هەرێم نیوز
ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکی گرنگی لە پێودانگی شرۆڤەی سەرۆکایەتی ئەمساڵی ئەمریکادا هەبوو جا چ لە مشتومڕی ناوخۆیی لەناو دیموکراتەکاندا، یان بۆچون ویەقینەکانی کۆمارییەکاندا بێت، گریمانەیەکی بەهێز ناکرێت ئەمریکا بەدیموکراتەکان و کۆمارییەکانیشەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ بێت.
جەنگی ئیسرائیل لە غەززە درزێکی لەناو هاوپەیمانی دیموکراتەکاندا دروستکردبوو، هێشتاش درزەکە جێگەی مشتومڕە بەڵام ئێمە تەنیا دوومانگ و حەوت ڕۆژی دیکە لەوانەیە هەستی پێ بکەین، چونکو کە دیموکرات لە کۆنگرەو پیرانیش شکان، ئیتر کەس تا چوارساڵی دیکە سەربەدرگەیاندا ناکات.
بەم دواییانە زۆرێک لە بزوتنەوەی جەماوەریمان لە ئەمریکا دیتن، جیاوازی سەرەکی لە نێوان بزووتنەوەی لایەنگری فەلەستین و ئەوانی دیکە ئەوەیە کە لەبری ئەوەی هەوڵێکی جدی حزبی بێت و لە پڕاکتیکی دەوڵەتدا ڕەنگ بداتەوە ، کارێکی ناوخۆیی دیموکراتەکان بوو.
ڕاپرسیەکانیش دەریاندەخست کە دیموکراتەکان ئەوانەی هاوسۆزی فەلەستینییەکانن، دەیانەویست دەستبەجێ ئاگربەست بکرێت و پشتگیری لە ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکرد.
هەروەها نەیاندەویست ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا تێوەبگلێت.
ئەم مەیلە بازاڕێک بوو دیموکرتەکان خۆیان مارکێتینگیان بۆ دەکرد، نەشیانتوانی جەنگەکە بوەستێنن، لە ڕووی ناچاریش چەک بەردەوام دەچوە ئیسرائیل و بەسەر غەزرەدا دەباری، ئەمەش دووشتی لێ کەوتەوە، دابەش بوون لە ناودیموکراتەکان و بەفیڕۆدانی دەنگەکان.
بانگەشەیەکی بێ مانابوو، نەشەڕیان پێوەستاو نەهاوکاریان بۆ ئیسڕائیل کەم کردەوە، بۆیە تەنیا لە بەهۆی ڕیتۆریک و نەرمی نواندن بۆ ئێران پەیوەندییە مێژووییەکانی پارتی دیموکرات لەگەڵ ئیسرائیلیش ساردی زۆری تێکەوت، تەنانەت ژمارەیەکی پێوانەیی لە ئەندامانی کۆنگرێسی دیموکراتەکان واژۆیان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانە کردووە کە داوای ئاگربەست دەکەن یان داوای سنووردارکردنی ناردنی چەکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکەن.
لە بەرامبەردا کۆمارییەکان وانین و ناشبن. لەگەڵ مەڕشین و لەگەڵ گورگ شایی ناکەن، هەروا زاڵ و بەبڕیار دەمێننەوە، هەوێنی ئەم جەوهەرەش، لەلایەن ڕاستی مەسیحی و پاشماوەی بزووتنەوەی نیوکۆنسێرڤاتیڤەوە دێت، کە هەردووکیان جیهانبینییەکی تایبەتیان هەیە، ( بەشێک لە مەسیحییە کۆنسێرڤاتستەکان کە لە ئەمریکا لە ڕووی سیاسییەوە چالاکن، زۆرجار بانگەشە بۆ ئەو سیاسەتانە دەکەن کە هاوتەریب بن لەگەڵ بەها مەسیحییە ئینجیلییەکان یان نەریتییەکان. ئەوان بەو کەسانە ناسراون کە هەڵوێستی بەهێزیان هەیە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان (بۆ نموونە لەباربردن، هاوسەرگیری و ئازادی ئایینی) و زۆرجار ململانێ یان سیاسەتەکان بە زاراوەی ئەخلاقی، هەندێکجاریش ڕەهاگەرایی، چوارچێوەی بۆ دادەنێن. لەسیاسەتی دەرەوەدا پێداگیرن و پشتیوانی کردنی هاوپەیمانە جدییەکانیان بەکارێکی ئەخلاقی دەزانن.
لە سێ دەیەیی ڕابردوودا چیمان بینی؟ سەرەڕای تێچووی گیانی و دارایی ئەمریکا و تەنانەت شکۆو ناوبانگی ئەمریکا کە لە ئەنجامی شەڕە کارەساتبارەکانی عێراق و ئەفغانستانەوە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هەردوو ئەم ڕەوتە ئایدیۆلۆژییانە بەردەوامن لە بینینی ئەمریکا وەک هێزی بزوێنەر بۆ چاکە لە جیهاندا، تڕەمپ لە ڕووی بڕواو پڕنسیپەوە پێی وایە نوێنەر وهێزی چاکەیە.
لە شرۆڤەی بەرنامەی (دکتۆر بەهات)، لەگەڵ هەردوو دکتۆر بەهات حەسیب و سکۆڵەری کورد فاڕوق ڕەفیق جەختم لەوە کردەوە کە ترەمپی 2024 بەئەزموونێکی زیاترەوە کاردەکات، دیموکراتەکانیش میراتێکی پەسندیان لێی دەوێت، تێمەکەشی سەپۆرتی ئەم بۆچونەدەکەنەوە، بۆیە ئێمە تڕەمپێک دەبینین کە ڕەخنەکانی جۆن بۆڵتن تێدەپەڕێنێت و لوتبەرزییەکەی نامێنێ.
بۆیە گریمانە دەکرێت تڕەمپ و ئیدارەکەی وەک دوایین جار ناتەقلیدی و پێشبینی نەکراو بێت. بەو مانایەیی سەرەڕای خواستی خۆی بۆ دوورکەوتنەوە لە تێوەگلانی زیاتر لە شەڕەکانی دەرەوە، بەڵام پەیوەست دەبێت بە بیروباوەڕی لایەنگرانی بە سەروەری ئەمریکا و ڕاستگۆیی ڕەفتارەکانی بەرامبەر ئیسرائیل.
وای بۆدەچم ئەمریکا پێویستی بە بڕیاری جدی و کردەی یەکلایی کەرەوە هەیە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەردوو سیاسەتی ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێدەچێت زەرورەتی ئەم بیرکردنەوە نوێیە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەکۆڵانە خوێناوییەکاندا گەشە بکات نەک لە ئەمریکای ئارام.