆیە دەکرێت ئەحراری شام تەنيا ناوچە کوردييەکان گەمارۆبدات، بەڵام شەڕ و پەلاماردان لە لایەن سوپای نيشتيمانی سوورياوە دەکرێت.
لە ئێستادا ئەحراری شام لە پارێزگای حەما شەڕ دەکەن، شەڕەکە بەرەو قوورسی ڕۆيشتووە و تا ڕادەیەک هێرشەکەی ئەحراری شام وەستاوە لەو ناوچانە. فڕۆکەی ڕووسی چالاکتر بووە، ميليشياکانی ئێران لە حەما هێڵێکی بەرگری تونديان درووست کردووە.
بۆچی حەما گرنگە؟ هۆکاری سەرەکی ئەوەیە چونکە لە دوای حەما پارێزگای حيمس دێت. ئەم پارێزگایە یەکێکە لە هێڵە سەرەکييەکانی ئێران بۆ ناردنی چەک و هاوکاری بۆ حيزبوڵای لوبنان، هەر وەها ناوچەیەکی بە یەک گەيشتنە بۆ زۆربەی ميليشياکانی ئێران لە سووريا.
لە ئێستادا ئيدلب و حەلەب لە ژێر دەسەڵاتی ئەحراری شامە، ئەگەر حەما بکەوێت، شەڕ دەگاتە حيمس. کەوتنی حيمس واتە گەمارۆدانی ناوچەی کەناری سووريا -ڕۆژئاوای سووريا کە دەڕوانێتە سەر دەريای ناوەڕاستی سپی- پارێزگای لازەقييە و تەرتوسی لێيە، ئەمە ناوچەی عەلەوييەکانە و، تاکە دەروازەی سوريایە بۆ گەيشتن بە دەريا. هاوکات سەرەکيترين بنکەی سەربازیی دەریایی ڕووسی لە تەرتوسە، کە ڕێگایەکی سەرەکييە بۆ لایەنی لۆجستی سوپای ڕووسيا.
لە دوای حيمس، ديمەشق دێت، واتە کەوتنی حيمس شەڕەکە دەباتە ناو پايتەخت. بە کورتی هۆکاری سەرەکی بۆ شەڕە توندەکەی ئێستای حەما پاراستنی حيمسە. بۆیە رووسيا و ميليشياکانی ئێران ئيتر ناچارن بە هەموو هێزی خۆیانەوە شەڕ بکەن، لە ئەگەری کەوتنی حەما، چاوەڕوان دەکرێت قورسترين شەڕەکان لە حيمس ڕووبدەن.