دواین هەواڵ

ئەتوانین جارێکی تر ببینەوە بە قوربانی؟

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکەم جار کە  پێت هەڵدەکەوێ و دەکەوی خەڵکەکە دەترسن و  پەرێشان دەبن، بۆت رادەچلەکێن، بەزەییان پێتدا دێتەوە.
بەڵام بۆ دوەم جار کە دەکەویتەوە ئەمجارەیان خەڵکەکە قاقا پێدەکەنن. چونکە دوبارەیە.
ئەمە وێنەی درامی هەمو حاڵەتەکانی دوبارەبونەوەیە لە ژیانی بەشەردا، واتە هەمو دوبارەبونەوەیەک کۆمیدیایە.
(دوبارە بونەوەی مێژو کۆمیدیایە) ئەمە تێزێکی فەلسەفی بواری مێژوناسییە پێم وابێ تێزی (مارکسی فەیلەسوفە) کە پێی وایە مێژو دوبارە نابێتەوە مەگەر بەشێوە کۆمیدیەکەی نەبێت!
 من خۆم زۆر زۆر باوەڕم بەم تێڕوانینە  هەیە بۆ مێژو.
 ئەم تێڕوانینە دەرگا بەروی تێگەیشتنی زۆر گەورەو گرنگدا بۆ ئینسان دەکاتەوە
کاتێک باوەرت بەم تێزە هەبێت زۆر باش لە جەوهەری  شتەکان تێدەگەیت  
 لە زۆربەی بوارەکاندا دوبارەبونەوە هەرگیز وەک یەکەم جار نیە بەڵکو رێک پێچەوانەکەیەتی  
بە دوبارە بونەوە، تراژیدیا، دەبێتە کۆمیدیا تەنانەت دەکرێ کۆمیدیاش ببێتە تراژیدیا.
 هەقیقەت بە دوبارە کردنەوەو لاسایی کردنەوە دەبێتە فەیک ئەمە لەیەک کاتدا بۆ کاڵا وایە و بۆ کایە گرنگەکانی مێژوی ئینسانیش وایە 
بۆ نمونە ئێستا کایەیەکی گرنگی وەک تەسەوف و عیرفان ئەمەی بەسەردا هاتوە.
 لەکاتی خۆیداو لە ئەزمونی یەکەمدا عارف ئینتاجی عیرفانێکی پرشنگدار  دەکات بەڵام بە دوبارە کردنەوەی هەمان عیرفان دەبینی عارفێک دروستنابێ بەڵکو شتێکی تر دروستدەبێ کە سەدو هەشتا پلە پێچەوانەی کەسایەتی عاریفە..نامەوێ لێرەدا لەسەر ئەمە بوەستم ئیشێکی ترم بە نوسینەکەیە.
ئەوەی دەمەوێ لێرەدا بیخەمە رو بەکارهێنان و بیرکردنەوەیە لە دۆزی کورد بە میتۆدی (دوبارە بونەوەی مێژو)
ئایا ئەگەر مێژوی خەباتی کورد بە هەمان دەرەنجامی سەدەی پێشو بگاتەوە ئەوکات جیهان خۆی لە بەردەم چیدا دەبینێتەوە؟ خۆی لەبەردەم تراژیدیایەکی دیکە دا دەبینێتەوە وەک کەوتنی یەکەم یان خۆی لەبەردەم کۆمیدیایەکدا دەبینێتەوە وەک کەوتنی دوەم؟
ئایا  بەسادەیی دەڵێین وا مێژو خۆی دوبارە کردەوە یان نەخێر دەڵێین ئەمجارەیان جیهان خۆی لە بەردەم کۆمیدیایەکدا دەبینێتەوە بەناوی کۆمیدیای شکستی کورد!؟
زۆر بە ئازارە ئەمەی دەیڵێم بەڵام پێویستە وەک هۆشداریەکی توند ئێمەی کورد لەوە تێبگەین یەک رێگە لە بەردەمماندایەو دوەمی نیە نە رێگەی گەڕانەوەمان هەیەو نەرێگەی لادان و نەچانسی وەستان 
 وەک نەوەکانی ئیسراییل ئەگەر بەردەمیشمان دەریا بێت هەر دەبێ لێی بەین و بڕۆین.. گەڕانەوەیەک، وەستانێک، لادانێک، وچانێک چیە لە ئارادا نیە، ئەمە قەدەری ئێمەیە، دەبێ بڕۆین. ڕۆشتن بەرەو سەرکەوتن ، شکست دۆڕان بژاردەیەک نیە بۆ ئێمە، چونکە ئێمە چانسی خۆمان لە شکست لە قوربانی بون لە دۆڕان، لە مەزڵومیەت  تاقی کردەوە. 
تازە جارێکی تر ئێمەی کورد ناتوانین رۆڵی قوربانی بگێڕین.چونکە ئەو رۆڵەمان بینی و ئیدی دوبارە کردنەوەیەکیش لە ئارادا نیە. سیاسیەکانمان بەر لەهەرکەس دەبێ لەم هەقیقەتە تێبگەن.
هەردوبارە کردنەوەیەک بۆ رۆڵی قوربانی جگە لە بینینی رۆڵی (پەهلەوانی سێرک) کە خەڵکەکە دەخاتە پێکەنین شیتێکی تر نیە. 
 یان هەر دوبارە بونەوەیەکی تراژیدی(خوانەخواستە)  بۆ دۆخ و چارەنوسی نەتەوەکەمان جگە لە دوبارە بونەوەی کۆمیدیایەک شتێکی دیکە نابێت.
بۆیە مێژوی شکستی ئێمە دوبارە نابێتەوە تەنها بەشێوە کۆمیدیەکەی نەبێت.. ئەمەش دوا هۆشداریە بۆ ئێمەو لە پێش هەموانەوە بۆ سەرکردەو سیاسیەکانمان کە دەبێ زۆر بە باشی گوێی لێبگرن.جارێکی تر چانسێک لە ئارادا نیە یان سەرکەوتنە یان ….. چوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP