دواین هەواڵ

سحری بەکارھێنانی زمانە کوردییەکەی پزیشکیان لە عێراق

‌شانیا محه‌مه‌د

پێش 4 هەفتە

هەرێم نیوز

یەکەم پەیامی مەسعود پزیشکیان بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە سەردانیکردنەکەی بۆ بەغدا بە زمانی کوردی گوتی: " سڵاومان ھەیە بۆ خەڵکی کوردستان سەردانیان دەکەین"، بەکارھێنانی زمانە کوردییەکەی پزیشکیان لە یەکەم سەردانیکردنی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ھەڵگری پەیامی بنەمای دراوسێیەتی باش ڕێزگرتنی کولتووری بوو.

   زانینی زمانی کوردی پزیشکیان دەگەڕێتەوە بۆ لەدایکبوونی ئەو لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و دایکێکی کورد بەڵام سحری بەکارھێنانی زمانی کوردی پزیشکیان لە کایەیی سیاسی و دبلۆماسیدا، بە تایبەتی لە سەردانیکردنەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین پەیامێک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دروستکردووە، کاتێک ھەردوو سەرۆککۆماری عێراق و ئێران لە دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە کوردی قسە دەکەن ھەڵگری پەیامێکی بەھێزی ستراتیجی دبلۆماسیی و نەرمە ھێزە بۆ وڵاتانی زلھێز بە گشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو ڕێککەوتی ١١.٩.٢٠٢٤، لەسەر بانگھێشتی فەرمی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد، ئەمە بەیەکەم سەردانیکردنی بۆ وڵاتان دێت لە دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە ٣٠ی تەممووزی ئەم ساڵدا. ھاوکات، کاتێک پزیشکیان گەیشتە ھەرێمی کوردستان سەردانی ھەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی کرد بەوھۆیەوە ھەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی نێوان دەسەڵاتدارانی ھەرێم و پزیشکیان بوو چونکە سەردانیکردنی سەرۆککۆماری ئێران لە دوای ماوەیەکی درێژخایەن بوو بۆ ھەرێمی کوردستان،

لەلایەکی دیکەوە ئەوەی جێگای باس و خواسی ھاوڵاتیان بوو زمانە پاراوە کوردییەکەی پزیشکیان بوو کە خەڵکی بە گرنگییەوە لەم بابەتەیان دەڕوانی ھەرچەندە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئێران پەیوەندییەکی مێژووییان ھەیە، لەگەڵیشیدا ئەو نزیکبوونەوە کولتووری و زمانەوانی و نەتەوەییە کاریگەری ھەیە بەڵام قسەکردنی زمانی کوردی پزیشکیان لە کۆبوونەوە گرنگەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان جێگە بایەخی خۆی ھەیە.

بەکارھێنانی زمانی کوردی لەلایەن سەرۆککۆماری ئێران سحرەکەی لە کوێدایە؟ لەم سەردانیکردنە سێ ڕۆژەی پزیشکیان و کۆبوونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەکارھێنانی زمانی کوردی دووباتکردنەوەی بنەمای دراوسییەتی باش و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە و گەیشتن بە ڕێککەوتنە سیاسی و ئابوورییەکانە ھەروەھا بوونی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕێژەی کوردێکی زۆر لە ئێران وادەکات سەرۆککۆمار لەم رێگە دبلۆماسی و ئاشتیخوازانەوە ڕێزگرتنی کولتووری نیشاندا و ئامانجی بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ئێرانییەکان و کوردەکان بوو ھەروەھا متمانەی کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور بەدەست بھێنێت. لەلایەکی دیکەوە، پەیام بوو بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و گشت ئەو دەوڵەتە زلھێزانە بەتایبەتی ئەمریکا کە چەندین ساڵە ئەم دوو وڵاتە کێشەو ناکۆکیان ھەیە و کە بەئەکیدی ئەمریکاش دەستێکی باڵای لە سیاسەتی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، ئەمە وەک یەکەمین ھەنگاوی نەرمە ھێز دەبیندرێت بۆ دەوڵەتێکی وەکو ئێران و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کولتووری وەچەرخانێک دەبێت، چاوەڕوانیش دەکرێت پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئێران زیاتر بەرەو ئاشتخوازانە بچێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP