دواین هەواڵ

کاریگەری دەنگە بەفیڕۆچووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەسەر پێگەی کورد

‌شانیا محه‌مه‌د

01/01/2024

لەپاڵ گۆڕانکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستەواژەیەکی نوێی هاتە کایەوە بۆ کوردەکان ئەویش، بەفیڕۆچوونی دەنگی کورد لە ئەنجامەکاندا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە کۆی گشتی زیاتر لە 43 هەزار دەنگی کورد بە فیڕۆچووە.

لە دوای ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی عێراق لە پاییزی 2019ـدا، دواتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کۆتاییهێنان بە کارەکانیان کە ئەمەش لەسەر خواستی خۆپیشاندەران بوو، لە رۆژانی 16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 پارێزگا بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچووە کە لەدوای ساڵی 2013ـەوە کە دەکاتە زیاتر لە 10 ساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەنجام نەدرابوو، ئەوە لە کاتێکدا لە پارێزگای کەرکووک لە دوای ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە دەکاتە 18 ساڵ جارێکی دیکە پراکتیزە بووەوە.

بەپێی دەستووری عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی فراوانیان هەیە، لەژێر کۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیی هیچ وەزارەتێکدا نین، هەروەها سیستمێکی دارایی سەربەخۆیان هەیە و دەسەڵاتی دانانی بودجەی زۆرێک لە سێکتەرەکانی وەکو پەروەردە و تەندروستییان هەیە. ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دەسەڵاتەکانیاندا نزیکن لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە رووی چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسان، بەو پێیەی بنەمای یاسایییان هەیە بۆ دانان یان لەکارلابردنی پارێزگار.

دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئاشتییانە بۆ گشت نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق گرنگییەکی ئەوتۆی هەیە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق بە تایبەت پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێگەی بایەخ و گرنگی هەبوو بۆ کورد، چونکە دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە توانیان دەنگ بە لیستی کوردی بدەن، بەڵام لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کورد نەیتوانی زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت و بتوانێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک تاک لایەنە یەکلایی بکاتەوە بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی نفوزی سیاسی و ئیداری خۆی بۆ شارەکە بدات کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەدەستیدابوو.

بەرواردکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە نێوان ساڵانی 2005 و 2023ـدا

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ـدا، نوێنەری لیستە براوەکانی بۆ پڕکردنەوەی ٤١ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک داندرا بوو، کورد لە چوارچێوەی لیستی برایەتیدا بەشداری کرد و سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی 26 کورسی لە کۆی گشتی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە، لەو کاتەدا کورسییەکانی لیستی برایەتی دابەشکرابوون: حەوت کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، پێنج کورسی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێ کورسی بۆ هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان، دوو کورسی بۆ کاندیدەکانی پێکهاتەی عەرەبی، دوو کورسی بۆ کاندیدانی سەربەخۆ، و یەک کورسی بۆ هەریەکە لە تورکمانەکان، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان و کریستیانەکان.

ڕێژەی بەشداریکردن 76% بوو لە هەڵبژاردن، ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2003ـەوە کورد زیاتر لە 50%ـی کورسییەکانی لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کەرکووکدا بەدەستهێنا بوو.

لە هەڵبژاردنی 2023ـدا، نوێنەری لیستە براوەکانی بۆ پڕکردنەوەی 15 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دیاری کرابوو، لیست و هاوپەیمانی پارتە کوردییەکان لە کەرکووک لە کۆی 15 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە حەوت کورسییان بەدەستهێناوە، تەنها دوو لیستی کوردی کورسییان بەدەستهێنا هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، دوای بەدەستهێنانی157 هەزار و 649 دەنگ، پێنج کورسییان بەدەستهێنا، هەروەها لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە 52 هەزار و 278 دەنگ دوو کورسی مسۆگەر کرد.

رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان 66% بوو، کە وەک بەرزترین ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریکرا.

پێگەی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2017

لەدوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2023، هێزە کوردییەکان (پێشمەرگە) کۆنترۆڵی ناوەندی شاری کەرکووکیان کرد، بەڵام رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 دۆخی شارەکەی گۆڕی. تا پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، کورد لە کەرکووک پۆستی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری چەند قەزا و ناحیەیەکیان بەدەستەوە بوو جگە لە چەندین پۆستی کارگێری و ئەمنی گرنگی دیکەی پارێزگاکە.

هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد هۆکارێک بوون بۆ کەمبوونەوەی دەنگی کورد لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە کاتێکدا لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردنەکانەوە دەنگۆی کەمکردنەوەی دەنگی کورد بۆ بەفیرۆچوونی دەنگەکانی لیستی نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و پارستی سۆسیالیستی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە.

لێرەوە ئاماژە بە چەمکی بەفیڕۆچوونی دەنگ دەکەین:

برییتیەلەو دەنگە یاساییەی کە بەدەست هاتووە لە پێدانی دەنگ بە لیست و کاندیدەکە بەڵام لە کاتی کۆکردنەوەی دەنگەکان بۆ پرکردنەوەی کورسی تەواوەتی، توشی کێشەی پڕکردنەوەی دەنگی پێویست بۆ کورسییەکە دەبێت، بۆیە دەنگەکان بەفیڕۆدەچن و دەسووتێن، بۆنموونە یەک کورسی یەکسانە بە 100 هەزار دەنگ لێرەدا زیاتر پارتە بچووکەکان زیانیان بەردەکەویت و ناتوانن دەنگی پێوسیت کۆ بکەنەوە کۆمەڵێک داتای فەرمی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەخەینەڕوو سەبارەت بە دەنگە بەفیڕؤچووەکان.

دەنگە بەفیڕۆچووەکانی کورد لەسەر ئاستی پارێزگاکانی کەرکووک، سەلاحەدین، دیالە، نەینەوا زیاتر لە 43 هەزار دەنگ بەشێوەیەک دەنگە بەفیڕۆچووەکان لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک بەوشێوەییە: (هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکووک 6879 دەنگ، سۆسیال دیموکراتی کوردستان 397 دەنگ و نەوەی نوێش 25610 دەنگ.

دەنگە بە فیڕۆچووەکان لەسەر ئاستی پارێزگای سەلاحەدینیش بریتییە لە هەزار و 415 دەنگ. هەروەها دەنگە بە فیڕۆچووەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دیالە زیاتر لە 1200 دەنگە. لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەواش چەند هەزار دەنگێکی دیکەی کورد بەفیڕۆچووە بەتایبەتی بەهۆی بەجیا بەشداریکردنی یەکێتی و سۆسیال دیموکرات و حزبی شیوعی کوردستان لە هەڵبژاردنەکە لە پارتی زۆرینەی دەنگی پارێزگایەکەیە.

کەواتە ئەگەر بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هاوشێوەی 2005، کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کردبا، ئەنجامەکان و پێگەی کورد بەهێزتر دەبوو، هەروەها دەتواندرا ‌لێکەوتە سیاسییەکانی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی لەدەستدانی 51%ـی خاکی هەرێم، چارەسەری ئەرێنی بووایە.

کاریگەی دەنگە بەفیڕۆچووەکان لەسەر پێگەی کورد

بێگومان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاری و ئەمری واقع دروست بووە، هەر لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی بەڕیوەبردنی کەرکووک لە لایەن حکومەتی عێراقی و ڕێگریکردنی هەڵبژاردنی نوێ لە ساڵی 2013 لە کەرکووک، هەروەها بە نیشتەجێکردنی زیاتری نەتەوەی عەرەب لە کەرکووک و ململانێی هێزە کوردییەکان کاریگەری لە بەڕێوەبردنی ئەم شارە هەبووە، بۆیە لەدەست دان و بەفیڕۆچوونی هەر دەنگێک لە کورد گرینگییەکی زۆری هەیە لەسەر پێگەی لە شارەکەدا چونکە کەمبوونەوەی دەنگێک لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار وئەندامانی دوورتر دەبینەوە، ئەوەی کە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن پێشنیازیان کردبوو کە کورد بە یەک لیست دەتوانێت پێگەی بەهێزتر بکات و هەم بەیەک پاکێج بەشداری دەکرد و هەمیش کاریگەری سیستمی سانتلیگۆ کەمتر دەبووەوە، هەمیش دەنگی پڕ بایەخی کورد بە فیڕۆنەدەچوو، چونکە بەدەستهێنانی پێگەی بەهێزتری کورد لە شارەکەدا هەیمەنەی زیاتر زاڵ دەکات بە هۆکاری ئەو گرنگیە زۆرەی کەرکووک لەنێو پارێزگاکانی عێراق جیاکراوەتەوە، بەو پێیەی بە یەکێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دادەنرێت بەپێی ماددەی 140ی دەستوور کە لە ساڵی 2005 پەسەندکراوە، جگە لەوەی 6 کێڵگەی نەوتی گەورەی تێدایە کە یەدەگەکەی بە نزیکەی 13 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی ستراتیجی دادەندرێت و پێویست هەر شارێکی کوردی، کوردستان خۆی بەڕێوەی بەرێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP