دواین هەواڵ

بۆچی سەرکەوتنەکەی ترەمپ ڕووداوێکی سەير بوو؟

‌رەنج نەوزاد

08/11/2024

بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە لایەن ترەمپ بە سەرکەوتنێکی مێژوویی و گەڕانەوە مێژووییەکە وەسف دەکرێت لە لایەن زۆرێک لە ئەمريکی و تەنانەت لە جيهاندا. نەيارەکانيشی ناچاربوون دان بەو سەرکەوتنە گەورە و مێژووییە بنێن. بۆچی بردنەوەی ئەمجارەی ترەمپ جياواز بوو لە بردنەوەی سەرۆکەکانی تر و تەنانەت جياواز بوو لە سەرکەوتنەکەی ترەمپ لە ٢٠١٦؟

١. لە مێژووی ئەمريکادا ڕووینەداوە یان دەگمەن بووە کە کانديدێکی سەرۆکایەتی بە ئەندازەی ترەمپ دژایەتی بکرێت لە لایەن ميديا و دەستەبژێر و حکومەت و دەزگاکانيەوە. تا کار گەيشتە ئەوەی سەرۆکێکی پێشوو و کانديدێکی سەرۆکایەتی ڕۆژانە ببرێتە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەی وێنەیەکی وای لەسەر درووست بکەن کە ئەو کەسە سەرۆک مافيا و تاوانبار و کەسێکی بێزراوە، شياو نييە ببێتەوە بە سەرۆک.

٢. کارێکی زۆر قوورس و نيمچە مەحاڵە کەسێک بکەوێتە ململانێ بەرامبەر بە دەزگای ميديایی ئەمريکا (ميديا تەقڵيدی و ناسراوەکان). ئەو دەزگانە نەک هەر لەناو ئەمريکا، بەڵکو لەسەر ئاستی جيهان ڕۆڵی سەرەکييان هەیە لە درووستکردنی ڕای گشتی و هەقيقەت و ئاڕاستەکردنی مرۆڤ. هيچ کانديدێک بە ئەندازەی ترەمپ دژایەتی نەکراوە لە لایەن ئەو دەزگایانەوە. کەچی ترەمپ نەک هەر کەوتە ململانێ لەگەڵيان، بەڵکو سەرکەوت بەسەرياندا. لەوانەیە ڕووداوێکی دەگمەن بێت کەسێک بتوانێت لە دەزگا ميديياکانی ئەمريکا زیاتر کاريگەری هەبێت بەسەر کۆمەڵگەی ئەمريکی.

٣. ترەمپ لەو ململانێ قوورسەدا، پشتی بە چەند ئامرازێکی تر بەست؛ لەوانە توانا و وزەی خۆی، دەوترێت نزيکەی ٩٠٠ گوتار و سەردانی هەبووە لە چوارچێوەی بانگەشەی دەنگدان. تەنيا رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان ٧ چالاکی جيای هەبووە لە حەوت شوێنی جياواز کە گوتار و سەردانی خەڵکی کردووە. زۆر کات لە ڕۆژێکدا چووەتە بەردەم دادگا بۆ بەرگری لە خۆی و پاشان چووەتە ناو خەڵک بۆ بانگەشەکردن. ئەم وزە و توانایە هی کەسێکە کە تەمەنی ٧٨ ساڵە! پاشان ترەمپ و تيمەکەی پشتيان بە ڕاگەياندنی دەرەوەی ميديا تەقليدیيەکان بەست، وەک سۆشيال ميديا. ترەمپ یەک زەمينەی گرنگی بۆ ڕەخسا بوو کە ئاسان بوو پشتگيری لۆبی جوو-ئيسرائيل بەدەست بهێنێت، ئەمە لە هەندێک بارودۆخکدا قسەی کۆتایی و یەک لاکەرەوە دەکات. ترەمپ زيرەک و وردە، نەچوو لەبەر دەنگی ئيسلامی سياسی و بەشێک لە مسوڵمان و چەپەکانی ئەمريکا جووەکان نيگەران بکات. بەڵکو وەک هەميشە پشتگيریيەکی تەواوی ئيسرائيلی دەکرد لە گوتارەکانی.

٤. ترەمپ لە ماوەی ڕابووردوودا چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک دەست دەکات بە دژایەتيکردنی دەوڵەتی قووڵ. ئەمە شتێکی دەگمەنە بۆ کانديدێک بە ئاشکرا باس لەو پرسە بکات و هەڕەشەی لێ بکات. پاشان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت. لێرەشدا پەيوەندی باشی نێوان لۆبی جوو-ئيسرائيل وەک بەشێک لە دەوڵەتی قووڵ لەگەڵ ترەمپ، یارمەتيدەر بوو.

٥. زۆرێک لە کانديدەکان لەبەر دەنگی چەپ و بەشێک لە گەنجان ناوێرن بە ئاشکرا هەڕەشە و ڕەخنە ئاڕاستەی پڕۆژە و بيرۆکەی وەک گۆڕينی جيندەر و هاورەگەزخوازی و مناڵ لەباربردن... بکەن. ترەمپ بە ئاشکرا دژایەتی خۆی ڕاگەياند بۆ ئەو پرسانە، دەرکەوت زۆرينەی دەنگدەری گەنجی ئەمريکاش دەنگيان پێداوە. کەواتە زۆرينەی گەنجی ئەمريکا هاوڕای ترەمپن لەو پرسانەدا.

