ئەوەی لە سووريا و بە تايبەت لە پارێزگای حەلەب ڕوودەدات، دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ گۆڕانکاری و درووستبوونی هاوکێشەیەکی نوێ لە سووريا و ناوچەکە بە گشتی.
چی ڕوودەدات؟
دەستەی ئەحراری شام (حكومة الإنقاذ) کە بەشێکی گەورەی ناوچەی ئيدلب حوکم دەکەن، ڕۆژی چوارشەم هێرشێکی لەناکاوی دەستپێکرد بەرەو ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب دژ بە سوپای سووريا و ميليشياکانی ئێران. پاشان سوپای نيشتيمانیی سووريا (یان حکومەتی کاتی) سەر بە تورکيا، بەشداری کرد بۆ هاوکاريکردنی ئەحراری شام. لە ماوەیەکی کورتدا پێشڕەوييەکی فراوانيان کرد و سوپای سووريا و حيزبوڵا و ميليشياکانی ئێران دەستيان بە کشانەوە کرد. بە پێی هەواڵەکان چەکدارانی ئەحراری شام ٦-٧ کم لە شاری حەلەبی ناوەندی پارێزگاکە دوورن.
دەستەی ئەحراری شام لە چەندين گروپی سوننە پێکدێت، سەرەکيترينيان جەبهەی نوسرای جارانە کە سەر بە قاعيدە بوو. لەسەر ئاستی فەرمی خۆیان بەسەربەخۆ دەزانن بەڵام تورکيا هاوکارييان دەکات و، پشت بە سنوورەکانی تورکيا دەبەستن بۆ پێداويستييەکانی ژیان. سوپای نيشتيمانی لە چەندين گروپی سوننە پێکدێن کە بە تەواوی سەر بە تورکيان. ئەحراری شام بە بەشێک لەم گروپانە دانانرێت.
کاتی هێرشەکە؟
کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسيۆنەکەی ئەحراری شام مایەیی پرسيارە. دوای چەند سەعاتێک لە هەڕەشەکەی نەتانياهۆ کە وتی "بەشار ئەسەد یاری بە ئاگر دەکات" و، ڕاستەوخۆ پاش جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئيسرائيل و حيزبوڵا، هێرشەکە دەستيپێکرد. هيچ بەڵگەیەک نييە سەبارەت بە ڕێککەوتن و پەيوەندی نهێنی نێوان ئيسرائيل و ئەحراری شام لەو بارەیەوە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە ئەحراری شام و سوننەکانی سووريا دڵخۆشن بەو گورزانەی ئيسرائيل لە بەرەی ئێران و بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی لە لایەن حيزبوڵاوە، هاوکات ئيسرائيليش دڵخۆشە بەو ئۆپراسيۆنەی ئەحراری شام.
ئەحراری شام و گروپە سوننەکانی سووريا بە گشتی لەبەر دوو هۆکار لاواز بوون لە شەڕەکانياندا بەرانبەر بە سوپای ئەسەد: هۆکاری یەکەم، هێزی ئاسمانی ڕووسيا کە هاوکاری ئەسەدی دەکرد. هۆکاری دووەم، ئێران و ميليشياکانی، بە تايبەت حيزبوڵا ڕۆڵی سەرەکی دەبينی. بە هۆی جەنگەکەی ئۆکڕانيا، ڕووسيا سەرقاڵ بووە و بەشێکی زۆر لە هێزەکەی لە سووريا کشاندوەتەوە بەرەو ئۆکڕانيا. تەنيا حيزبوڵا-ئێران مابوونەوە وەک بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ئۆپۆزسيۆنی سوننەی سووری. لەپاش گورزە قوورسەکانی ئيسرائيل لە بەرەی ئێران لە ناوچەکە، بە تايبەت پاش کووژرانی تەواوی سەرکردە سەرەکييەکانی پاسداران لە سووريا، بە تايبەتر لە پاش وێرانبوونی حيزبوڵا و بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی، ئەو گروپە سوننيانە زانيان ئێستا گونجاوترين کاتە بۆ هێرش کردنە سەر سوپای سووريا و هێزەکانی ئێران.
