دواین هەواڵ

کابينەکەی ترەمپ

‌رەنج نەوزاد

13/11/2024

بەشێک لەو ناوانەی کە لە لایەن ترەمپەوە دياريکراون بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستەکانی حکومەتی ئەمريکا، بووەتە مایەیی سەرنج و باس لە ميدياکان و لای چاودێرەکان.

١. بە پێی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ و بە پێی بانگەشەکانی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، ديارە حەزی لە جەنگ نييە. بەڵام بە پێی چوار ساڵی یەکەم و ئەو ناوانەی کە ئێستا دياريکراون بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستە گرنگەکانی ئەمريکا، ئەوە دەردەکەوێت ترەمپ لە ڕێگەی هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی هێز و سزای ئابوورييەوە دەيەوێت ڕێگە لە جەنگ بگرێت.

٢. ئەو کەسانەی کە دياريکراون بۆ پۆستە گرنگەکانی ئەمريکا زۆربەیان کەسانێکی توندن بەرامبەر بە نەيارەکانی ئەمريکا و باوەڕيان بە ترساندن و هەڕەشە هەیە نەک تەنيا دانوستان و ئامرازی ئاشتييانە.

٣. بە پێی کانديدەکانی ترەمپ ئەمريکای چوار ساڵی داهاتوو توندتر دەبێت بەرامبەر بە چين. لەوانەیە ململانێی ئابووری توندتر ببێت لە نێوان هەردوو دەوڵەت.

٤. چاوەڕوان دەکرێت سزاکانی سەر ئێران توندتر بکرێتەوە. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە شەڕی ئێران ناکەن، بەڵام لەوە ناچێت ئەوە بە دانوستان و ڕازی کردنی دڵی ئێران ڕووبدات، بەڵکو بە هەڕەشە و سزا و ترساندنی.

٥. کابينەکەی ترەمپ لەوە دەچێت لە ئاستی کابينەکەی نەتانياهۆ بێت بۆ بەرگريکردن لە ئيسرائيل. ئەگەر نەتانياهۆ ليستی وەزير و بەرپرسەکانی ئەمريکای دياريبکردایە، لەوانەیە هەر ئەم ناوانەی هەڵبژاردایە. هەر بۆیە لایەنگرانی ميحوەری مقاوەمە و بەشێک لە عەرەب دەڵێن کابينەکەی ترەمپ لەوەی نەتانياهۆ زايۆنيترە.

٦. بە پێی باگراوندی هەندێک لە کانديدەکان بێت، لەوە دەچێت قوورس بێت ئەمريکا بکشێتەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەستبەرداری کورد بێت لە باشوور و ڕۆژئاوا. چونکە کەسانێکی تيایە هەڵوێستيان دۆستانە و باش بووە لەگەڵ کورد لە ڕابووردوودا. ئەگەر کشانەوەی سوپای ئەمريکاش ڕووبدات لە سووريا و عيراق، لەوانەیە لە ڕێگەی دبلۆماسييەوە کورد بپارێزن لە هێرشی ئێران و تورکيا، بە تايبەت بۆ لەناوبردنی قەوارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان. ڕۆژئاڤا پێويستە پەيوەندييەکی شاراوە و هەواڵگری لەگەڵ ئيسرائيل درووست بکات بۆ کاريگەری درووستکردن لەسەر ئەمريکا.

٧. سەبارەت بە جەنگی ئۆکڕانيا و ڕووسيا، لەوانەیە ئەم کابينەیە جياواز بێت لەوەی بايدن. دەکرێت هەوڵی کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە بدات، بەڵام لەوە ناچێت بە سازشکردنی گەورە بۆ ڕووسيا ئەوە ڕووبدات.

٨. ئەگەر زۆرە لە چوار ساڵی ئايندە پەيوەندی ئەمريکا لەگەڵ سعوودييە و کەنداو بەهێزتر بکرێت. فشاری زیاتر لە ئێران دەکرێت. ئيسرائيل گرنگترين و سەرەکيترينە وەک هەميشە.

٩. ئەو خاڵانە سەبارەت بە سياسەتی دەرەوەی ئەمريکا بوو، ئەم ئيدارەیە هەوڵدەدات تەرکيزی زیاتری بۆ ناوخۆ بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP