یەکەم
دوو ڕۆژی دیکە، واتە ڕۆژی سێشەممە 5ی 11ی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆک و کۆنگرەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، براوە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە کۆشکی سپیدا دەبێت و لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە سەرۆکایەتیەکەی دەست پێدەکات.
ئەو( 47) ەمین سەرۆکی ئەمریکا دەبێت. تەواوی جیهان بەتایبەتی ناوچەکانی بەریەککەوتن لە نێویاندا لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەگەر هێشتا وردی بکەینەوە، ئێران، تورکیا، ئیسرائیل، حەماس و حزب اڵلە و دەیان لایەنی تری جوگرافیایی جیاواز کەلە جەنگ و ململانێوە گلاون بۆ وێنە (ڕوس و ئۆکراینا)، چاوەڕوانی نەتیجەی هەڵبژاردنەکە دەکەن و بەگوێرەی ئەمەش خۆیان ڕێک دەخەنەوە.
هەروەها خەڵکەکە دەنگ بە ئەندامانی کۆنگرێسیش دەدەن، کۆنگرەیەک کە ڕۆڵی گەورەی هەیە لە دەرکردنی ئەویاسایانەی کاریگەری قووڵیان لەسەر ژیانی ئەمریکییەکان هەیە.
هەڵبژاردنی پێشوو، لە 2020 بەهۆی جەنگی (Covid-19)ە وایکرد خەڵکی ئەمریکا زیاتر لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگ بدەن. ئەوکاتە وێڕای پەتاکە، پەتای ترەمپیش کە گومانی خستە سەر نەتیجەکان وجەختی دەکردەوە کە دەنگەکانی دزراوەن، هێندەی دیکەی لە ئەمریکییەکان شێواندبوو. لە شانسی ترەمپ ئەمساڵ زۆربەی ویلایەتەکان لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا بە ئامادەبوونی نوێنەری کاندیدەیتەکان و بەرپرسانی دیکە دەست دەکەن بە ژماردنەوەی دەنگە دراوەکان.
جگە لە کامالا هاریسی ٦٠ ساڵ لە کۆمارییەکان، کە وەک یەکەم ژن لە مێژووی ئەمریکادا دەیەوێت بێتە سەرۆک و
دۆناڵد ترەمپی 78 ساڵ، لە کۆمارییەکان، کە سێیەم جارە لەسەریەک خۆی بۆ کۆشکی سپی کاندیدەیت دەکات. ئەوا چەند کەسێکی دیکەش کاندیدەیتی سەرۆکایەتین لەوانە چەییز ئۆلیڤەری ٣٩ ساڵ، لە پارتی ئازادیخوازان، وجیل ستینی 74 ساڵ کە پزیشکە هەروەها وکۆرنێل وێستی ٧١ ساڵ، کە سەربەخۆ خۆی کاندید کردووە، هێشتاش کاندیدەیتی دیکە هەن.
١- (گرنگی جیهانی) هەڵبژاردنی ئەمریکا
جگە لە کارتێکردنی لەسەر ناوچەکانی جەنگ و ململانێ، ئەوا تۆنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو دادەنێت.
بۆیەش ئەنجامەکان کاریگەرییان لەسەر دیپلۆماسی جیهانی، ستراتیژی سەربازی، سزا ئابوورییەکان و سیاسەتەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان دەبێ و تەنانەت دەرئەنجامەکەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاسایش و ئابووری وداینامیکی سیاسی ناوخۆیی وڵاتانیش هەبێت.
٢- کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئێران/ سەرۆک کۆماری نوێ دەتوانێت هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی ئێرانەوە تاڕاددەیەک بگۆڕێت، لەوانەش ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سزاکان. کە بەگوێرەی سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتی نوێ گۆڕانکاری لە هەمبەر ئێران ڕەنگە گرژییەکان زیاتر بکات یان بە پێچەوانەوە پەیوەندی دیپلۆماسی پەرەپێبدات.
ئیسرائیل و فەلەستین/ هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین نەک تەنها کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر داهاتوی خاکە کێشەدارەکانی فەلەستین و دەوڵەتە عەرەبییەکانی دراوسێش هەیە.کە پرسە سەرەکییەکان بریتین لە یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، پرسی ئەو ئاگربەستەی چاوەڕێ دەکرێت، وپەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ گروپەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا، ملشیا سەرەڕۆکانی عێراق و وەکیلەکانی ئێران لەیەمەن و سوریا.
تورکیا/ لە 22 ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاڵۆزتر بوون، بەتایبەتی سەبارەت بە ناتۆ و ئامرازەکانی بەرگری، لە ڕێکخراوی بەرگری موشەکییەوە تا ڕۆڵی ناتۆ لە باکوری ئەفریقاو سوریا. ڕەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم پرسانە هەبێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا و کورد.
ڕووسیا و ئۆکرانیا/ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کاریگەری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیای لەسەرە، بەو پێیەی ڕووسیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سوریا و هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە. چۆن ئەمریکا پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکات و مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا دەکات، دەتوانێت هاوپەیمانییەکان بگۆڕێت و هاوسەنگی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئاقاری جیاوازدا ببات.
دۆناڵد ترەمپ
جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە، ئەمجارەش جەختی لەسەر ڕێبازێکی گۆشەگیرتر " واتە ئەمریکاو بەس " کردووەتەوە، کە کاریگەری لەسەر هاوپەیمانییەکان و پابەندبوونەکانی ئەمریکا دەبێت، پێشتر گوێمان هەڵوێستی ناوبراو وداوای کەمکردنەوەی بەشداری سەربازی لە دەرەوەی ئەمریکا کردووە، جا ئەگەر سەرکەوێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
بۆ کوردو هەرێمی کوردستان
ترەمپ مایەیی دڵەڕاوکێیەکی گەورەیە، ئەو کورد تەنیا لەدیدی بەرژەوەندی ئەمنی دەبینێت، تکایە ئەگەر سەرکەوت زوو پێشنیاری بۆ بکەن لە باشترین شوێنی هەولێر کۆمەڵگەیەکی گەورە و ترەمپ تاوەر دروست بکات.
هەوڵەکانی کامالا هاریس وەک یەکەمین سەرۆکی مێژوویی ژن، دیدێکی نوێ بۆ سیاسەتی دەرەوە دەهێنێت، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیپلۆماسی بەهێزتر دەکات.
بۆکورد کامالا هاریس زیاتر مایەیی پشت پێ بەستنە، ئەو لەپڕ دۆستەکانی ئەمریکا نائومێد ناکات، ئەمەیە کە من زۆر جارنوسیومە هاوکێشەی ناو کۆشکی سپی گەورەترین مەترسیێە لەسەر کورد..