هێرشەکە لە بەرژەوەندی یان دژی کام دەوڵەتە؟
هێرشەکە ڕاستەوخۆ دژ بە بەرەی ئەسەد-ئێران-ڕووسيایە، لەگەڵ ئەم بەرەیە شەڕ دەکەن. کات و بارودۆخی هێرشەکە وا دەکات کە ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئيسرائيل بێت، ئەم ڕووداوە بەرەی ئێران ماندووتر دەکات و سەرقاڵی دەکات، زیانی زیاتری لێدەدات، هەر ئەمرۆ ئەفسەرێکی پاسداران لەو شەڕەدا کووژراوە. بە تايبەت بۆ بەرەی ئێران شەڕی گروپە سوننييەکان زۆر گرنگتر و ستراتيژيترە وەک لە شەڕی ئيسرائيل. چاوەڕوان دەکرێت ئێران پاسدار و گروپە شيعەکانی وەک حەشد و فاتميون و زەينەبيون زیاتر بەرەو حەلەب بنێرێت. هاوکات ئەگەر هەیە حيزبوڵا لە دوای چۆڵکردنی باشووری لوبنان، زۆربەی هێزەکەی بنێرێتەوە بۆ سووريا و بە تايبەت بۆ حەلەب. دووبارە درووستبوونەوەی شەڕی گروپە سوننە و شيعەکان لەبەرژەوەندی ئيسرائيلە.
بۆ کاتێکی دياريکراو ئەم شەڕە لە سوودی ئەمريکایە، چونکە ئەگەر هێرشەکە فراوانتر بێت، ڕووسيا ناچارە بە هێز و وەزەی زیاترەوە دەستتێوردان بکات. هێرشەکە یان هەژموونی ڕووسيا لە سووريا کەمتر دەکات، یاخود ماوەیەک سەرقاڵی دەکات و ئەمەش دەبێتە مایەیی زیان گەياندن بە ڕووسيا لە ئۆکڕانيا، یان ناچارکردنی بە هەندێک سازش. لە هەردوو دۆخەکەدا بۆ ئەمريکا قازانجە. هاوکات، فاکتەری ئيسرائيل وا دەکات ئەم شەڕە لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمريکاش بگونجێت.
هەڵوێست و ڕۆڵی تورکيا ئاڵۆزە. هەندێک پێيوایە تورکيا دەستی هەیە لەم هێرشەدا، چونکە بەشداريکردنی سوپای نيشتيمانی سووريا لە هێرشەکەدا بە بێ فەرمان و گلۆپی سەوزی تورکيا ئەستەمە. بۆچوونێک هەیە پێیوایە ئەردۆگان لە ڕێگەی ئەم هێرشەوە دەيەوێت فشار لە ئەسەد بکات بۆ ئەوەی پەيوەندييەکانی لەگەڵ تورکيا ئاسایی بکاتەوە. جگە لەمە، تورکيا بەرژەوەندی تريشی هەیە دواتر ئاماژەی پێدەکەم.
هاوکات هەندێکی تر پێیوایە تورکيا بەشدار نييە و داوای لە ئەحراری شام کردووە کە شەڕ بەرپا نەکەن بۆ ئەوەی ئەسەد و ڕووسيا نيگەرانتر نەبن و بە تەواوی گفتوگۆکانی ئاسايکردنەوەی پەيوەندييەکانی سووريا و تورکيا دانەخرێت. جگە لەوەی ئەم ئۆپراسيۆنە لە لایەن زۆرێکەوە وەک پلانێکی ئيسرائيل دەبينرێت دژ بە بەرەی ئێران، تورکيا نايەوێت لەم بارودۆخەکدا بە شێوەیەکی ئاشکرا بچێتە شەڕێکەوە کە وا دەردەکەوێت لە بەرژەوەندی ئيسرائيلە.
سيناريۆکانی شەڕەکە؟
ئايندەی شەڕەکە بەندە بە چەند فاکتەرێکەوە: گروپە سوننييەکان توانایەکی سنوورداريان هەیە، بە تايبەت بەرانبەر بە هێزی ئاسمانی ڕووسيا. بۆیە ئەگەر لە ناوچەکانی تری سووريا خەڵک و گروپەکانی تر دەست بە شەڕ نەکەن دژی ئەسەد، ئەوا ئەم گروپانە ئەوپەڕی دەتوانن پارێزگای حەلەب بگر، ئەويش ئەگەر تورکيا هاوکارييان بکات. دوورخستنەوەی بەرەی ئێران لە پارێزگای حەلەب، گۆڕانکارييەکی گەورەیە و زیانێکی قوورسە بۆ بەرەی ئەسەد. بەڵام نابێتە مایەیی ڕووخانی ڕژێمەکەی. ئەگەر پێکدادان لە ناوچەکانی تری سووريا ڕووبدات، ئەوا کەوتنی ئەسەد دەبێتە ئەگەرێکی نزيک، بە تايبەت بە پێی هاوکێشەکانی ناوچەکە.
لە ڕۆژانی ئايندە دەکرێت هێزی ئاسمانی ڕووسی چالاکتر بێت و هێرشەکانی فراوانتر و بەهێزتر بکات، هاوکات ميليشياکانی ئێران زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن، ئەگەر هاوکارييەکی بەهێزی دەرەکی بۆ ئەو گروپانە نەبێت، ئەوا دەکرێت شکست بهێنن و تەنانەت ناوچەی ئيدلبيش لەدەستبدەن.
ڕۆژئاوای کوردستان لەم هاوکێشەیەدا؟
ئەوەی ڕوودەدات شەڕی نێوان گروپە سوننەکان و گروپە شيعەکانە، واتە بەرەی ئێران و بەرەی تورکيا، هەردوو بەرەکە هەڕەشەی سەرەکين بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. لەم ڕووەوە سوودی هەیە. بەڵام هاوکێشەی سووريا زۆر ئاڵۆزە و هەميشە پڕە لە هەل و مەترسی بۆ کورد.
سەرەتا پێويستە جوگرافيای دەسەڵاتی هەسەدە و ڕۆژئاڤا بزانين. حوکمڕانیی هەسەدە دابەش دەبێتە سەر دوو زۆن: زۆنێکی ئەوەیە کە پێی دەوترێت ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات- ڕۆژهەڵات و بەشێک لە باکووری نەخشەی سووريا دەگرێتەوە- بەشێکی سەرەکی ڕۆژئاوای کوردستان: حەسەکە و قامشلۆ و بەشێکی گەورەی دێرەزوور و ڕەقە و بەشێک لە حەلەب لە خۆدەگرێت. ئەمە زۆنە سەرەکی و گەورەکەیە، زۆربەی لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە. زۆربەی بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا (جگە لەوەی تەنەف) لەم ناوچەیەن و لە لایەن ئەمريکاوە پارێزراوە. سنووری هەیە بە باشوور و باکووری کوردستانەوە. چەند بنکەیەکی سەربازی ڕووسی و سوری لێيە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن بۆ ڕێگرتن لە هێرشەکانی تورکيا، بەڵام حوکم و ئيدارەکردن لای هەسەدەیە. زۆنی دووەم ئەوەیە کە پێی دەوترێت ڕۆژئاوای فوڕات، بەشێک لە باکور و باکوری ڕۆژئاوای نەخشەی سووريا دەگرێتەوە، مەنبج وعفرين و تەل رەفعەت بەشێکن لەم زۆنە. هەسەدە لە مەنبج و تەل رەفعەت ئامادەیە. تەل ڕەفعەت هاوسنووری عفرينە. ئەم زۆنە بچوکترە لە زۆنی یەکەم. خودی ئەم زۆنەش، لە ڕووی دەسەڵات و هەژموونی هەسەدەوە، دابەش دەبێتە سەر دوو ناوچە: مەنبج و تەل ڕەفعەت.
ناوچەی مەنبج و تەل رەفعەت؟
بۆ ڕۆژئاوای کوردستان مەنبج و تەل ڕەفعەت زۆرترين پەيوەندييان دەبێت بەم شەڕەی ئێستای حەلەب و، گەورەترين مەترسييان لەسەرە. هەردوو ئەم ناوچەیە سەر بە پارێزگای -حەلەب-ن. لە ٢٠١٦ەوە لە دوای دەرکردنی داعش هەسەدە دەسەڵاتی هەیە لە هەردوو ناوچەکە. هەسەدە بە هاوکاری ئەمريکا چووە ناو مەنبج، کەواتە ئەم ناوچەیە تا ڕادەیەک سەر بە زۆنی ئەمريکایە، بەڵام بە هاوکاری ڕووسيا چووە ناو تەل رفعەت، واتە زیاتر زۆنی ڕووسيا و ئەسەد و ئێرانە. ئەوەش وەک کارتێکی فشار و کاردانەوەیەکی ڕووسيا بوو بەرامبەر تورکيا لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسيەکە لە لایەن تورکياوە. جياوازی سەرەکی نێوان ئەم دوو ناوچەیە بريتييە لەوەی کە مەنبج بەشێکە لە زۆنە سەرەکييەکەی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە شارە کوردييەکان و دەسەڵاتی هەسەدە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات. بەڵام تەل ڕەفعەت دابڕاوە لە هەموو ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و، گەمارۆدراوە – لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە لە لایەن تورکيا و ميليشياکانی، لە باشوورەوە لە لایەن ئەسەد و ميليشياکانی ئێرانەوە- دوای ئەوەی تورکيا شاری (الباب)ی گرت، ئەوا مەنبج و -تەل رەفعەت-ی لە یەکتر دابڕی، بەوەش تەل رەفعەت لە ناوچەکانی هەسەدە دابڕا. بەو مانایەیی ئەگەر هەسەدە بيەوێت بگات بەم ناوچەیە ئەوا دوو ڕێگای لەبەردەمە: ڕێگایەکی بە ناوچەی هەژموونی تورکيا تێدەپەڕیت، ڕێگاکەی تر بە ناوچەی هەژموونی ئێران-ئەسەد تێدەپەڕیت. ڕێگای یەکەم بە تەواوی داخراوە. هەر بۆیە هەسەدە لەبەر کردنەوەی رێگای دووەم پەنای بردە بەر ئەسەد و ڕووسيا و ميليشياکانی ئێران بۆ لە یەکتێگەيشتن و ڕێککەوتن لەو بارەیەوە. کەواتە لەم شەڕەی ئێستا مەترسی بۆ سەر تەل رەفعەت زیاترە بە براورد بە مەنبج، هەر وەک چۆن هەڕەشە بۆ سەر مەنبج زیاترە وەک لە ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات.
لەبەر ئەوەی تەل رەفعەت سەر بە زۆنی هەژموونی ئەمريکا نييە، فاکتەری سەرەکی بۆ مانەوەی هەسەدە لەو شارە، ڕێککەوتنی بوو لەگەڵ ئەسەد و ڕووسيا. ئەمرۆ دەنگۆی ئەوە بڵابووەوە کە ڕووسيا بنکە سەربازييەکەی خۆی چۆڵ کردووە لەوێ، هاوکات سوپای ئەسەد و ميليشياکانی کشاونەتەوە. شەڕەکە لەسەر سنووری تەل ڕەفعەتە، چونکە دەکەوێتە باکووری پارێزگای حەلەب، شەڕەکان لە ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای پارێزگاکەیە. ڕوونيشە ئەحراری شام پەيوەندی باشە لەگەڵ تورکيا، سوپای نيشتيمانی سووريا ميليشيایەکی سەر بە تورکيایە. هەڕەشەکانی تورکيا بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپراسيۆنێکی زەمينی تر کە چەند ساڵێکە بانگەشەی بۆ دەکات، ئامانجی سەرەکييەکەی داگيرکردنی مەنبج و تەل ڕەفعەتە.
گرنگی مەنبج لەوەدایە کە ناوەندێکی سەرەکی بازرگانی و ئابووریيە لە ناوچەی رۆژئاڤا و باکووری سووريا، وەک پایەیەکی گرنگی ئابووری و بازرگانييە بۆ هەسەدە. بە براورد بە شارەکانی تری سووريا، ژێرخانی ئەم شارە کەمتر وێران کراوە. هەر بۆیە تورکيا دەيەوێت بەشێکی زۆری ئاوارە سووريەکان لەوێدا نيشتەجێ بکات، چونکە خانو و شوێنی ژیانی ئامادەکراوی هەیە. ئەم ناوچەیە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی سووريا (M4) کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەیەکتر دەگەيەنیت، ئەم ڕێگایە بۆ هەموو لایەنەکانی ناو سووريا زۆر گرنگ و هەستيارە. ئەگەر داگيرکاری تورکيا نەمێنێت، مەنبج ناوچە کوردييەکانی رۆژهەڵاتی فورات وەک حەسەکە و قامشلۆ دەگەيەنیت بە ناوچە کوردييەکانی ڕۆژئاوای فورات وەک عفرين. هاوکات بەنداوی (تشرين) کە بەنداوێکی سەرەکیيە لە رۆژئاڤا و باکوری سووريا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دەکەوێتە ئەم شارەوە. ئەوەی تورکيا هەميشە باسی دەکات کە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی ٣٠ کم، بە بێ گرتنی مەنبج نایەتە دی.
ناوچەی تەل ڕەفعەت هاوسنووری عفرينە، ئەگەر تورکيا داگيری بکات ئەوا جگە لەوەی عفرينی داگيرکردووە و، کوردی لێ دەرکردووە، لە دەوروبەری عەفرينيش ئيتر کورد نامێنێت و بە تەواوی هەژموونی کورد دوور دەخاتەوە لەو شارە کوردستانييە.
ئەگەر تورکيا ئەو دوو ناوچەیە داگير بکات، ئەوا کۆبانێ و هەندێ ناوچەی تری رۆژئاڤا بە ئاسانتر دەگرێت، چونکە داگيرکردنی مەنبج، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داگيرکردنی کۆبانێ. جگە لەوەی داگيرکردنی ئەم شارە، لە ڕووی ئابووری و لۆجيستی وسياسیەوە گورزێکی گەورە دەبێت بۆ دەسەڵاتی هەسەدە. داگيرکردنی تەل رفعەت، واتە نەهێشتنی کاريگەری کورد لە نزيک عفرين. ناوچەی عەفرين بە براورد بە ناوچە کوردييەکانی تر، نزيکترين ناوچەی کوردييە لە دەریای سپی ناوەڕاست، داگيرکەرانی کوردستان بە گشتی زۆر مەبەستيانە کورد لەو ناوچەیەدا هيچ دەسەڵات و پێگەیەکی نەبێت. بەرخودان لە شاری مەنبج بۆ هەسەدە ئاسانترە، چونکە بەستراوەتەوە بە ناوچە کوردييەکانی ترەوە، هەر وەها تا ڕادەیەک سەر بە زۆنی ئەمريکایە، بەڵام هەميشە مەترسی و ئەگەری زۆر هەن هەسەدە تەل ڕەفعەت لە دەستبدات، بە تايبەت لەم هاوکێشە نوێيە.=
ئەگەر گروپە سوننييەکان پلانيان ئەوە بێت کە هەموو پارێزگای حەلەب بگرن، ئەوا بە دڵنياییەوە پەلاماری تەل رەفعەت و مەنبج دەدرێت، چونکە هەردووکيان بەشێکن لە پارێزگاکە. بە تايبەت ئەگەر فاکتەری تورکيا کە ئاماژەی پێکرا، لەبەرچاو بگرێن، ئەو ئەگەرە زۆر نزيک دەبێت. ئەوە ڕووبدات، بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتا هێرش دەکرێتە سەر تەل ڕەفعەت، چونکە لاوازترە و دابڕاوە لە ناوچەکانی هەسەدە و نزيکتريشە لە گۆڕەپانی شەڕەکە، مانەوەی بەند بوو بە ڕێککەوتنەکانی هەسەدە لەگەڵ ڕووسيا و ئەسەد، لەوە دەچێت هەردووکيان ناوچەکەیان چۆڵ کردبێت لە ئێستادا.
ڕۆژئاوای کوردستان پێویستە چی بکات؟
لەگەڵ هەموو ئەو مەترسييانەی کە باسکران، دەکرێت ئەم شەڕە هەلی گەورە و مێژوویی بڕەخسێنێت بۆ ڕۆژئاڤا، بە تايبەت ئەگەر شەڕەکە فراوانتر بێت.
١. مەزلوم کۆبانێ وتی ئەگەر هێرش نەکرێتە سەرمان، بێ لایەن دەبين لەم شەڕەدا. ئەمە بڕيارێکی عآقلانييە، چونکە شەڕەکە لە ڕاستيدا لە نێوان تيرۆری سوننی و تيرۆری شيعەیە، هەردووکيان دووژمن و هەڕەشەن بۆ کورد. تا لە یەکتر بکووژن و تا یەکتر وێران بکەن، بۆ کورد باشە.
ئەگەر دەرەفەت هەبێت ئەوا کارێکی زۆر گرنگە هەسەدە جۆرێک لە ڕێککەوتن و لەیەکتێگەيشتن لەگەڵ ئەو گروپە سوننيانە بکات، وەک چۆن لەگەڵ ئەسەد و ڕووسيا ئەنجاميدا، سەبارەت بە دوو پرس: هێرش نەکرێتە سەر مەنبج و تەل ڕەفعەت؛ ڕێگای نێوان ڕۆژهەڵاتی فوڕات ومەنبج کراوە بێت بۆ تەل ڕەفعەت. هەرچەند، ڕۆڵی تورکيا ئەم دەرەفەتە نزيک دەکاتەوە لە مەحاڵ، بەڵام دەکرێت دەستپێشخەری و پێشنيار بکرێت لە لایەن هەسەدەوە، بە تايبەت لەگەڵ ئەحراری شام کە تا ڕادەیەک کەمتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکيان.
٢. ئەگەر گروپە سوننييەکان هێرشيان کردە سەر هەموو پارێزگای حەلەب و هيچ دانوستان و گفتوگۆیەک قبوڵ نەکەن لەگەڵ هەسەدە؟
بە هۆی ئاڵۆزی هاوکێشەی سووريا و دابەشبوونی هێز و پێکدادانی لایەنەکان وهەژموونيان... پێويستە ڕۆژئاڤا چەندين جۆر سياسەت و سيناريۆ و پلانی جۆراوجۆر و جياوازی هەبێت بە پێی بارودۆخ و ناوچەکان. ئەگەر هێرش کرایە سەر هەموو پارێزگای حەلەب، پێموایە وا باشترە هەسەدە دوو جۆر مامەڵەی جياواز بکات. لە مەنبج دەکرێت خۆی ئامادە بکات بۆ شەڕ و پێکدادانی قوورس، بەڵام لە تەل ڕەفعەت پێويست ناکات قوربانييەکی گەورە بدات و وزەیەکی زۆر سەرف بکات. لە بارودۆخێکی لەو شێوەیە، شەڕکردن لە تەل ڕەفعەت، نزيکە لە خۆکووژی، بە تايبەت ئەگەر تورکيا بەشدار بێت، ئەمريکا قوورسە دەستتێوەردانی کاريگەر بکات. لە هەندێک بارودۆخدا، کشانەوە و قبوڵکردنی شکست، یان شەڕێکی ماوە کورت و بێ زیانێکی گەورەی مرۆیی و ژێرخان، شکستە لە شەڕێک و دەکرێت لە کۆتاییەدا سەرکەوتن بێت لە جەنگەکە.
٣. فاکتەر و ڕۆڵی ئيسرائيل دەبێت وەک فاکتەرێکی سەرەکی ببينرێت. گروپە سوننييەکان کە بانگەشەی جيهاد دەکەن، ئەگەر ڕێککەوتن هەبێت یان نا، ڕاستەوخۆ لە بەرەی ئيسرائيلن لەم شەڕەدا. تەنانەت لایەنگرانی بەرەی مقاوەمە بە جيهادييە سوننەکان دەڵێن مناڵەکانی نەتانياهۆ! ئيتر بۆچی دەبێت هەسەدە سڵ بکاتەوە لە پەيوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ ئيسرائيل، بە تايبەت هەسەدە هەرگيز وەک گروپە سوننييەکان درووشمی جيهاد و تەكبيری بەرز نەکردووەتەوە. ئەگەر بۆ جيهادييەک ئاسایی بێت دوای ١١ سەعات لە هەڕەشەکەی نەتانياهۆ لە ئەسەد، دوای چەند خولەکێک لە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی حيزبوڵا بەرانبەر بە ئيسرائيل، جيهاد ڕابگەيەنێت، بۆچی کورد دەبێت سوود لەو دەرەفەتانە نەبينێت کە ئيسرائيل درووستی دەکات!
ئەگەر ئەم شەڕە فراوان بێت و ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، گورزێکی گەورەیە لە بەرەی ئێران، بە تايبەت ئەگەر ڕێگری درووست بکرێت بۆ ئێران لە گەيشتن بە سووريا. ئەو کات هەسەدە دەتوانێت پێشنياری گرتنی هێڵی نێوان ئەلبوکەمال و تەنف بۆ ئەمريکا بکات. واتە بچراندنی هيلالی شيعی لە ناوەڕاستەوە، ئەو کات ئێران ناتوانێت بە ئاسانی بگاتە سووريا و لوبنان.
٤. لە چوارچێوەی ئەوەی لە خاڵی ٣ باسکرا، نزيکەی ساڵێک پێش جەنگەکەی ئيسرائيل و بەرەی ئێران، دەنگۆی ئەوە بەهێز بوو کە ئەمريکا دەيەوێت بنکە سەربازييەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووريا (ڕۆژهەڵاتی فوڕات) ببەستێتەوە بە بنکە سەربازييەکەی خۆی "التنف" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووريا. بەمەش هەمووی سنووری سووريا لەگەڵ عيراق و ئوردن دەچێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمريکا. لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکارەکان کە چەند ساڵێکە ئەمريکا هۆزە عەرەبييە سوننەکانی سووريا لەو ناوچانە پڕ چەک دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی ميليشيا ئێرانييەکان بکەن و دووریان بخەنەوە لەسەر سنوور. ماوەی پێشوو ئەمە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا لە ناوچەی ئەلبوکەمال. زۆربەی سوننەی عيراق و سووريا و دەوڵەتی ئوردن پشتگيری ئەم پلانە دەکەن. هاوکات، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکييەکانی ئيسرائيل.
دەوترێت ئەمريکا بە نيازە هەسەدە و هۆزە عەرەبييەکان و هەندێک لە گروپە ئۆپۆزسيۆنەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. بە پێی زانياری من، کە پشت بەستووە بە چەندين لێدوان ڕاپۆرت و هەواڵی ئينگليزی و ناوخۆی سووريا، لەگەڵ چەند کوردێکی ڕۆژئاوا کە ئاگاداری وردەکاری دۆخەکەن، هەسەدە ماوەیەک ڕازی نەبووە کە بەشدار بێت لەو پلانەی ئەمريکا، ئەوەش بە هۆی فشارەکانی ئێران لە ڕێگەی پەکەکەوە بۆ سەر هەسەدە. دەکرێت ئەوەش هۆکارێک بێت کە ئەمريکا دەيەوێت بۆ ئەو مەبەستە زیاتر پشت بە هۆزە عەرەبييەکان ببەستێت. هەندێک لەو هۆزە عەرەبييانە سەر بە هەسەدەن، یا پەيوەندييان باشە بە هەسەدەوە، ئەوەش خاڵێکی گرنگە.
بە پێی ئەو پلانە، ئەمريکا ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاتر دەکات، تا دەگاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووريا سەر سنووری ئوردن. ئەمە ڕاستەوخۆ لێدانێکی جيوپۆلەتيکييە لە ئێران و پڕۆژەکەی. هەسەدە بە فشاری پەکەکە، پێیوایە نابێت هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەی ئەمريکا، لە ئەگەری کشانەوەی ئەمريکا دەبێت دەرەفەتێک بمێنێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ سووريا و ئێران و ڕووسيا. ئەمە لە ڕوویەکەوە لۆژيکييە، بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە لەوانەیە لە دەستدانی هەلێک بێت کە دووبارە نابێتەوە. ڕوون و ئاشکرایە، بێ ئەمريکا ڕۆژئاوای کوردستان ناتوانێت بۆ یەک هەناسەش بەردەوام بێت. مەحاڵە بەرەی ڕووسيا و سووريا و ئێران و تورکيا ڕێ بدەن ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە. بۆیە هەرچەند خوێندنەوە و عاقلانيەت لە سياسەتدا گرنگە، بەڵام هەندێک کات لە بڕياری سياسی لەم جۆرە دۆخانەدا، لۆژيکی قومار هەیە، دەبێت یەکجار بڕيارێکی یەک لاکەرەوە بدرێت و بە تەواوی هەسەدە خۆی بداتە پاڵ ئەمريکا. ئەمەش بنەمایەکی لۆژيکی تێدایە، ڕۆژئاڤا ئەمريکا درووستی کردوە و دەيپارێزێت، هەر بە هۆی ئەمريکاوەش بەردەوام دەبیت. لەم کاتەدا، لەوانەیە ئەم بڕيارە سەرکێشی نەبێت و بەڵکو واقعی و عەقڵانی بێت.
ئەگەر ئەمە ڕووبدات، دەسەڵاتی رۆژئاڤا ڕووبەرێکی گەورە لە خاک بەدەست دەهێنێت، کە دوورە لە هەڕەشەی هێرشی زەمينی تورکيا، جگە لەوەی ناوچەیەکی زۆر گرنگ و هەستيار و ستراتيژی دەکەوێتە ژێر دەسەڵات کە دەتوانێت وەک کارت بۆ زۆربەی هاوکێشە سياسييەکان بەکاری بهێنێت. ئەگەر هەسەدە ناچار بکرێت بچێتە ناو ئەو شەڕەوە، پێموایە پێويستە وزەی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات و بەرەو باشووری سووريا تەرخان بکات، نەک بۆ رۆژئاوای فورات (جگە لە مەنبج).
وەک ئاماژەی پێکرا، ئەگەر دەرەفەت هەبێت، هەسەدە پێويستە تەنيا تەماشای شەڕی نێوان ئەو دوو بەرەیە بکات و بێ لایەن بێت، لاوازبوونی هەردووکيان واتە بەهێزبوونی ڕۆژئاوا. بەڵام ئەگەر ناچار تێوەگلا بەشەڕەکە، ئەوا پێويستە لە ناوچەکانی خۆی بەرگری بکات (لە تەل رەفعەت کشانەوە یان بەرگریيەکی کاتی بکرێت، چونکە بەرگرييەکی زۆر زیانی زیاترە لە سوود لەو ناوچەیە)، لە ناوچەی هێڵی ئەلبوکەمال-دێرزوور تاوەکو تەنەف هێرش بکات و بەرەیەکی تری شەڕ بکاتەوە، بێ گومان ئەگەر ڕەزامەندی و پاڵپشتی گەورەی ئەمريکا هەبێت.