ماوەیەک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی ترسناکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بەفیڕۆدانی زیاتر لە ملیارێک تۆن خۆراک لەسەرانسەری جیهاندا لە لایەن خێزانەکان و کۆمپانیاکان بڵاوکرایەوە کە بڕەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار دەبێت ، لەناو لیستەکەدا شاری هەولێر-یشی تێدایە کە یەکێکە لەو شارانەی خۆراک بەفیڕۆدەدات و فڕەیدەدات ، فڕەدانی خۆراک جگە لەوەی لەڕووی ئایینیەوە گوناهە ، لەهەمان کاتدا هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی و گوێنەدانە ، بەفیڕۆدانی خۆراک پەیوەستە بە ئەخلاق و هەستنەکردن بەرانبەر ئەوەی تری برسی ، لەهەمان کاتدا زیانێکی خراپ لە کەلوپەلی خۆراک و دارایی دەدات ،
ئەمە زرەر گەیاندنە بە ئابووری وڵات و ، کاریگەریەکی سلبیشی هەیە بۆسەر ژینگە و تەندروستی و کەشوهەوا ، فڕەدانی خۆراکی زیاد بۆ ناو بەرمیلی زبڵدان کارێکە دژی شوکرانە و نیعمەتی خودایە ، وەرە سەیر بکە کە چۆن توشی سەدمە دەبیت کە دەبینی لە چێشتخانەکان و بوکگواستنە و یادەکان و داوەتکردن چ خۆراکێک فڕەدەدرێت !! ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕەفتاری ڕەوشتێکی باش نیە و ، پێویستە کێشەی بەفیڕۆدانی خۆراک بکرێتە ئەولەویەتی تایبەت ، چونکە پەیوەستیەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵک و بارودۆخیان و ڕەنگی ژیان و گوزەرانیان هەیە ، ئەم کێشەیە پێویستی بە هاوکاری هاوبەشی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو ئیسرافە گەورەیە دابنرێت بە گۆڕانکاریکردن لە ڕەفتارمان بەرانبەر خۆراک لە میانی دەزگاکانی حکومەت و ڕاگەیاندن و پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایانی ئایینی کە ئامۆژگاری و ڕێنمایی خەڵکی بکەن بۆ مەترسی بەفیڕۆدانی خۆراک و ڕاگرتنی ئەو دیاردە قێزەوەنە ،
زیاد ئیسرافکرن دیمەنێکی خراپە دەبێتە تێکچوونی پێوەرەکان و زەرەر گەیاندن بۆ خودی کەسی بەفیڕۆدەر و ئەوەی لە دەوروبەریەتی و بۆسەر کۆمەڵگەش ، پێشتر باوک و باپیرانمان سزای کەسە موسریفەکانیان بۆ دەهێناینەوە کە چۆن لەدواجاردا تووشی زەلیلیبوون و دڵشاکاندن و پەشیمانبوونەوە دەبوون ، ئێمە پێویستە رەخنە لەخۆمان بگرین رەخنەیەکی بونیاتنەر لەپێناو نیشتیماندا و ئەو بەفیڕۆدانە ڕابگرین کە بەردەوام مومارەسەی دەکەین ، بەفیڕۆدانی خۆراک لێکەوتەی جددی هەیە لەسەر ئاستەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی کە دەبيتە مایەی زەرەرێکی خەراپ بۆ خەڵک و نیشتیمان ، لەسەرمان پێویستە قەدەغەی خۆمان بکەین لە گوناهی بەفیڕۆدان و ، زبڵ و خاشاکەکەنمان شاهێدی ئەوەن کە چەند و چەند خواردن بەفیڕۆدەدەین و ، پێویستە کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری هەموو چین و توێژەکانی گەل بکرێتەوە بۆ ڕاگرتنی کاری نەشیاوی بەفێڕۆدانی خۆراک .