٦. یەکێک لە خاسيەتەکانی ترەمپ ڕاستگۆیی و سادەییە (بە براورد بە سياسی و سەرکردەکانی تر بە گشتی)، ڕاستە لە بنەمادا کەسێکی ملياردێر و هەر لە مناڵييەوە لە خێزانێکی دەوڵەمەند بووە، بەڵام ڕەفتار و شێوەی قسەکردنی سادە و ميللييە و نواندنی پێوە ديار نييە. هەر بۆیە کاريگەری گوتارەکانی بەسەر خەڵکەوە، زۆر لە ميديا زەبەلاحەکانی ئەمريکا و گوتارە فەرمی و فێڵاوييەکانی دەستەبژێری ديموکراتەکان کاريگەرترە. ئەمەش هۆکارێکە کە زۆرينەی چينی هەژار و مامناوەندی ئەمريکی دەنگيان پێداوە. زیاتر وەک کەسێکی ڕاستگۆ دێتە بەرچاو، موجامەلەی کەمە. بۆ نموونە ئاشکرا دژایەتی کۆمەڵێک بيرۆکە و پڕۆژە و گروپ دەکات، ئاشکرا پشتگيری کۆمەڵێکی تر دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی دژایەتييەکەی ژمارەیەک دەنگی لێ دوور دەخەنەوە.

بۆ نموونە ڕووبەڕوو و لەبەردەم ميدياکان بە ئەميری قەتەری وت کارێکی زۆر باشە کە بنکەیەکی سەربازی گەورەمان لە وڵاتەکەت کردووەتەوە بە پارەی خۆتان. یان وتی کە قاسم سلێمانيمان کووشت، ئێران پەيوەندييان کرد وتیان وەڵامێکی ڕەمزی دەدەينەوە قبوڵی بکەن. یا بە سعوودييەکانی وت ئێوە تەنيا پارەتان هەیە ئێمە دەتانپارێزين، بۆیە وەرن چەکمان لێ بکڕن. جارێکی بەشار ئەسەد وتی ترەمپ و بايدن و هەر سەرۆکێکی ئەمريکا بۆ ئێمە وەک یەکە، تەنيا جياوازييەکە ئەوەیە ترەمپ ڕاستگۆیە و ئاشکرا دەڵێت پارەی دەوێت و، بەرگی ديموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ناکاتە بەر سياسەت و داواکارييەکانی.

٧. گەڕانەوەی ئەمجارەی ترەمپ ڕووداوێکی دەگمەن بوو چونکە لە ٢٠٢٠ هەڵبژاردنەکانی دۆڕاند، پاشان لە ڕێگەی دادگا و ميديا و سياسەتەوە دەستکرا بە دژایەتييەکی زۆر گەورەی ئەو کەسە، ئينجا چەند جارێک هەوڵی تيرۆرکردنی درا... لەبری ئەوەی سەرقاڵ بێت بە خۆ دەربازکردن و پاراستنی ژیانی و ئەوەی کە هەیەتی، کۆڵی نەدا و دووبارە خۆی کانديد کردەوە و ئەمجارە سەرکەوتنێکی گەورەتری لە ٢٠١٦ی بەدەست هێنایەوە.

٨. ئەم هۆکارانە و چەندين هۆکاری تر وایان کرد هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەمريکا لە خودی ترەمپ کورتبکرێتەوە. تەنانەت ململانێکە وا باس دەکرا کە لە نێوان ترەمپ، نەک کۆمارييەکان لەگەڵ ديموکراتەکانە. ناو و کەسایەتی ترەمپ ئەمجارە نەک هەر پارتی کۆماری بەڵکو خودی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەی داپۆشی.

٩. دواجار لایەنێک هەیە لە ترەمپ سەرکەوتووتر و جێگيرتر، ئەويش ديموکراسی و یاسایە لە ئەمريکا. لە قوورسترين و ئاڵۆزترين بارودۆخدا، دەنگی زۆرينە و ديموکراسی و ئيرادەی خەڵک یاری پێوە نەکرا و لە کۆتاییدا هەر ويستی ئەو کرایە پێوەری سەرەکی. (ئەمە ڕێژەییە نەک ڕەها). ئەمريکا لەسەر کۆمەڵێک بنەمای زۆر پتەو درووست بووە، بۆیە چەندين نەيار و دووژمنی زۆر بەهێز و گەورەی هاتن و نەمان، خۆی هەر بە بەهێزی مایەوە. بنەماکانی پتەو و درووستن، دەيان قەيڕان و کێشەی گەورە تێدەپەڕێنێت، کە دەوڵەتان هەن بە یەکێک لەو قەيرانانە دادەروخێن. لەناوچەکەی خۆمان ئيسرائيل لەسەر کۆمەڵێک بنەمای پتەو درووستکراوە، تەماشای نەيارەکانی بکەن لەم ٧٥ ساڵەدا و تەماشای ئيسرائيليش بکەن.

١٠. ئەوەی لەسەرەوە باسکرا هيچ پەيوەندی بە چوار ساڵی داهاتووی دەسەڵاتی ترەمپ نييە، جارێ نازانين چۆن دەبێت و چی دەکات. تەنيا ئاماژە بە کەسێک درا، کە نموونەی ئيرادە و توانا و باوەڕبەخۆبوون و زيرەکييە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP