دواین هەواڵ

یەمەن لە نێوان پێشڕەوی حووسییەکان و ڕێککەوتنی ژێربەژێری ئێران و عەرەبستاندا

‌مەیسەم مورادی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

دوێنێ باسی سێ نەخشەی شەڕی یەمەنم کرد، وتم گرنگترینیان محوەری الحدیدە—»المخا—»بابولمەندەبە. ئەمڕۆ شەڕەکە لەم میحوەرەدا لە ئاستێکی وێرانکەردا بوو؛ بەپێی هەواڵەکان، حووسییەکان پێشڕەویەکی زۆریان کردووە و بەندەری المخا کەوتە دەست حووسییەکان.
هێزەکانی «مقاومة الوطنیە» باس لەوە دەکەن عەرەبستان «خەیانەتی» کردووە لێیان و بۆردوومانەکانی بەردەوام نەکردووە.

عەرەبستان زۆرجار لەگەڵ حووسییەکان دانوستاندنی ژێربەژێری هەبووە، بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا عەرەبستان پارەیەکی زۆری بە حووسییەکان دەدا، بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر عەرەبستان. کارناسێکی یەمەن باسی لەوە دەکرد کە حووسییەکان داوای پێنج میلیارد دۆلاریان لە عەرەبستان کردووە بۆ ئەوەی جەنگەکە ڕاوەستێنن.
ئەمجۆرە لە هەڵسوکەوتەی حووسییەکان، عەرەبستان دەخاتە نێوان دوو بژاردەوە کە هەردووکیان زیانبارە.
بەهەرحاڵ، لەم چەند ڕۆژەدا باسی زۆر دەکرا کە گوایە حووسییەکان بە ئاسانی تێکدەشکێن، بەڵام ئەوە ڕاستی بابەتەکە نەبوو. 
هەمووکات لە باسی پێوەندیدار بە حووسییەکان وتوومە:
حووسییەکان هیچێکیان بۆ لەدەستداین نییە، بۆیە بڕوایان بە هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە و لە هێرشەکانیاندا تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنن. تاکە ڕێگەی پاشەکشەپێکردنی حووسییەکان، بوونی هێزێکی چەکداری بەهێزە لەسەر زەمین و پاڵپشتیەکی قورسی ئاسمانیە. ئەگەر ئەم دوو بابەتە پێکەوە نەچنە پێشەوە، تێکشکاندنی حووسییەکان ئاسان نییە.

تێبینی یەکەم: پێموایە دانوستاندن و گفتوگۆی ژێربەژێری ئێران و عەرەبستان لەسەر یەمەن دەستیپێکردووە. 
تێبینی دووەم: هێشتا زووە بۆ ئەوە باس لە یەکلاییبوونەوەی سنوورە ناوخۆییەکانی یەمەن بکرێت. ئەگەری پاشەکشەکردنی حووسییەکان لە «المخا» هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP