دواین هەواڵ

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم لە دیوێکی دیکەدا

‌کریستین کارۆخ

28/07/2024

بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسا هاوشانی سەرۆکەکانی دنیاو بەشداری لە کردنەوەی ئۆلۆمپیادی پاریس، لە ماناکردنەوەی سەردانەکەدا هەر بە تەنیا رووداوێکی وەرزشی نییە، بەڵکوو نیشاندنی پێگەی کوردو کوردستانە لە ناوچەکەدا، هەر لە پێشوازی و گرینگیدان بە سەردانەکە دەرکەوت کە فەڕەنسا بەچاوی هەرێمێکی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت کە گرینگترین ناوچەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەر ئەمەش وایکردووە پێوەندییەکانی کوردستان و فەڕەنسا لەرووی سیاسیی و دیپلۆماسی و ئاساییش ساڵ لەدوای ساڵ قوڵتر ببن و پێوەندییەکە ببچێتە قۆناغێکی تازەوە.

گرینگی دانی بەردەوامی فەڕەنسا بە کورد، دەرگای وڵاتانی دیکەی ئەورووپایی هاوشێوەی فەڕەنسا بۆ کورد کردووەتەوە، چونکە فەڕەنسا وڵاتێکی زلهێزە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی دەولییە، کاریگەی زۆری دەبێ کە وڵاتانی دیکەی زلهێز و کاریگەر، بەو قورساییە گرینگی بە هەرێمی کوردستان بدەن. بابەتەکە تەنیا رووداوێک نییە تێپەڕێ، بەڵکوو نیشاندانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاڵ سەرۆکی فەڕەنسا و سەرکردەکانی دیکەی جیهان، پێمان دەڵێت کە لە دوای جەنگی غەززە هاوپەیمانێتی کورد و فەڕەنسا جێگیرە و لە قوڵایی ستراتیژیی دایە، فەڕەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا پابەندن بە گەشکردنی هەرێمێکی بەهێز کە کوردستانە، وەک پێگەیەکی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و سەقامگیر بۆ رۆژهەڵاتی ناوین کە لە ئێستاوە ئەم پێوەندیانە دەرخەری ئەو ئومێدەن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتووی هەرێم لەگەڵ وڵاتان دەستی پێکردووە.

پاشخانی پێوەندییەکانی نێوان کورد و فەڕەنسا کە ئەم پیوەندییە بەهێزەی لێ دروست بوو، بۆ ساڵانی 2014 بۆ 2017 دەگەڕێتەوە، بەتایبەت شەڕی داعش، فرانسوا ئۆلاند سێ جار پێشوازی لە سەرۆک بارزانی و بزووتنەوە گەورەکەی کرد، فەڕەنسایش لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بووەتە ھاوپەیمانێکی جیدی کورد لە ناوچەکەدا، ئەمەش دەرفەتی کوردی زیاتر کرد کە لە رۆژئاوا ببێتە متمانەپێکراوێکی ھاوبەش کە تا ئێستا ئەم ھاوبەشییە بەرەو قوڵایی زیاتر ھەنگاو دەنێت.

دانیێل میتران، هاوسەری سەرۆکی پێشووی فەرەنسا، ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ڕازیکردنی حکومەتی فەرەنسا بۆ دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ کوردستان، کە ئەم ھەنگاوە بووە ھۆی بەھێزبوونی پێگەی کورد لە ناوچەکە.

ئەو پێوەندیانەی ئێستای کوردیش لەگەڵ فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان، بریتییە لە دروستکردنی حەسانەیەکی دیپلۆماسی و هاوبەشی بۆ قەزیەی کورد لە ناوچەکەدا کە ئەم گرینگدانە لە ئێستاوە دەکرێ وەک بناغەی داهاتوو سەریربکەین و دەرگای دیکەش لە داهاتوو بۆ جموجۆلی نوێتر و هەنگاوی تر بەرەو گەشەکردنی زیاتری دیپلۆماسیەتی هەرێم دەکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP